ژنە چالاكوانی بواری ماف و ئازادییەكانی ژنان خاتوو هاوژین حەمە ڕەشید تەمەن 37 ساڵ دوای ئەوەی كۆلێجی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی تەواوكرد ماوەی چوار ساڵ مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو لەو ماوەیەشدا لە چەند ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیدا كاریكردووە. خاتوو هاوژین لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی و سەرقاڵی دایكایەتی و چالاكی بواری مافەكانی ژنانە. وەك خۆیشی دەڵێت” ئازادی یەكێكە لەو مافانەی كە دەكرێت مرۆڤ هەمیشە بەدوایدا بگەڕێت، وەك ئازادی بیركردنەوە و ڕادەربڕین، بیروباوەڕ، بڕیاردان”
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ تۆری میدیای تەوار هاوژین حەمەڕەشید باسی لەسەفەكردنەكەی كرد بۆ دەرەوەی وڵات و دۆخی ژنانی ئەوی لە رووی ئازادی ڕادەربڕینی ژنان و ئەرك و مافەكانی ژنانەوە ئەو ووتی” ئەوەی كە وایلێكردم كوردستان بەجێبێڵم یەكەم پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بوو. دووەمیش بەداخەوە كوردستان لانكەیەكی باش نەبوو بۆ جێكردنەوەی بیر و باوەڕە ئازادەكانی من. ئەگەر مابامەوە یان دەبوو وەكوو زۆرینەی خەڵكەكە بە ماسكەوە بژیم لە بەرگێكی ئایینیدا، یانیش بەداخەوە تیرۆردەكرام. بەداخەوە ئازاری دەروونی و جەستەیی زۆرم چەشت ناچاربووم بڕیارمدا كوردستان بەجێی بێڵم و ڕێگای تاریكی تاراوگە بگرمەبەر”.
بەحەسرەتەوە باسی لە ئەزموونی ژیانی خۆی كردوو ووتی: ئەزمونی من زۆر دەوڵەمەندە بەهۆی ئەوەی كچی گەورەی پیاو و ژنێكی جوتیارم، كوردستان بۆ من فێرگەیەكی بەرزی ئەخلاقی بوو بەتایبەتی قوتابخانە و ڕێبازەكەی باوكم كە شیوعی یەت بوو. هەر لە منداڵییەوە زۆر سەربەست و ئازاد ڕایهێنام و جیاوازیم نەبوو لەگەڵ براكانم، بگرە لەوانیش زیاتر مافم هەبوو. قوتابی یەكی باش و گوێڕایەڵبووم و ئاشقی وانەكانم و خوێندن بووم، كە هاتیشمە دەرەوەی ووڵات بۆ من هیچ شتێك نامۆ نەبوو، چونكە بۆخۆم پێشتر وەها پەروەردەیەك كرابووم. بەڵام ئەوەی ناخۆشبوو دووریم بوو لە كەس و كار و ئازیزانم و خاكی دڵگیری كوردستان و ئاو و هەوای لەپڕگۆڕاوی ئێرە ماوەیەك ماندووی كردم. ئیتر ووردە ووردە ڕاهاتم و كاتێكیش بووم بە دایك، خۆشبەختانە ئێستا ساڵەكانم وەكو هەفتە دەڕۆن و زۆر دڵخۆشم لەگەڵ منداڵەكانم و هاوڕێ و دۆستەكانمدا”.
