لە ژێر درووشمی “بەتەنیانیت لە گەڵتاین بۆ بەرەنگاری ژنكوژان” لە تەلاری تەوار دووەم رۆژی كەمپینی یەك هەفتەیی بەرەنگاری ژنكوژان بەرێوەجوو
پاش نیوەرۆی ئەمرۆ، بەئامادەبوونی سكرتێر و ئەندامانی زۆرێك لە رێكخراوەكانی ژنان، رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان، خوشكان، ئافرەتان، چالاكوانان و رۆشنبیران لە دووەم رۆژی کەمپینەکەدا گفتوگۆکانی ژنان بەردەوام بوو
لەو كۆبوونەوە فراوانەدا، كافیە سڵێمانی سكرتێری یەكێتی ژنانی كوردستان وێرای سوپاسی بۆ رێكخراوەكان ئامانج و ستراتیجی كۆبوونەوەكەی بۆ ئامادەبووان خستە روو.
هاوژین زیبا، سەرپەرشتیاری فێمێنیزمی رۆشنگەری و ئەندامی لیژنەی بەرێوەبردنی كەمپینەكە ئاماژەی بەوەکرد، هەر كارێك بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی و بەتایبەت توندوتیژی دژی ژنان گرنگ و پێویستە و بەرپرسیاری هەر تاكێكی كۆمەڵە. بەڵام ئەركی سەرەكی دەسەڵاتی هەر وڵاتێك سەقامگیركردنی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیانە.
وتیشی، مایەی خۆشحاڵییە كە لە ئێستادا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی وەرگرتووە و هیوادارین كاری جدی بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە كوشتن و توندوتیژییەكانی ژنان.
هەروەها شنۆ نوری چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان سەبارەت بە کەمپینەکە ووتی” دەستخۆشی لە یەكێتی ژنانی كوردستان ئەكەم كە ئەم كەمپینەیان راگەیاندووە. ئەمە كەمپینێكی گرنگە چونكە ئەم هەڵویستەی كاك قوباد وەكوو سیاسیەك گرنگی خۆی هەیە. “.
لەلایەكیترەوە د.لاسك ئەرسەلان بایز، لێپرسراوی سەنتەری جێندەری زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد” ئێمە و خوێندکارانی زانكۆی سلێمانی بەژداردەبین لەم كەمپینەدا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن نوێنەری رێكخراوەكان و ئامادەبووان بەكۆی دەنگ هاوهەڵوێستی و پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامی کەمپینەکە راگەیاند.