ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنان و کچانی گەرمیان دەیانەوێت ببن بە نوسەر و رۆژنامەنوس

هــەنــــی زیــرەک/ گــــەرمــیـــــان

ماوەیەکە گروپێک کچ و ژن لە کەلار لەرێگەی پرۆژەیەکەوە بەناوی “قەڵەمی ژن” کۆدەبنەوەو کار لەسەر ئەوە دەکەن لەرووی نوسین و رۆژنامەوانییەوە پەرە بە خۆیان بدەن، هاوکات خۆیان و دەورو بەر بە مافەکانیان ئاشنا بکەن.

رێزان حەسەن، خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەکەیە دەڵێت،
“لەرێگەی پرۆژەکەمانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ژنان و کچانی گەرمیان بتوانن وتار و لێدوانیان بۆ رۆژنامە و کەناڵ و سایتەکان هەبێت، سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی ژنان، هاوکات بتوانن لە دەزگا راگەیاندنەکان بنوسن”.

رێزان، بیرۆکەی پرۆژەکەی ئێستایان دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 2016 ئەو دەمەی گرووپێکی کچانی خوێنەر بوون بە ناوی گرووپی”یارانی کتێب” و ئێستاش بە پرۆژەی “قەڵەمی ژن” درێژە بەو رێگەیە دەدەن.

سەرپەشتیارانی پرۆژەکە سەرەتا کە بەرنامە رێژییان بۆ پرۆژەکە کردووە وایان دانابوو کە مانگێک بۆ دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام بڕیاریانداوە ماوەکە درێژبکەنەوە، بۆئەوەی ژنان و کچان ، لە چۆنیەتی نووسینی وتار و بەکارهێنانی سەرچاوە، دروست نووسی و خاڵبەندی، چۆنیەتی لێدوان و گوزارشت لە خۆکردن رابهێنن.

جیهان محەممەد، بەڕێوبەری کتێبخانەی گشتیی گەرمیان ؛
سەبارەت بە پرۆژەی “قەڵەمی ژن” دەڵێت، “بەداخەوە رەوتی ژیان بۆ هەموو ژنێک لەبار نەبووە، تا خۆی پێبگەیەنێت، بۆیەو بە هەماهەنگی ئەو مرۆڤە ژیان دۆستانەی کە لەم بوارەدا ئەسپی خۆیان تاوداوە، پرۆژەی “قەڵەمی ژن” ئەنجام دەدەین و تەنیا ژنان بەشداردەبن تیایدا، هەروەک دەمانەوێت ژنانێکی بەهێز لەرووی مەعریفییەوە پێبگەیەنین”.

جیهان، زیاتر قسەیکرد و بابەتی پرۆژەکەی بەستەوە بە کێشەو گرفتەکانی ژنانەوەو وتی، “ئەگەر ژنان هۆشیار بن، ناکەونە ژێر هیچ فشارێکەوە، کە زۆرجار ئالۆزییەکانی ژیان دروستی دەکات، هەروەک دەبێت ژنان ئەو هۆشیارییەیان هەبێت کە بەربەست و ئازارەکانی هەموومان یەکە و یەک ئامانجە”.

بەشداربووانی پرۆژەکەش کە ژنان و کچانن قسەی خۆیان لەسەر پرۆژەکە هەیە و، بە دەرفەتێکی دەزانن بۆئەوەی زیاتر توانای رۆشنبیری خۆیان لە بواری نوسین و رۆژنامەوانی فراوان بکەن.

مەریەم عەلی، بەشداربوویەکی پرۆژەکەیەو و لە هەمانکاتدا رۆژنامەوانە، ئەو باس لەوەدەکات، کە خۆی ئەگەرچی پێشتر هەندێک لە بنەماکانی نوسین و کاری رۆژنامەوانی زانیوە، بەڵام پرۆژەکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کە زیاتر فێربێت، ئەوەشدەڵێت ، “ئامانجم لەم پرۆژەیە ئەوەیە کە ئەزموونێک فێرببم لەژیان و بتوانم زیاتر قوڵببمەوە.”

ڕێواز عوسمانیش بەشداربوویەکی دیکەیە، وتی، “ٸامانجی من ئەوەیە بەشێوازێکی جوان فێری داڕشتنەوەی نوسین بم لەو بوارەی ئەمەوێت، جگە لەوەی فێری شێوازی پرسیار و مامەڵەکردن لەکاتی گفتوگۆ بەتایبەت پرسیارەکان ببم”.

رێواز، پەیامی بۆ ژنانی دیکە هەیەو جەختدەکات، “خولیای شتێکمان هەبوو با هەوڵی بۆ بدەین و هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان”.

ئەگەرچی چەندین رێکخراوی پەیوەست بە مافی ژنان هەن و لە پێشوودا رۆڵ و کاریگەرییان هەبووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە لەسەر ئاستی تاک کاری لەسەر کراوەو توانراوە بهێنرێتەبوون.

هاوشێوە

ڤیدیۆ