لە بەشێكی قسەكاندا باسی لە ژیانی ژنانی ئەوروپا كرد لە رووی ماف و ئەركەكاناینەوە و ووتی” ژنان لێرە بەگشتی مافیان زیاترە لە بەرامبەریشدا ئەركیشیان زیاترە. لێرە لە منداڵییەوە بەبێ جیاوازی رەگەزی پەروەردە دەكرێن و كوڕ و كچ هەر لە دایەنگە و قوتابخانەكانەوە فێری جۆرەها ئیش و پیشە دەكرێن و هاندەریان دەبن تا پێبگەن و بەتەواوی پاڵپشتی مادی و مەعنەوی دەكرێن. لێرە ژنان و پیاوان كاردەكەن. بەرهەمی دەست و پەنجەی خۆیان دەخۆن و كەسیان ناتوانێ مافی ئەویتر پێشیلكات. بۆ ئەوەش یاسای باش و بەهێز هەن. هەڵبەتە لێرە و لەوێش ژنانێك هەن بەداخەوە زوڵمیان لێدەكرێت بەتایبەتی لەناو ئەو خێزانانەی كە كحولین یانیش ئاسیاییەكان. بەگشتی لێرەش ژیانی ژن ئاسان نییە؟ بەتایبەتی كە بوو بە دایك. مافی تەواوی دایكایەتی هەیە و تا ئەوجێییەی خۆی بیەوێ بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی دەكرێت. تەنیا سەختی هەبێ لە ژیانی ژندا كاركردن و باجدانە. ئەویش دەبێ منداڵەكانی بەجێبێڵێت و ئیش بكات. بۆ ئەو ژنانەی كە بەتەنیان و كەسێكیان لێ نزیك نیەو هاوڕێ و كەسی باشیان نییە، ئاسان نییە و ناتوانێ وەكوو پێویست پشت بە پارە و ئیشی خۆی ببەستێ تاوەكو منداڵەكانی كەمێك لە خەم دەڕەخسن و گەورە دەبن. جا دوایی دەتوانێ بە ئازادی ئیش بكات و بژیت”.
هەروەها وتیشی” بەداخەوە لە ئێستادا سیستەمی سەرمایەداری ژیانی زۆر زەحمەتكردووە و گرانی و نرخی شتەكان ڕۆژ بە ڕۆژ تاكی ڕۆژئاوایی زیاتر دەخەنە ژێر فشارەوە بەتایبەت بۆ ژنان.
هاوژین خان رەخنەی لەو دۆخەگرت كە ئێستا بەسەر زۆرینەی ژنانی كورد هاتووە و ووتی” زۆر گرنگە بەردەوام ژنان لە ئەرك و مافەكانیان ئاگادار بكرێنەوە و هۆشیاری تەواویان بدرێتێ. جوانی ڕوخسار چەندە گرنگە و خۆشە بەداخەوە هێندەش دەبێتە هۆی كێشە و دەستدرێژی سێكسی و داڕمانی دەروونی ئەگەر كەسێتییەكی زۆر بەهێزی لەپشت نەبێت. بۆیە هیوادارم ژنانی باشوری كوردستان هێندەی لە خەمی ڕوخسار و لەش و لاریانن، نیو ئەوەندە گرنگی بە خوێندنەوە و نوسین و لێكۆڵینەوە و بەهێزكردنی كەسایەتی خۆیان بدەن. وەكوو ژنانی سەركردەمان كە لە كۆنەوە تا ئێستا بوونیان هەبووە. نایشارمەوە كەمێك دڵتەنگم بەوهەموو بابەتە جوانكاری و نەشتەرگەریانەی ڕوخساری سادە و جوانی ژنی كوردی وەكوو هی نەتەوەكانیتر لێكردووە و جۆرێك لە چاولێكەریش دەبینم لەو بارەوە. دەكرێ زیاتر گرنگی بە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بدەن و پتر بەرە و پێشەوە بڕۆن و خۆیان بسەلمێنن و لە پلە و پۆستە حزبی و حكومی یەكاندا نەهێڵن جیاكارییان پێبكرێت لە بەرئەوەی ژنن. وەنەهێڵن بەبیانووی ئایین و شەرەف و هیچ شتێكیترەوە مافەكانیان بخورێت ئەوسا گرنگی بەروخساریشیان بدەن ئاساییە”.
هاوژین شكور: كەلار















