ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لەگەڵ کۆرۆنا لەژوانداین

چیا یاسین

من و کۆرۆنا جارێکی تر ژوانمان بەست
من چەند میهرەبانبم لەگەڵی ئەو زیاتر ئازاربەخشە…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

ئەو بە ددانەکانی گاز لەهەموو جەستەم دەگرێ منیش ناتوانم ڕێگری لێ بکەم…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

ئەو شەوانە ناهێڵێ هەناسەیەکی ئارام و خەوێکی خۆشم لێبکەوێت هەر ئەمدیوو ئەودیوم پێدەکات…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

ئەو لەبەیانیاندا بە تامەزرۆییەوە قوڕگم دەگرێت و بەخەبەرم دێنێ و دەبێت خێرا گەرووم تەڕ کەم…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

هێندە پەیوەستە پێمەوە منیشی پەیوەست کردوە بەخۆیەوە ناهێڵێ جگە لە ئەو بە هیچ شتێکی ترەوە خەریک بم…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

هەندێکجار هێندە بەتوندی باوەش بەسەرمدا دەکات خەریکە کەللەم دەتەقێنێت ئاوا خۆشەویستیەکەی دەردەبڕێت…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

دەستەکانی لەکەمەرم توند کردوە دەمگوشێ کەناتوانم پاروە نانێک بەتام و لەزەتی دڵ بنۆشم…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

ئەی خودایە ئەمە چ خۆشەویستیەکە کە جگە لە ژان و ئازار هیچ چێژێکی دیکەی تیا نیە
بەپەنجەکانی لوتی گرتووم و لێوەکانم ووشک هەڵگەڕاون بەهەناسە
جارجاریش هێندە خۆیم لێ دەئاڵێنێت خەریکە دەمسوتێنێت مەگەر دوشێک بەپاراستۆڵەوە بەفریام بکەون…ئاخر چونکە ئەوە سروشتی ئەوە

تامەزرۆم بۆ تەواو بوونی ئەم ژوانە ناحەزە من حەز بە فەنابوونی ئەو محبوبە م دەکەم کە لە ژوانیدا جگە لە ئازار هیچی ترم پێنابەخشێت…
زۆر کات و کار و شوێن وبەشێک لەژیانم لەم ژوانەدا لەکیس دەدات…
هێندە خۆپەرستە دەبێت تەنها هی ئەو بم و بەسس…
ئەی خوایە ئەمە چ خۆشەویستیەکە
کاتژمێر و شەو وڕۆژ دەژمێرم تا ژوانمان بەکۆتا بێت
من دڵم تەواو لێی کرمێیە و بڕیارمداوە بۆ ئەبەت لێی جیاببمەوە بەڵام واخۆم نیشان نادەم نەوەک زیاتر هۆگرم ببێت هەروەختێک کاتی ماڵئاوایی هات بەساردیەکەوە پێی دەڵێم ماڵئاوا بڕۆ قەد نەتبینمەوە ئەم ڕێگەیەی بەرەو منت دێنێت وونی بکە جەستەی منیش لە خەون خەیاڵەکانت دەرکە و هیچ کاتێک نەیەیتەوە سەری. لەبیری بکە یارێکی دەستەمۆت هەبوە، تکایە بڕۆ قەد سەر بەم ماڵەدا نەکەیتەوە چونکە لێرە خێزانێکی جوان و بەوەفا سەریان پێکەوە ناوە تۆ ناتوانیت هیچ کات لێکمان بکەیت …

هاوشێوە

ڤیدیۆ