ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

شه‌ش زاناى ژن له‌ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆى 2020

هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌شق‌و راهێنانه‌ وه‌رزشییه‌کانیان، له‌کاره‌ ئه‌کادیمى‌و تاقیگه‌‌و توێژینه‌وه‌کانشیان نه‌وه‌ستاون، ئه‌مه‌ کارى کۆمه‌ڵێک له‌ژنه‌ یاریزانه‌ به‌شداربووه‌کانى ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆى 2020 بوو.
ئه‌و ژنه‌ وه‌رزشکارانه‌ رووبه‌رووى ئاڵانگارییه‌کى زۆر بوونه‌وه‌ به‌وه‌ى له‌لایه‌ک کێبرکێ‌ له‌سه‌ر تۆمار کردنى ژماره‌ى نوێ‌‌و پێوانه‌یى‌و بردنه‌وه‌‌و به‌ده‌ستهێنانى مه‌دالیاى ئۆڵۆمپیاد ده‌که‌ن‌و له‌لایه‌کى تره‌وه‌ سه‌رقاڵى کارکردنن له‌بواره‌ زانستییه‌ جیاوازه‌کانیاندا.

ئه‌و شه‌ش ژنه‌ وه‌رزشکاره‌ى که‌ توانیویانه‌ له‌یه‌ک کاتدا به‌شدارى ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆى 2020 بکه‌ن‌و بره‌و به‌ده‌ستکه‌وته‌ ئه‌کادیمییه‌کانى خۆیان بده‌ن:

ئانا کیسنهۆڤه‌ر (نه‌مسا)
ژنه‌ لاوى نه‌مساوى ته‌مه‌ن (30) ساڵ (ئانا کیسنهۆڤه‌ر) ناوى له‌لیستى ئه‌و کاندیده‌ باشانه‌دا نه‌بوو که‌ له‌یارى پێشبرکێى پاسکیلسوارى ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆدا ئه‌نجام‌و مه‌دالیا به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن هیچ ده‌زگایه‌که‌وه‌ پشتگیرى لێنه‌کرابوو، هه‌روه‌ها هیچ راهێنه‌رێکیش مه‌شقى پێنه‌کردبوو، سوپرایزێکى گه‌وره‌ى له‌و یارییه‌دا تۆمار کرد‌و توانى مه‌دالیاى ئاڵتوونى به‌ده‌ستبهێنێت.
ئانا که‌ پاڵه‌وانى ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆ بوو، زاناى بیرکارییه‌‌و خاوه‌نى دوو بڕوانامه‌ى زانستییه‌ له‌ زانکۆى ته‌کنیکى ڤێنا‌و زانکۆى کامبریدجى به‌ریتانیا‌و له‌ئێستادا له‌بوارى توێژینه‌وه‌‌و وانه‌ وتنه‌وه‌ له‌زانکۆى ته‌کنیکى لۆزان له‌سویسرا کار ده‌کات.

هادیه‌ حوسنى (میسر)
دواى ئه‌وه‌ى له‌قۆناغى کۆمه‌ڵه‌کانى یارى (ریشه‌)ى ژناندا هیچ ئه‌نجامێکى نه‌بوو له‌پاڵه‌وانێتییه‌که‌ دوور خرایه‌وه‌، پێده‌چێت ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆى 2020 دوا وێستگه‌ى یاریکردنى ژنە وه‌رزشکارى میسرى (هادیه‌ حوسنى) ته‌مه‌ن 33 ساڵ بێت.
به‌پێى پێگه‌ى فه‌رمى لیژنه‌ى ئۆڵۆمپى نێوده‌وڵه‌تى، هادیه‌ ده‌ڵێت: «پێشبینى زۆر ده‌که‌م که‌ ئه‌مه‌ دوا وه‌رزى یاریکردنى من بێت له‌یارییه‌ ئۆڵۆمپییه‌کاندا، چونکه‌ زۆر قورسه‌ که‌ بتوانم به‌شدارى پاڵه‌وانێتییه‌کان بکه‌م‌و پارێزگارى له‌خۆم بکه‌م‌و بتوانم پێگه‌یه‌کى نوێ‌ له‌پۆڵێنه‌ جیهانییه‌کاندا تۆمار بکه‌م».
ئه‌گه‌رچى هادیه‌ وازهێنانى له‌وه‌رزش راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر کاره‌ ئه‌کادیمییه‌کانى خۆى که‌ مامۆستاى یاریده‌ده‌ره‌ له‌زانکۆى به‌ریتانی له‌میسر به‌رده‌وام ده‌بێت، هادیه‌ بڕوانامه‌ى ماجستێرى له‌پزیشکى زینده‌وه‌رزانى زانکۆى (باس)ى به‌ریتانیا‌و بڕوانامه‌ى دکتۆراى له‌زانستى ده‌رمان له‌زانکۆى قاهیره‌ به‌ده‌ستهێناوه‌‌و چه‌ندین توێژینه‌وه‌ى کردووه‌‌و وتارى له‌سه‌ر (دیکسامیسازۆن) نووسیوه‌، که‌ ده‌رزى دژه‌ ئیلتیهابه‌‌و بۆ زۆر نه‌خۆشى به‌کارده‌هێنرێت، هاوکات له‌گه‌ڵ کاره‌ ئه‌کادیمییه‌کانیدا، ئه‌م ژنه‌ سیاسى‌و چالاکوانه‌‌و ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران (پارله‌مان)ى میسر‌و ئه‌فریقیاشه‌.

