لەدرێژەی چالاكییەكانی كامپینی (بەتەنیا نیت… لەگەڵتاین بۆ بەرەنگاری ژنكوژان) كە یەكێتی ژنانی كوردستان رایگەیاندووە، چەندین چالاكی لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان بەدەوامە.
لقی راپەڕین
ئەمڕۆ لقی ڕاپەڕینی یەكێتی ژنانی كوردستان، لەگەڵ رێكخراوەكانی ژنانو رێخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیو بەرێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ پشتگیری و یەكهەڵوێستیو پێكەوە بەرەنگاری ژنكوژان كۆبۆوە.
لەكۆبوەنەوەكەدا بیرو را سەبارەت بە بەرنامەی كاروچالاكییەكان بۆ كامپینكە ئاڵۆگۆڕ كرا.
لقی دوكان
لقی دوكانی یەكێتی ژنانی كوردستان و ژمارەیەك لە چالاكوان و نوێنەری رێكخراوكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ولایەنو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت و ناوەندی ئەكادیمیو رۆشنبیرییو ژنانی سەربەخۆ لەبارەگای لقی دوكان كۆبونەوە.
ئامانجی كۆبونەوەكە پشتگیری كامپینی بەتەنیا نیت لەگەڵتاین بۆ بەرەنگاری ژنكوژان بوو، كە تیایدا بڕیاری هەڵمەتی واژو كۆكردنەوە دراو هەمان رۆژ لەبەردەمی لقی ژنانی دوكان و لەسەر شەقامی گشتی هەڵمەتی واژو كردنەكە دەستی پێكردو چەندین واژو كۆكرایەوە.
لقی چەمچەماڵ
ئەمڕۆ لقی چەمچەماڵی یەكێتی ژنانی كوردستان لەگەڵ ڕێكخراوەكانی ژنانو ڕێكخراوە مەدەنییەكان و نوێنەری قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و لیژنەی ئاشتەوایی دادگای چەمچەماڵ و پارێزەران و بەرێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و مامۆستایانی ئاینی و ڕۆشنبیرانو كەسایەتی یەكسانیخواز و ئازادیخوازان سەبارەت بە پشتگیری و یەك هەڵوێستی كامپینەكە كۆبونەوە.
هاوكات ئەم لقەی یەكێتی ژنانی كوردستان وەك تۆڕی ڕێكخراوەكانی ژنان و ژمارەیەك لە ڕێكخراوە مەدەنییەكان و چالاكوانان، لەبەردەم دادگای چەمچەماڵ كۆدەبنەوە.
بڕیاروایە لەو كۆبونەوەیەدا كە سبەینێ یەكشەممە ئەنجام ئەدرێت یاداشتێك ئاراستەی دادگای چەمچەماڵ بكەن.
لقی سۆران
لەدرێژەی چالاكییەكانی كامپینەكەدا، ئەمڕۆ لقی سۆرانی یەكێتی ژنانی كوردستان، هەڵمەتێكی واژو كۆكردنەوە بۆ پشتگیریو یەكهەڵوێستی كامپینەكەیان ئەنجامدا.