سروە رەحمان
دەمەوێت لەگەڵ پیرۆزبایم بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی ژنانی كوردستان، باسێك لە شۆرشی ژینا و سەقز و ژن و ژیان بكەم، زۆرێك لە شارەكانی دنیا دەبنە خاوەنی ناوێكی تایبەت و ئەو ناوەش دەبێتە رەمزێك بۆ ناسینەوە و بەباڵای ئەو شارەدا دەكرێت. بەمەرجێك ئەو شارە مێژوویەكی هەبێت لەگەڵ ئەو نازناوەدا و لەگەڵ رۆژگاردا باڵابكات و سەوزببێت. لە 33 ساڵی رابردوودا ئەو دەمەی ئاسمان رەشی پۆشی بوو بۆ مەرگی هەڵەبجە و خۆر شەرمی دەكرد تەماشای زەوی بكات لە بەرامبەر هاواری ژنە خنكاوەكانی عەرعەردا، لەو كاتەی هەموو شتێكمان كۆكردەوە لە شۆرش و عەشق و ژیان، دامان بە كۆڵی نائومێدیدا و لەو دیوی سنوری بە زۆر دیاریكراوی باشوری كوردستانەوە شادرمانەوە. لەو رۆژگارەدا و لە هەناوی سەقزەوە، لە كوچە بە زۆر داپۆشۆراوەكانی ئەوێوە، لە نێو ماڵێكی پەنجەرە شینی ئەو شارەدا، دەستەیەك ژنی دڵ و چاو رووناك، دەست و پەنجە سپی و نەرمكراو لەگەڵ ئازارەكانی نیشتیماندا پەیامی (ژن ، خەبات ، ژیان )یان راگەیاندوو رێی خەباتی پڕ لە مەترسی ژیان و كلتور و داب و نەریت و سیاسەتیان گرتەبەر، بۆ كردنەوەی دەرگایەك بەرووی تاریكی بیر و هزری دواكەوتووی ئەو دەمە و رووناككردنەوەی رێگەیەكی پڕ لە هەورازی ئازادی ژن و تامكردنی ژیانێك لە دادپەروەری و یەكسانی.
ئەو چرایە تا ئێستا دەسوتێ بۆ روناكی ئەو ژیانەی ژن دەیخوازێ، ئەو خەباتە بەردەوامە و كاروانێك ژن لە نێو ئەو كەشتیەدایە كە پێی دەوترێ یەكێتی ژنان، ئەو ئازادییەش سەوز بووە خەریكە سەری دەگاتە ئاسمان. ئەوەتا دیسانەوە لە نێو كوچە و كۆڵانەكانی سەقزەوە لقێكی برینداری ئەو نەمامە باڵا سنەوبەرییەی ژن دیسانەوە دەژییەتەوە و بەمردنی ژیان ئامێزی (ژینا) شۆڕشێكیتری ژنان لە ئاسۆی ئەوشارەوە دەژییتەوە بە دروشمی (ژن ، ژیان ، ئازادی) دوو شۆرش لە دوو زەمەنی جیاوازدا و لەیەك شاردا بەیەك ئامانج و یەك دروشم لە پێناوی ژیاندا و بەدەستی ژن، بۆیە دەشێ ئەم سەدەیە سەدەی شۆرشی ژن و رزگاری مرۆڤایەتی بێت لە دەستی كۆیلایەت و داب و نەرتێك كە بۆنی ژیانی لێنایەت، كاتی ئەوەش هاتووە ئەم شۆرشانە یەكگرنەوە و ببنە هێزێك بۆ جوانتركردنی ژیان و ئاسۆیەك بۆ یەكسانی و دادەپەروەری. سەقزیش ببێتە پایتەختی ژن و ژیان.
بەرز و پیرۆزبێت (ژن خەبات، ژیان) بەردەوامبێت (ژن، ژیان، ئازادی).