ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

دەبێت هونەر زادەی ژینگەو خەیاڵی نێو دەورو بەربێت

هەرچەندە شێوەکاری پیاو بیەوێت وەک زمانحاڵی ژن بێتە دەنگ، پێم وانیە بتوانێت بەتەواوی پەی بەەقوڵای دنیایی مێینەببات

گوڵاڵە حەمید بەرهەمی خۆی تەنیا بە تراژیدیای ژنانی دەڤەرەكەی خۆی قەتیس نەكردووە، بەڵكو وەك ژنێكی شێوەكار لە هەر شوێنێك پڕكێشی كرابێتە سەر شكۆی ژنانی وڵاتەكەی، لە هەر گۆشەیەكەوە تاریكایی و لێڵایی تەم و گومانی بەسەر دنیای ژنەوە دیبێت، هاتووەتە دەنگ، زمانی ستاتیكای خۆیی كردووەتە گوتارێكی كارا و كاریگەر، بۆ ئەوەی خەمی قووڵی ژنانەی پێ بخاتە روو.

لە رووی تەكنیكەوە كاری بەو ئاراستەیە كردووە، شێواز و ستایلی خۆی هەبێت، ئەم هەوڵەی ئەویش تا رادەیەك بە ئاكام گەیشتووە و، رایەڵێكی بەتین لەنێوان مرۆڤ و شوێن دروست دەكات، بە جۆرێك وەك دوو فیگەر ئاوێزانی یەك دەبن، ئەوان دەبن بە دوانەیەكی لە یەكدی دانەبڕاو و ئاوێتە بە یەك، كە لە تەواوی ئەو هەوڵەی خۆیدا دەیەوێت هونەر زادەی ژینگە و خەیاڵی نێو دەوروبەر بێت، ئەمەش مۆركی خۆماڵی و تایبەتمەندی بە هونەر دەدات، بۆیە دەبینین پەنجە مۆری شوێن و رواڵەتی ژیان و ژینگە بە چڕی خۆی لە تابلۆی ئەودا دەنوێنێت.

گوڵاڵە حەمید مامۆستایە لە بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری و خۆشی هەر دەرچووی ئەو پەیمانگایەیە ، ئەو لەسەر کارە هونەرییەکانی دەڵێت: هونەر زۆر جار دەرهاوێشتەی دیاریدەکانی سەردەمە، بۆیە پێویستە هەمیشە پەیامی هەبێت، توانیومە لەسەر بابەت و ڕووداوە کاریگەرەکانی ڕۆژ پەیامی هونەریی خۆم هەبێت، لە نمونەی یادی ئەنفال، ژینگە، تەندروستیی، دیاریدە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت شوێنەوارەکانی عێراق و کوردستان و شاری کفری، چونکە پەیامی هونەریی زووتر دەگاتە جێ.

ئەم ژنە بەهرەمەندە ، یەکێکە لە شێوەکارە دیارەکانی شاری کفریی، جگەلەوەی لەوەی تائێستا چەندین پێشانگای هونەریی کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا ڕێچکەشکێنیی کردووە و گروپێکی ژنانی شێوەکاریشی لە کفریی دامەزراندووە، کە ئێستا یەکێکە لە گروپە چالاکەکانی گەرمیان و لە زۆرینەی بۆنە و یادەکانی سنوورەکەدا بەرهەمی خۆیان نمایش دەکەن.
لەبارەی دامەزراندنی گروپەکەوە دەڵێت: دامەزراندنی گروپی کیژانی شێوەکاری کفری دەسپێکێکی گرنگ و کاریگەربوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن تواناکانی خۆیان ڕێکبخەنەوە و پێشکەشی بکەن، هەستمان بەوە کرد بەشداریکردنی ژنان وەک پێویست نییە لە چالاکییە هونەرییەکاندا، پێداویستی وایکرد کە بیر لە دامەزراندنی گروپێکی ژنان بکەینەوە، لە ئێستادا ئەم گروپە ئەندامی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان و عێراق هەیە خاوەنی فیستیڤاڵی ژنانە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بۆیە بەبێ گوێدانە هیچ شتێک توانیمان کچانی بەهەرەمەند بهێنینە پێشەوە.
باس لەوەش دەکات، کە توانیویەتیی بە پشتیوانیی خێزانەکەی بەسەر سەرجەم لەمپەرەکاندا سەربکەوێت، تا ئەو ئاستەی گروپی کیژانی شێوەکاری کفریی دابمەزرێنێت و پەرەی پێ بدات .

