ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

وەرگێڕی رۆمانی پیتە سورەكە لەكەلارەوە باس لە ئەزموونی خۆی دەكات

لە شاری كەلار ژنێك دەبێتە وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی و بەرهەمەكانیشی پڕفرۆشترینن لەشارەكەدا. وەك خۆیشی دەڵێت” خۆم حەزم لەم كارە بوو ئامانجەكەیشم گەورە بوو لە ڕاستیا ئامانجی گەورە پێویستی بە هاندان نییە”. ئاشتی ساڵح مامۆستای زمانی ئینگلیزی و وەرگێری كورتیلە چیرۆك و رۆمانەكانە لەكەلار.

لە دیدارێكی تایبەتی تۆڕی میدیای تەواردا مامۆستا ئاشتی دەربارەی یەكەم هەنگاوی لە بواری كاری وەرگێراندا ووتی” لە ساڵی 2019 یەكەمین بەرهەمم وەرگێڕا كە ئەویش ڕۆمانی”پیتە سوورەكە” بوو، هەرچەند چاپكردنی دواكەوت بۆ ئەمساڵ، بەڵام پێش ئەوەیش هەر وەرگێڕانم دەكرد بۆ كورتیلە چیرۆكی منداڵان و وەرگێڕانی فیلمم دەكرد بۆ ماڵپەڕە كوردییەكان”.

ئەگەر مرۆڤ خەونی گەورەی هەبوو دەشێ‌ خۆی رێگەكان تاقی بكاتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی خاتوو رەنگە پێویستی بەوە نەبێت كەس هاندەری بێت،(ئاشتی) یش وادەڵێت” هیچ كەس هاندەرم نەبوو چونكە خۆم حەزم لەم كارەبوو ئامانجەكەیشم گەورە بوو، لە ڕاستیا ئامانجی گەورە پێویستی بە هاندان نییە. بەڵام وەكوو دەستگرتنی دەزگاكانی چاپكردن بە سوپاسەوە دەڵیم كە یەكەمین دەزگا ناوەندەی ڕۆشنبیری ئەدیبان بوو كە هاوكارم بوون بۆ چاپكردنی بەرهەمەكانم، لەگەڵ ئەوەیشدا فیدباكی خوێنەران گەورەترین دڵخۆشیمە لە دوای هەر وەرگێڕانێك كاتێك دەبینم بابەتەكانم دەگات و خوێنەری هەیە. زیاتر سووردەبم لە بەرەوپێشچوون و هەوڵدان بۆ بەرهەمی باشتر.

لە بارەی ئەو كتێب و چیرۆكانەی كاری تێداكردووە مامۆستا ئاشتی دەڵێت” ئەو كتێبانەی كە چاپكراون زۆربەیان بابەتی پەروەردەیی و منداڵانن، لەم دواییەیشدا ڕۆمانێكم چاپ بوو. ئەوەیش دەكەوێتە سەر خواستی دەزگاكان بۆ هەڵبژاردنی بەرهەمەكان. بۆ زمانیش تەنها لە زمانی ئینگلیزییەوە وەردەگێڕم چونكە خۆم دەرچووی بەشی ئینگلیزیم”.

هەروەها مامۆستا ئاشتی لە بارەی بەرهەمی نوێوە بۆ خوێنەرانی شارەكەی و ژنانیش بەتایبەتی وتی” لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی ڕۆمانێكم كە هەم نووسەرەكەی ژنە و هەم باس لە ژیانی ژنایەتی خۆیشیی دەكات. لە ڕۆمانی پیتە سوورەكەیشدا نووسەر ئاماژەیەكی زۆری بە هەوڵ و تواناكانی ژنان كردووە لە درووستنكردنی گۆرانكاریی لە كۆمەڵگەدا و گەورەیی ژنی باسكردووە. بەڵام بابەتی تایبەت بە ژنانم وەرنەگێڕاوە چونكە لە ڕاستیدا وەرگێڕان بۆ من پڕكردنەوەی ئەو كەلێنانەیە كە لە كتێبخانەی كوردیدا هەیە.

