قۆناغی مناڵی گرنگی خۆی لەژیانی هەموو مرۆڤێكدا هەیە و بناغەی كەسێتی مرۆڤە، لەبەرئەوە دەبێ گرنگی زۆری پێبدرێت، دەتوانین بڵێین پەروەردە پرۆسەیەكی گرنگە لەژیانی تاكەكان، پەروەردەكردن دەتوانێت كەسێتی تاكەكان بونیاد بنێت و توانا و كەلتورەكانیان پارسەنگ بكات بەجۆرێك كارلێك و رێكخستنی لەگەڵ كۆمەڵگا و دەوروبەردا هەبێ.
كاتێك ئێمەی دایك و باوك و مامۆستاو تاكەكانی تری كۆمەڵ، شارەزایی پێویستمان دەربارەی گۆرانكارییەكانی قۆناغەكانی گەشەكردن دەبێت، ئەوا دەتوانین بەشێوەیەكی راست و دروست مامەڵە لەگەڵ منداڵ و هەرزەكارەكانمان بكەین و لە زۆر كێشەو گرفت ڕزگارمان ببێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە زۆربەی زۆری تاكەكانی كۆمەڵگە شارەزایی پێویستیان دەربارەی قۆناغەكانی گەشەكردن نییە، لەبەرئەوەی زانیاری پێویستیان نییە، ئەوا زۆر جار لەكاتی پەروەردەكردن و فێركردن و مامەڵەی رۆژانەیاندا لەگەڵ منداڵەكانیان ڕوبەڕوی كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفت دەبنەوە.
ماڵ یەكەمین قوتابخانەی منداڵە, خێزان یەكەمین دامەزراوەی پەروەردەییە و بەردی بناغەی كۆمەڵگەیە, كەواتە خێزان ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە فێركردن و گەشەكردن و پەروەردەكردنی منداڵدا.
دواتر رۆڵی دامەزراوەیی دووەم دێت كە قوتابخانەیە، داینەمۆی قوتابخانەش مامۆستاكانن، سەبارەت بەوەی كە ئایا دایك لە پەروەردەكردنی منداڵ پشكی شێری بەردەكەوێ یان باوك، (ناپلیۆن) دەڵێ داهاتوی منداڵ بەندە بەدایكیەوە, مەبەستیش ئەوە نییە كە ڕۆڵی باوكان بەكەم بزانین، بەڵام ئەوە راستییە، نەك تەنها لە مرۆڤدا، بەڵكو لەهەموو بونەوەرەكانی تریشدا ئەركی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی بێچوەكان لە ئەستۆی دایكیاندایە.
(كیم ئێڵ سۆنك) دەڵێ مرۆڤە هەڵكەوتوەكان ئەوانەن كە لە لایەن دایكیانەوە پەروەردە كراون، دایكان رۆڵی زیاتریان هەیە لە پەروەردەكردنی دروستی منداڵەكانیاندا زیاتریش لە باوكان دەتوانن نازی مناڵەكانیان بكێشن، دایكان یەكەمین مامۆستای منداڵانن.
ئەوەی لە باوەشی دایكیاندا فێری دەبن, ئەوەی لە دایكیانەوە وەریان دەگرن هەرگیز لەیادیان ناچنەوە، بۆیە پشكی شێری شانازی و پێزانین لەپەروەردەكردنی دروست و لە پێگەیاندنی منداڵان بە باشی لە ڕوی لەشساغی و دەروون ئاسایی و كۆمەڵایەتی و رەوشتی و رەفتارییەوە بەر دایكان دەكەون.
بارودۆخی پەروەردە لەكوردستاندا هیچ كات وەك ئێستە پڕ كێشە و قەیران نەبوە, بەهۆی ئەو بازدانە كەلتوریەی جێكەوتی خراپی لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە بەجێهێشتوە و تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا هاتۆتە نێوان پەروەردەكاران و منداڵان.
ئەڵبەتە منداڵ زەرەرمەندی یەكەمە لەم نێوەندەدا، بۆیە دەبێ دایكان و باوكان زیاتر ئاگاداری منداڵەكانیان بن و لە مەترسی خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بیانپارێزن, تا بتوانن پەروەردەیەكی جوانی منداڵەكانیان بكەن.
لەم پێودانگە پێویستە هەموو ئەو كەسانە و لایەنە پەروەردەییانەی كە منداڵان فێردەكەن و پەروەردەیان دەكەن و بەهزری بەرزو سودبەخش زاخاوی هۆشیان دەدەن و رۆشنبیریان دەكەن, هەست بەوەبكەن كە ئەركێكی پیرۆزو قورس و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتوون, هەر هەڵەكردنێك لە پەروەردەكردنی منداڵاندا كارەساتێكی نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت.
لەكۆتایدا دەڵێم پێویستە دڵسۆزانە و كوردانە و سەردەمیانە كوردیلەكانی ئەمرۆمان پەروەردە بكەین تا بتوانین تاكێكی پەروەردە و دروست بخەینە كۆمەڵگەوە.
رووناك ساڵح هەڵەبجەیی