یەکەم پێشانگات ناوی چی بوو لەکوێ کردتەوە؟؟؟

یەکەمین پێشانگەی شێوەکاری تایبەتم بەناونیشانی (( تریفەی رەنگی گوڵاڵە )) لە سەرای کفری لەلاین بەرێز کاک قوباد تاڵەبانیەوە کرایەوە ، لە دانشتنێکی تایبەتدا داواکاری کردنەوەی گەلەریەکی شێوەکاری مۆدێرنمان گەیاندە بەرێزیان .
ئەمەش بایەخێکی گرنگی هونەری دەبێت بۆشاری کفری و کوردستان و عێراق ، دەیەها هەلی کارلەشارەکە
هەروەها لەو پێشانگایەدا زۆربەڕێز
کاک قوباد بەڵێنی نوژەنکردنەوەی
“سەرای کۆنی”کفری دا.
“سەرای کفریی “کە یەکێکە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی ئەو شارە و مێژوویەکی دێرینی هەیە کە بووەتە بەشێک لە شوناسی ئەو شارۆچکەیە و مەترسیی لەناوچوونی لەسەربووە

ئەو شانازیی بەو کارەی خۆیەوە دەکات و دەڵێت: ئەوە دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ بایەخدان بە شوێنەوارە کۆنەکانی کفری، شانازیی دەکەم کە بەهۆی کارەکەی منەوە بڕیاری نۆژەنکردنەوەی سەرا درا، کە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەک دەبێت.
نۆژەنکردنەوەکە ئێستادا لەقۆناغی کۆتایدایە

ئازارەکانی ژنان بەگشتیی لە کارەکانی گوڵاڵەدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەنگ دەداتەوە، وەک خۆی دەڵێت: ئازارەکانی ژنان بەشێوەیەکی زۆر باش ڕەنگدانەوەی لەناو کارە هونەرییەکاندا هەیە، هەر لە فرۆشتنی کچانی شەنگالەوە بیگرە تاوەکو خەم و ئازارەکانی کچانی کۆمەڵگاکەمان، وە بەشێک لە تابلۆکانیش سەرکەوتنەکانی ژنان نیشان دەدات .
ئەو شێوەکارە هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیاتر پەرەدان بە هونەر لە سنوورەکەدا و بەرجەستەکردنی بەهرەکانی ژنانی ناوچەکە، لەو پێناوەشدا بەردەوام خولی شێوەکاریی دەکەنەوە، خۆی دەڵێت: بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان، ئێمە چەندان خولی شێوەکاریمان لە گەلەری شێوەکارانی کفری کردووەتەوە، بۆ پێشخستنی تواناکان، ئەم خولانە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لەسەر پێشخستنی توانا هونەرییەکانی ژنان و چەندین فێرخواز سوودمەند بوون لە خولەکانمان.

دوایین پرۆژەی ئەم ژنە هونەرمەندە پرۆژەیەکی نێودەوڵەتییە لەسەر تاقانەکانی ئەنفال لە ناوچەکەدا، بەمشێوەیە باس لە پرۆژەکەی دەکات : لە ئێستادا سەرقاڵی پرۆژەیەکی هونەری نێودەوڵەتیین لەسەر تاقانەکانی ئەنفال، کە ژمارەیان ١٣٨ کەس دەبێت لەسەرتاسەری کوردستان، داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بایەخی تایبەت بەم پرۆژەیە بدەن، چونکە پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە.

چاو پێکەوتنی
هەنی گەرمیان

هاوشێوە

ڤیدیۆ