ئا: تریفه حه‌سه‌ن
زۆرجار مۆم ئارامی ده‌دات به رۆحی مرۆڤه‌کان، هه‌ربۆیه ژنان زیاتر خولیای به‌کارهێنانى مۆمن، شۆڤان سه‌روه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حه‌ز به بوونی مۆم ده‌کات له ماڵه‌که‌یدا، ده‌ستیشکردووه به دروستکردنی مۆم به جوانترین دیزاین و له ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوه ده‌یانفرۆشێته‌وه.
شۆڤان سه‌روه‌ت په‌یمانگه‌ی ته‌کنیکی کشتوکالی به‌کره‌جۆ و به‌شی ده‌رمانسازی زانکۆى سلیمانى ته‌واو کردووه، ماوه‌ی ساڵێکه سه‌رقاڵی دروستکردنی مۆمه و له بازاڕدا ده‌یانفرۆشێته‌وه و داهاتێکى بۆخۆی و خێزانه‌که‌ی به‌ده‌ستهێناوه. له دیداریکى تایبه‌تدا بۆ رۆژنامه‌ى ژیانه‌وه شۆڤان سه‌روه‌ت باسى له بیرۆکه‌ی کاره‌که‌ی کردوو وتى» سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌که‌م ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ حه‌زوو خولیای تایبه‌تی خۆم هه‌میشه وابیرده‌که‌مه‌وه مۆم ده‌بێته هۆی ئارامی و ئاسوده‌یى بۆ مرۆڤ له‌کاتی داگیرسانیدا هه‌ستێکی تایبه‌ت پێده‌به‌خشێ».
ده‌رباره‌ى ئه‌و ماتریالانه‌ى که مۆمەکانی لێده‌روستده‌کات چۆنیتى ده‌ستکه‌وتنیان شۆڤان ده‌ڵێت» مه‌واده‌کان هیچی لێره ده‌ست ناکه‌وێت هه‌مووی له‌وڵاتی ئه‌مریکاوه هاورده ئه‌که‌م ئه‌مه‌ش تاراده‌یه‌ک ئاسته‌نگە له به‌رده‌م مواده‌کاندا بۆ من». هه‌وره‌ها ده‌شلێت «ژنانى کورد زۆر له‌وه به‌تواناترن که به‌سته‌نها کاری مال بکه‌ن له ئێستایا ژنان له هه‌موو بواراکان کار ده‌که‌ن و جێده‌ستیان دیاره له گشت سێکته‌ره‌کانى ژیاندا».
شۆڤان سه‌روه‌ت باسى له فرۆشتنى مۆمه‌کان کرد له بازاره‌کاندا و وتى» کاره‌کانم ته‌نها له رێى سۆشیال میدیاوه ئه‌فرۆشم و دووکان یان شوێنێکی تایبه‌ت به خۆمم نیه تاراده‌یه‌ک فرۆشیان باشه و له رێگه‌ى تۆره کۆمه‌لایه‌تیه‌کانه‌وه کاره‌کانم ساخ ده‌که‌مه‌وه». شۆڤان سه‌روه‌ت داواده‌کات له ژنان و کچان که هه‌رگیز نه‌ترسن له ده‌رخستنى تواناکانیان و په‌ره‌ى پێبده‌ن بۆ به‌روپێش چوونى ژیان چونکه ژیان پێویستى به‌هه‌وڵدانه».