ئەو باسی لە فیت باگی خوێنەر كرد بۆ بەرهەمەكانی و وەك هاندەرێكی سەرەكی باسی كردن و سەرباری ئەوەش پرس بەكەسە نزیكەكانی دەكات و وەك خۆیشی ووتی” خوێنەران بە پلەی یەكەم هۆكارن بۆ ئەوەی هەوڵی باشتربوون بدەم، بەڵام وەكوو كەس و هاوسەر و هاوڕێ نووسەر و خوێنەرەكانم هۆكاری بەردەوامی منن، هەندێكجار ڕای ئەوانیش وەردەگرم لە كاتی هەڵبژاردنی بابەتێك یاخوود پرسیاریان لێدەكەم دەربارەی ئەو بابەتانەی كە كتێبخانەی كوردی پێویستیی پێیانە. بۆیە ڕای ئەوان بە پلەی یەكەم بۆ من گرنگە. چونكە ئەگەر هەر بتەوێ وەرگێڕانەكانت زۆربن بەبێ ئەوەی بابەتێكی بەپێزبێ، یان دەبێ وریا بیت باشترین بابەت وەربگێڕی و بابەتەكانت بابەتی سەردەمبن”.

هەروەها وتیشی” من پێموایە ئەگەر وەرگێڕ تەماحی بە ژمارەی كتێبە وەرگێڕدراوەكانی بێت ئەوا بێگومان دەست بۆ هەموو جۆرە كتێبێك دەبات، لێت ناشارمەوە كە كتێبی خراپیش هەیە كە چاپ دەبێت و دەچێتە بەر دەستی خوێنەران، بەڵام وەرگێر دەبیت زۆر وریا بێت لە هەڵبژاردنی بابەتدا، چونكە بەڕاستی زۆر بەداخەوەم كە ئەوە دەڵێم كتێبخانەی كوردی پڕی بووە لە كتێبی بێ سوود كە مرۆڤ دەیانخوێنێتەوە و لەو سەرەوە دەبینێت هیچ سوودێكی لێ نەبینیووە. لەم نێوەندەیشدا تەنها خوێنەران قوربانین.

دەمەوێت بڵێم مەرج نییە بابەتی سەردەم بابەتی گرنگ بێت، ئەوەتا بەداخەوە دەزگاكانی چاپكردن هەموویان ئەو كتێبانە چاپ دەكەن كە لە دەرەوە پڕفرۆشن، بەڵام زۆربەیان كتێبی باش نین و بەناوی گەشەپێدانەوە خەریكی بازرگانین بە مێشكی خوێنەرانەوە، نموونەی ئەو كتێبانەیش وەكوو: ڕێگاكانی دەوڵەمەندبوون، نهێنی ژنان و پیاوان، دەستگرتن بەسەر مێشكی خەڵكی…هتد بەراستی ئەم جۆرە كتێبانە جگە لە بازرگانی هیچی ترنین و لە ژێر ناونیشانی سەرنجڕاكێشدا بە ملیارەها دۆلار پارە قازانج دەكەن لەسەر حسابی دەروونی خوێنەران. بۆیە من پێموایە وەرگێڕ دەبیت وردبێت لە هەڵبژاردنی بابەتی بەسوود و پێویست بۆ كۆمەڵگە، نەك بابەتی پرفرۆش و سەردەمییانە”.

خاتوو ئاشتی جگە لەوەی باسی بەشداری خۆی كرد لە پیشانگەكانی كتێبدا باسی لە چەندین ژنیتر كرد كە لە گەرمیان توانای باشیان هەیە لە كاری وەرگێراندا دەشڵێت” لە گەرمیان وەرگێڕی ژنی زۆر باشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە كە تاوەكوو ئێستا كەمیان دەرفەتی چاپكردنیان هەبووە، هیوادارم كە لە داهاتوودا ئەوانیش ببن بە خاوەنی بەرهەمی چاپكراوی خۆیان، لە پێشانگەی هەولێردا دوو بەرهەمم لە دوو دەزگای جیاواز(تاڵ و شیرین، لە ناوەندی ئەدیبان) و (پیتە سوورەكە، لە دەزگای كولتوور) پڕفرۆش بوون. هەردوو بەرهەمەكە وەرگێڕان بوون، من تاوەكوو ئێستا هیچ بەرهەمێكی نووسینم نییە كە چاپكرابێت و لە ئێستایشدا هیچ بەرنامەیەكم بۆ دانەناوە و پێمخۆشە هەر خوێنەر و وەرگێڕبم”.

هاوژین شكور: گەرمیان

هاوشێوە

ڤیدیۆ