ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

گرنگی فەلسەفە لە دیدی ژنەوە چییە؟ ئایا دەكرێت ژن فەلسەفەكار بێت؟ 

نوسینی: جوان عزەت 

پێش ئەوەی بگەرێینەوە ناو مژاری ژن لە ڕوانگەی فەلسەفەوە، یاخۆد بوونی ژنی فەلسەفەكار دەبێ بزانین، ئایا فەلسەفە چییە! وە گرنگی فەلسەفە لە چیدایە؟ وە بۆچی پێویستە فەلسەفە بخۆێندرێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاریتر لە ناو بوونی فەلسەفە بە درێژایی مێژوو سەری هەڵداوە و بەردەوامی بە كاروانی خۆی و ژیانكردن داوەتەوە. مژاری فەلسەفە مژارێكی گرنگ و ئاڵووزە، بەڵام ئەو مرۆڤەی كە دەبێتە منداڵی فەلسەفە دەبێ شرۆڤەكاریەكان زور بە ئاسانی بگەینێتە مرۆڤ و كۆمەڵگە. ئەگەر بڵێین فەلسەفە چییە؟ وا دیار دەبێت فەلسەفە، لە هەر قۆناغ و سەردەمێك خەریكی دروستكردنی پێناسەیەك بووە، چونكە فەلسەفە خۆی لە خۆیدا دەرگایەكی زانینی كراوەیە و مرۆڤ ناتوانێت پێناسەیەكی تەواو چێنراوی بۆی هەبێت، بەڵكۆ ئەوەی بووە مایەی فەڵسەفە دروستكردنی بیری فەیلەسوفەكان بووە، هەر فەیلەسوفێكیش توانیوەێتی بەپێی بیركردنەوەی خۆی پێناسەی بۆ دابرێژێت. بۆیە ئەوەی وەكوو زمان بووە بە پێناسەیەكی چێنراوی فەلسەفە ئەوە بووە، كە “خۆشەویستیە بۆ دانایی” ئانكۆ كۆكەرەوەی ئەم مانایە لە وشەی “فیلۆ+سۆفیا” دەستی پێكردووە. ئەویش دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی فەلسەفەی كۆنی گریكیەكان. “سۆلۆن” یەكەم فەیلەسوف بووە وتی ”میللەتی ئێمە فەلسەفە دەكات” و پاش هاتنی “سۆكرات” فەلسەفە بووە ناوەرۆكی خۆشەویستی دانایی. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیگەیەنم ئەوەیە، كە “فەلسەفە هاتووە بۆ ئەوەی خۆشەویستی ژیان دروستبكات و بە پێچەوانەی ئەوە دەبێت زانین بۆ خۆشەویستی بێت، نەك خۆشەویستی بۆ زانین بێت”. چونكە خۆشەویستی بناغەی بەرهەمهێنانەوەی ژیانە. ئەوەی خۆشەویستی هەبێت دەتوانێت زانینیش بەدەست بهێنێت و خۆشەویستی دەتوانێت هەموو زانست و زانینێك بناسێت. فەلسەفە وەكوو پێناسە من دەتوانم بڵێم ئەوەیە، كە هاتووە ئەقڵی مرۆڤ روونی بكاتەوە و هاتووە بۆ ئەوە مرۆڤێكی روون، پاك، راستەقینە و سادق بەرهەم بهێنیت. هەر وەكوو مرۆڤ مۆمێك لە جێگایەك دابگیرسێنێت و رووناكی بكاتەوە. وەكوو كەڵەكەكردنی مەعریفی و گەردوونێكی بچووك لەناو گەردوونێكی گەورەدا خۆی ساز بكات. هەتا لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت بە زۆرترین پێناسە دیاری بكات، وەكوو ئەوەی كە فەلسەفە فێركردنە، فشارە، رەخنەیە، وزەیە، پرسیاركردنەوەیە، گومانە، راهێنانی چالاكی بیركردنەوەیە و بەدەستهێناوەی سەدان ساڵی ئازادی مرۆڤە لە دەرهێنانی قۆناغی ژێردەستەیی و نامۆیی و نادادپەوەرییەوە بەرهەمی پاشخانێكی گەورەی رێكخستنی سیستەمەكانی ژیانە. ئەوەی لە هەمووان گرنگترە ئەوەیە، فەلسەفە بیركردنەوەیە لە ناو بیركردنەوەدا و هونەری پێكهێنانەوەی رووناكی و رۆشنكردنەوەی چەمكەكانە بە چەمكی بناغەیی ژیانەوە بە شێوەی گشتی فەلسەفە ژیانە و ژیانیش فەلسەفەیە.