گابریل تۆماس (ئه‌مریکا)
ئه‌م ژنه‌ ئه‌مریکییه‌ ته‌مه‌ن (24) ساڵه‌ ناوێکى دیاره‌ له‌یارییه‌کانى گۆڕه‌پان‌و مه‌یداندا‌و سێیه‌م خێراترین ژنه‌ له‌راکردنى (200) مه‌تردا‌و توانى له‌ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆ مه‌دالیاى برۆنز به‌ده‌ستبهێنێت.
هاوکات گابریل که‌ زیاتر به‌ (گابى) ناسراوه‌، له‌ئێستادا زانستى مێشک‌و ته‌ندروستى جیهانى له‌زانکۆى هارفارد له‌ئه‌مریکا ده‌خوێنێت‌و له‌هه‌وڵیشدایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى ماجستێر له‌ زانستى په‌تاکان‌و کارگێڕى ته‌ندروستى له‌زانکۆى ته‌کساس له‌شارى ئۆستن.

چارلۆت هایم (فه‌ره‌نسا)
کاتێک چارلۆت هایم ته‌مه‌نى 12 ساڵان بووه‌، زۆر سه‌رسامى ئه‌وانه‌ بووه‌ که‌ خلیسکێنیان له‌به‌رده‌م ماڵه‌که‌یان له‌پاریس کردووه‌.
چارلۆتى ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌پێگه‌ى لیژنه‌ى ئۆڵۆمپى نێوده‌وڵه‌تى راگه‌یاندووه‌: کاتێک ئه‌وانه‌م ئه‌بینى خلیسکێنیان ده‌کرد، زۆر به‌لامه‌وه‌ خۆش بوو، حه‌زم ئه‌کرد لاسیان بکه‌مه‌وه‌«.
چارلۆت له‌ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆ وه‌ک پزیشکى زانستى مێشک‌و یاریزانى یارى خلیسکێنى لۆحه‌ (بۆربڕین) به‌شدارى کرد.
ئه‌م ژنه‌ وه‌ک پزیشکێک توێژینه‌وه‌یه‌کى له‌سه‌ر کاریگه‌رى ده‌نگى دایک له‌سه‌ر گه‌شه‌‌و جوڵه‌ى منداڵانى تازه‌ له‌دایکبوو کردووه‌.

لویس شاناهان (ئێرله‌ندا)
کچه‌ یاریزانى راکردنى ماوه‌ درێژى ئێرله‌ندى (لویس شاناهان)ى ته‌مه‌ن 24 ساڵ پلانى ئه‌وه‌ى له‌مێشکدا بوو که‌ چۆن بگاته‌ ئۆڵۆمیادى پاریسى 2024، به‌ڵام پلانه‌که‌ى زووتر هاته‌ دى کاتێک توانى به‌شدارى راکردنى 800 مه‌تر له‌ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆى 2020 دا بکات، هه‌رچه‌نده‌ قۆناغى یه‌که‌مى راکردنه‌که‌ى تێنه‌په‌راند.
له‌ئێستادا ئه‌م یاریزانه‌ پلانه‌ وه‌رزشییه‌کانى بۆ ساڵى 2024 له‌مێشکدا هه‌رماوه‌، به‌ڵام گرنگى زیاتر به‌بواره‌که‌ى خۆى ده‌دات که‌ زانسته‌‌و به‌تایبه‌ت زانستى فیزیا.
لویس ده‌رچووى زانکۆى (کۆرک)ه‌ له‌ئێرله‌ندا‌و خوێندکارى دکتۆرایه‌ له‌زانکۆى کامبریدج، زیاتر گرنگى ده‌دات به‌زانستى فیزیاى پزیشکى‌و گه‌شه‌ پێدانى ئه‌و ئامێرانه‌ى نه‌خۆشى دیارى ده‌که‌ن‌و چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ ده‌که‌ن.
لویس پێش ده‌ستپێکردنى ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆ به‌رۆژنامه‌ى (کامبریدج ئیندبندنێت)ى راگه‌یاند: «پێمخۆشه‌ خاوه‌نى دوو کارى جیاواز بم، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له‌تاقیگه‌ پزیشکییه‌کاندا کاره‌کانم خراپ بوو، ئه‌وا بتوانم بڵێم وه‌رزشکارم، یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌«.

نادین ئابته‌ز (ئه‌ڵمانیا)
ته‌نها به‌شداریکردنى له‌ئۆڵۆمپیادى تۆکیۆى 2020 وه‌ک یه‌که‌م ژنه‌ ئه‌ڵمانى له‌ یارى بۆکسێنى ژناندا، نادینى ته‌مه‌ن 35 ساڵ ناوى چووه‌ مێژووه‌وه‌، ئه‌گه‌رچیش به‌شداریکردنه‌که‌ى که‌مى خایاند‌و له‌یه‌که‌م جه‌وله‌دا به‌ژنه‌ یاریزانێکى هندى له‌کێشى ناوه‌نددا دۆڕاند.
ئه‌م ژنه‌ که‌ خاوه‌نى مه‌دالیایه‌ له‌پاڵه‌وانییه‌ ئه‌وروپى‌و جیهانییه‌کان، له‌ئێستادا زیاتر بره‌و به‌کاره‌ زانستییه‌کانى ده‌دات، نادین خاوه‌نى بڕوانامه‌ى ماجستێره‌ له‌ زانستى مێشک له‌زانکۆى بریمه‌ن، ئامانجى ته‌واو کردنى نامه‌ى دکتۆراکه‌یه‌تى.
نادین به‌پێگه‌ى لیژنه‌ى ئۆڵۆمپى نێوده‌وڵه‌تى راگه‌یاند: «ئاماده‌کارییه‌کانم بۆ ئۆڵۆمپیاد زۆر ماندویان کردم، هه‌ر که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ وڵات له‌سه‌دا سه‌د ته‌رکیز ده‌خه‌مه‌ سه‌ر خوێندنه‌که‌م».

هاوشێوە

ڤیدیۆ