ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنان چۆن خۆیان پێش دەخەن ؟

پێشكەوتن و بەهێزبوونی ژن، واتای ئەوەیە كە خودی خۆی بەرپرس بێت لە گەیشتن بە ئامانجەكانی، بەبێ ئەوەی پشت بەستوو بێت بە كەسانیتر، بۆ گەیشتن بەم ئاستە لە كەسایەتیدا گرنگە خاڵە بەهێز و لاوازەكانی خۆی دەستنیشان بكات بۆ باشتركردنی هاوسەنگی لە كەسایەتی و ژیانیدا و گەیشتن بە ئامانج بەتایبەتی لە ڕووی كردارییەوە.

هەروەها بەرزكردنەوەی هۆشیاری ژنان دەربارەی كەسایەتییان یەكێكە لە ئامرازە گرنگەكانی پەرەپێدانی خۆیان هەرچەندە بەهێزی و لاوازی ژنان لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە، بەڵام بڕیاردان بۆ دیاریكردنی خاڵە بەهێز و لاوازییەكان یەكێكە لە بڕیارە ئازا و ئاسانەكان بۆ پەرەپێدانی كەسایەتی ژن لە هەموو بابەتەكانی ژیانی تایبەتی و كاریدا.

هەروەها، گرنگە ژن خودی خۆی بێت، واتا دواكەوتووی هیچ چوارچێوەیەكی كۆمەڵایەتی نەبێت، لەرێگەی چەند خاڵێكەوە ژنان دەتوانن لەم بوارەدا خۆیان بەهێز بكەن لەوانەش:

-خۆت لە پێش هەموو كەسێكەوە دابنێ، پێویستە ژنان پێویستییەكانی خۆیان لە پێش هەموو بابەتێكی ترەوە بێت هەر لە رووی ماددیەوە بێت یاخود دەروونی و كۆمەڵایەتی و هتد ..

-خۆت بە ژنانی تر بەراورد مەكە، زۆر كات بەراورد كردن و لاسایی كردنەوە دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ پێشنەكەوتنی كەسایەتی ژن، هەروەها رێگە بە كەسانی تر مەدە كە بتخەنە هەر جۆرێك لە بەراورد كردن، چونكە دواجار هەموو مرۆڤێك تایبەتمەندی خۆی هەیە لە كەسایەتیدا.

-بەرگریكردن لە خۆت، پێشكەوتن و بەهێزبوونی ژن لە بەرگریكردن لە خودی خۆی و پێداویستییەكانییەوە دەست پێدەكات، بەرگریكردن لە كەسایەتی، لە ژنبوون، لە بیرو هزری تایبەت بە خۆی، كە ئەمە ژنان زیاتر نزیك دەخاتەوە لە ئامانجەكانیان.

-متمانە بەخۆبوون، كاتێك ژن متمانەی بە توانای خۆی دەبێت و رێگە بە كەس نادات كە لە بەهای دەستكەوتەكانی كەم بكاتەوە، بەم شێوەیە خاڵە بەهیزەكان لە خۆیدا پێشدەخات و توانای زاڵبوونی دەبێت بەسەر خاڵە لاوازەكانیدا.

-مەترسە لە داواكردنی مافی خۆت، ئەگەرچی ئەم مافە زیادكردنی موچەكەت بێت یاخود هەڵبژاردنی ئەو بوارەی كە دەتەوێ بیخوێنی یان هەر شتێكی تر، ئەمە بەشێكە لە پێشكەوتنی كەسایەتی ژن كە توانای داواكردنی مافی خۆی هەبێت لە هەر قۆناغێكی ژیانیدا بەشێوەیەكی دادپەروەر و یەكسان.

-پاڵپشتی كردنی ژنانی تر، لە زۆر كاتدا پاڵپشتی نەكردنی ژنان بۆ یەكتر هۆكارێكە بۆ لاوازبوونی هێزی ژنان و لە ئەنجامدا پێشنەكەوتنیان، هەر بۆیە پێشكەوتنمان وابەستەیە بە یەكڕیزی و یەك دەنگیمان كە سیستەمی نێرسالار بە درێژایی مێژوو هەوڵیداوە سوود لە درووستكردنی جیاكاری نێوان ژنان ببینێ‌.

پەریان ئەحمەد زەردەشت

هاوشێوە

ڤیدیۆ