ئەگەر بچینە سەر ئەو پرسیارەی پێشوو، بڵین گرنگی فەلسەفە لە چی دایە؟ بۆمان دەردەكەوێت كە گرنگی فەلسەفە لە كۆمەڵێك بەها و پرەنسیپ دایە. ئەو كۆمەڵە بەها و پرەنسیپانە لە ناو مرۆڤدا گەشەدەكەن وە لە ناو مرۆڤدا دەگەنە قۆناغی پەیوەستبوون بە بوونەوە. ئەگەر ئێمە وەكوو رەگەز چ ژن بێت یاخود پیاو، چ دیندار بێت یاخۆد سیكۆلار بێت، چ بێ دەسەڵاتێك بێت یاخۆد دەسەڵاتدار بێت ئاشنای جیهانی فەلسەفە نەبێت، واتە دوورە لە بەرهەمهێنانەوەی بەها و پرەنسپیەكانی بوون. راستە هەبوون هەیە، بەڵام ئەوەی بوون دێنتە كایەوە خودی فەلسەفەیە. لێرە سێ خاڵی سەرەكی هەن، فەلسەفە دەكەنە زمانێك لە زمانحاڵی بوون. ئەویش ئەوە یە:ـ

خاڵی یەكەم، كە “ ئەسڵی بوون چییە؟ ” مرۆڤ بەردەوام ویستوویەتی ببێتە گەڕیدەی ئەم پرسە قووڵە، ئایا فەلسەفە چۆن دەتوانێت بوون بدۆزێتەوە؟ ئەمەش دیارە كە لە سەردەمی هیراكلیتۆس تا ئەم سەردەمە بەدواچوونەوەی گۆڕینی جەوهەری شتەكان روون بووە، كە بوون شتێكی جێگیرە. بەڵام ئەسڵی شتەكە، یاخۆد گۆڕینی شتەكە لە هەبوون دایە. بۆیە هیراكلیتۆس لەسەر ئەوە راهاتووە كە هەبووەكان دەبێ بەردەوام لە گۆرینەوەدابن و هیچ شتێك نییە جێگیر بێت، تەنها گۆرین نەبێت و ئەگەر گۆرین نەبێت نەبوون و نەمان دەمێنێت.

خاڵی دووەم: ئەوە یە كە “فەلسەفە ئیپستمۆلۆژی یاخۆد ناسینی مەعریفە بووە”. بۆ ئەوەی ئێمە بگەرێنەوە ناو ناسینی خۆدی مەعریفە دەبێت بگەرێنەوە ناو ناسینی خۆدی ناوەڕۆكی ناوەوەی خۆمان. لەگەڵ ئەوەدا، ئەو مەعریفەیە ببێتە ئاشكەراكردنەوەی ئەو نهێنیە شاراوانەی كە لە پشت شتە ناواقعیەكانە. چونكە ئەوەی مرۆڤ هوشیار دەكاتەوە دیاردە واقعیەكانە، واقیع هەرگیز روو لە ناراستی ناكات، بەڵكو ئیشی واقیع ئەوەیە كە راستیەكان بخاتە بەرچاوی مرۆڤ. بۆئەوەی تاك و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پر لە مەعریفە و وزە و جوانی فەڵسەفە بەرهەم بهنێت.

خاڵی سێیەم: فەلسەفە گرێدراوی پێكهاتەیی “ئاكسۆلۆژی/ بەها و پرەنسیپە”، ئەمەش پەیوەندی راستەوخۆ بە كرداری چاكە و خراپەی مرۆڤ و كۆمەڵگەكانەوە هەیە. ئایا چۆن مرۆڤ دەتوانێت ببێتە مرۆڤێكی فەزیلەتمەند؟ فەزیلەتیش لە ئەنجامی كاركردنەوەی هێڵی بەها و پرەنسیپدا دەتوانێت تاكێكی خاوەن بوونی ئازاد و سەربەخۆ بەدی بێنیت.

فەلسەفە بۆ هەر سەردەمێك پێویستی خۆ هەیە. بۆچی پێویستە فەلسەفە بخۆێندرێت؟ ئەوەی بایەخی فەلسەفە بەرەو هەبوونەوە دەتهێنێت بە تەنیا خۆێندنەوەی مێژووی فەلسەفە نییە، بەڵكو بیركردنەوەی قووڵی فەلسەفیانەیە. فەلسەفە ئێمەی مرۆڤ دەگەینێتە ئاستی زێهنییەتی هۆشیاری. بۆ ئەوە ئێمە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێشهات و دیاردە و ڕوودا و زەمەنێك بكەین. خۆێندنەوەی فەلسەفە لەوە دایە كە مرۆڤێك دروستدەكات بەرهەمی ئێستا بێت وە لە ئێستا دا هەوڵبدات داهاتووی مێژووی فەلسەفە ساز بكرێت. ئەوەی ئێستا من و تۆ پێوە پەیوەستین خۆدی فەلسەفە یە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا چ جۆرە فەلسەفەیەكە؟ ئایا فەلسەفەی تێكدانەوەیە، یاخۆد فەلسەفە بە ژیانكردنە؟ ئایا فەلسەفەی نێگەتیڤە یاخۆد پۆزەتیڤە؟ ئایا فەڵسەفەی بە زمانكردنی جیهانە، یاخۆد فەلسەفەی بە زمانكردنی ژێردەستەیە؟ لەم جیهانەدا شتێك نییە دوور بێت لە فەلسەفە، بەڵكو ئەوەی دوورە لە فەڵسەفە هەستی خۆ بە تاوانبار نەزانینەوەی بوونی مرۆڤە!.

