جەژن یەکێکە لەو داب ونەریتانەی کەلەکلتوری کۆمەڵگای کوردی هەیە، کە چەندین بەهای خۆشەویستی و رێز وبەخشین لەخۆدەگرێ وە گەردن ئازادی وسۆز و وەفای لەپشتەوەیە بەهۆی جەژنەوە خۆشەویستی و نزیک بونەوە و پەیوەندیە رۆحیەکان لەناو تاکی کۆمەڵگا دووپاتدەبێتەوە ، کەواتە جەژن دووبارە پتەوکردنەوەی پەیوەندیەکانی ناو خێزان و دەرەوەی خێزان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگایە .
جەژن لەکۆندا گەرم وگوڕی و جۆشێکی زۆری پێوە دیار بوو ، خەڵکی بەپەرۆشەوە پێشەوازیان لێدەکرد ، مانگێک پێش جەژن ئامادەکاریان دەکرد و منداڵیان دەبردە بازار بۆ کڕینی جل و بەرگ و پێڵاو و ملوانەکە و بازن شتی ڕازاندنەوەیان دەکرین ، کوڕانش جلی کوردییان بۆ دەدورا . هەموو ئەمانە دڵخۆشی لە منداڵاندا بەرجەستە دەکرد شەو تا بەیانی چاوەڕوانی ئەوە بوون کە جلە بەرگەکانییان بپۆشن و هەر بۆیە زۆر بە زووی منداڵان بەخەبەر دەهاتن بۆ لەبەرکردنی جلە بەرگەکانیان بۆ جەژن . تەنانەت خەڵکی بەجۆرێکی جیاوازتر ماڵیان دەڕازاندەوە و خواردن وخوانێکی تایبەتیان ئامادەکرد کە جیاوازبوو لە ڕۆژانی تر ، هەموو ئەمانە جێگەی دڵخۆشی و پەرۆشی بوو بۆ بەسەرکردنەوەی ئەم بۆنە پیرۆزە ، برنج دەبژێردرا و قەیسی و کشمیش وبادەم حازردەکراو چکلێت و چەرەس و ئیشی هەویر و شەربەت ئامادەدەکرا .
لەکۆندا خەڵکی رۆژێ پیش جەژن خەڵکی دەچوون بۆ حەمام چونکە جاران حەمام لەماڵەوە بەکەمی هەبوو منداڵان جوان دەشوران تاکو بۆ جەژن پاک بن ، وە ئەو حەمامانەی کە هەبوون و ئێستاش ماون (حەمام قشڵە و سورەت وکانێسکان وشیرین وشعب و بەرخی وموفتی شیخ مارف) ئەمانە رۆژێک ژنان و رۆژێکیش پیاوان بوو … وە هەروەها هەندێک لە ژنان بە بۆنەی جەزنەوە ، شەوی جەژن دەست و قاچیان دەگرتە خەنە وبەپەرۆ دەیان بەست تا بەیانی بۆ جوانی و بەیانی دەیان شت بەم کارە زۆردڵخۆشبوون ، کابانی ماڵ لەشەوەوە دەستی دەکرد بەلێنان و ئامادەکردنی شلەکان و گۆشت و مریشک بەیانی هەڵدەستان برنجیان لێدەنا گەرەکێک بۆنی دەڕۆیشت ڕۆنی خۆماڵی و برنجی کوردی ئەسڵ کە تام وچێژێکی خۆشی هەبوو .
بەیانی جەژنیش باوک یان برا دەهاتنەوە لەمزگەوت پاش نویژی جەژن و کردنی گەردن ئازادی لەگەڵ ئەهلی مزگەوت دەگەرانەوە ماڵەوە ، هەندی جار خواردن دروست دەکرا بۆ ئەهلی مزگەوت لەوێ نانیان دەخوارد لەلایەن کەسانی دەوڵەمەندەوە ئامادە دەکرا ، کاتێکیش دەگەرانەوە جەژنە پیرۆزە لەگەڵ یەکتری دەکرا و ودەست دەکرا بەنان خواردن ، پاشان منداڵان خۆیان دەڕازاندەوە و جەژنانەیان وەردەگرت و دەڕۆیشتن بۆ یاری لەگەڵ هاورێ و هاوسێکانیان ، جاران یارییە دڵخۆشکەرەکان کەمبوون بەڵام جوانی وخۆشی دەبەخشییە ناخی منداڵان وەک چەرخ و فەلک و کورسی کورسی و سواری عەربانەی دووئەسپ دەبووین شیرینە لەیلانەمان دەوت یان سوارعەرەبانەیتریشقە دەبووین دەچوین بۆ قۆریەشکاو ، دوای چەندساڵیک پاسی پۆڵۆنیان دەگرت و بۆ کەیفی خۆشی دەچون بۆ سرجنار یان سینەما کە ئەو کاتە بە ( دە فلس ) بوو ، خەڵکی ئەو چەند ڕۆژەی جەژنی بە سەردانکردنی خاڵ و مام و نەنک و باپیر و پور بەڕێدەکرد زۆرجار جەژنانە دەدرا لەلایەن باوک و دایک وخاڵ و مام و نەنک و باپیر و پور و ئەو جەزنانەیەش بەهایەکی مادی و ڕۆحی لەدەروندا بەرجەستە دەکرد .
بەڵام لەم چەند ساڵانەی کۆتاییدا بەهۆی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان و سەرقاڵی خەڵک بە بژێوی ژیانی و سەرهەڵدانی دنیای تەکنەلۆجیا و بڵاوبونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، پەیوەندی و جیهانێکی کۆمەڵایەتی تری هێنایە کایەوە کە پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان لە پەیوەندی ڕۆحی گۆڕا بۆ پەیوەندی مادی ، ئەمەش وای کرد سۆز و خۆشەویستی و هاتووچۆکردن و سەردانکردن کەمبێتەوە ، لەبەرامبەریدا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوونە جێگرەوەی لەرێگەی تۆڕەکانەوە بە تەلەفۆن یان بە نامە پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن . هەموو ئەمانە دەگوزرێتەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ئێستا زۆر بەڕوونی و ئاشکرایی دەبینرێت کە چۆن شوێنەوار و لێکەوتەکانی لەسەر منداڵەکانمان دەبینرێت و هەست بە لێپرسراوێتی و ئەنجامدانی ئەو نەریتە ناکەن.
عائیشە عبدالحکیم محمد
(عائیشەی مەلا حکیم )
ئەمرۆ ٥٠ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی لەیلا قاسم تێپەڕبوو
٥٠ ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژی ١٩٧٤/٥/١٢ لەیلا قاسم حەسەن لەلایەن