مەهسا ئەمینی قوربانیی بیرێکی تاوانبار، نەک لەچکێک!
بەڵێ، داگیرکار بکوژە، ئەشکەنجەدەرە، تاڵانچییە. ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێ نییە. مێژووی مرۆڤایەتیی پڕە لە نموونەی دڕندەیی داگیرکار.
هەمان مێژووش بە بەڵگەوە پێمان دەڵێت کە داگیرکار دەتوانێت ئیمپراتۆرێکی بێ ئایین بێت یان ئیمپراتۆرێکی ئاینداربێت.
گەڕان بە دوای چەوساندەوەی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی کارێکی زۆر باشە.
یەکەمین قوربانییەکانی سیستەمی داگیرکاریی بە دڵنیاییەوە منداڵان و ژنانن، ئینجا ئەوانی دیکە.
جوێنەکانی بندەست و سەردەست هەر بۆ ژنانن.
مەهسا ئەمینی هەروەکو بە سەدانی دیکە لە ژنان مرۆڤێکی کوردی قوربانی ژێر دەسەڵاتێکی داگیرکەرە جا لە ئێران بێت یان لە تورکیا و سووریا و ئێراق، بەڵام پێش هەر شتێک قوربانیی بیروباوەڕێکە کە خۆی بە ڕاستیی ڕەها دەزانێت. قوربانیی دەستی ئەو تاوانبارانەیە کە پێیان وایە ژن مرۆڤ نییە، بەڵکو کۆیلەیە.
ئەری بێگومان، سووتاندنی لەچک بەشێک لە داخی دڵ دائەمرکێنێ، تووڕەییەک خاو دەکاتەوە بەڵام سەرچاوەی ئەو تیرۆرە، سەرچاوەی تیرۆرکردنی ژنان لەچک نییە، بەڵکو داسەپاندنەکەیەتی!
سەرچاوەکەی ئەو بیرەیە کە پێی وایە مافی بڕیاردانی لە سەر هەموو ژیانی ژن هەیە، لە بچووکترین هەست و بیر و هزرییەوە تا دەگاتە بچوکترین بەشی جەستەی کە رەنگە نینۆکێکی بێت.
دەسەڵاتی داگیرکار پیاوسالارێکی کۆنەپەرستە بۆیە هەتا بیری کۆنەپەرستی دژە ژن هاوئاهنگ لەگەڵ داگیرکار بخوێنێت، زەحمەتە تۆڵەی خوێنی مەهسا ئەمینی بکەینەوە.