فەڵسەفە لە گەڵ هەموو زمانێك، جۆگرافێك، نەتەوەیەك، رەگەزێك و مرۆڤێك دەتوانێت جێگای خۆی هەبێت. بەڵام ئەوەی وا دەكات كە خۆێندنەوە بۆ زمانی فەڵسەفە نەبێت خۆدی بیرباوەر، ترس و نە ئاگایی مرۆڤە. ئەگەر من بەرهەمی شتێكی داهێنان ساز بم، ئەوە من خاوەنی فەلسەفەی خۆمم. فەلسەفە رووی لە دەرەوەی مرۆڤ ناكات، بەڵكو لە ناوەوەی تێگەیشتنی مرۆڤەوە دەست پێ دەكات بۆ دەرەوەی مرۆڤ. كاتێك ئێمەی ژن و پیاو وەكۆ ئۆرگانێكی مرۆڤی فەلسەفە دەخۆێنین ئەو كاتە دەزانین فەلسەفە بریتی یە، لە نەمانی ئازارەكانی ئێمەی مرۆڤ. بریتی یە لە داهێنانی ئاستی ژێری مرۆڤبوونی ئێمە. بریتی یە لە نێزیك بوونەوەی جیهانی راستی ئێمەی شارەوە بە دەست ناڵاندنی ناروونیەكان و ساختەكردنەوە واقیعەكانی ئێمەی مرۆڤ. بریتی یە لە قبووڵكردنی ئەوی تر و دەست هەڵگرتن بە دانپێدانی خۆشەویستی  بیرە جێاوازیەكان و فرەرەنگەكان. فەلسەفە كۆمەڵگایەك سازدەكرێت روو لە جیهانی گفتۆگۆ، ئازادی، زانست و داهێنان بكات و گەیشتن بە جیهانی هاوەڵاتیبوونی مرۆڤ و پاراستنی كەرامەت و بەهاكانی مرۆڤ. دیڵۆز لەم بوارە دا دەڵێت، “فەلسەفە هۆنەرێكە بۆ دامەزراندنی هۆنەری چەمكدانان”. ئانكۆ مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، خۆێندنەوەی فەلسەفە خۆێندنەوەی ئەو دیۆی شاراوەی ژیانە وە گەیشتنە بە هۆشیاری و ئاشنابوونەوەی خۆدی ناسینی ژیان و مرۆڤ.

ئایا دەكرێت ژن فەلسەفەكار بێت؟

ئەم پرسیارە پرسیارێكی ئاسان و هەم قووڵیشە. بە درێژای مێژووی مرۆڤایەتی ژن كەوتۆتە ناو چەندین سنۆر و بەربەستی نا ئاگاییەوە. ئەم نا ئاگایی بوونەوەی ژن وایكردووە كە دووربێت لە راستیەكانی خۆی ژنبوون وە هەبوونێك بێت لە پاشماوە دیدی پیاوانەوە. ئەمە شتێكی روون نییە بۆ ژن كرۆكی ئاسانكاری ژیان بێت، بەڵكوو خودی ژێردەستەبوون و نامووبوون و لاوازكردنەوەی ژنە لە ناو هەموو كایەكانی ژیانەوە. ئێمە باش ئاگایی لە زمانی مێتۆلۆژیا، ئاین، سیاسەت، ئابوور، زانست و خودی فەلسەفەیش لە سەر ژن هەیە. چەندە ئەم هەموو كایانە توانیویانە ژن بتەنێتە بەر جیهانی سایكۆڵۆژی شەرانگیزی ژیان. لە راستیدا ناكرێت ئێمە وا بیربكەینەوە كە ئەم هەموو كایانە نەیانتوانیوە ئكتیشافی ژیانی حەقیقی ژن بكەن، بەڵكو دەتوانین بڵێن جۆرێك لە جۆرەكان لە رووی ئازادی بیركردنەوە و سەربەستی ژن نەبووینەتە كایەیەكی ئاكتیڤی شرۆڤەكاری رزگاری دۆزی ژن. لێرە من ئەگەری ئەم كێشەیە دەگەرێنمەوە بۆ نەبوونی خۆدی دارێژتنەوەی زمان شیكاری. چونكە هەموو كایەكان زیاتر لە زمانی پیاوەوە سەرچاوە گرتوونەوە وە پیاو بووە خاوەنی ئەو شیكاریانەی كە لە سەر ژن هەبووە وە ژن تیادا بوونەوەرێكی ناموو و دەنگ كپكردنەوە و كەم نووسینەوەی گەیاندنی وشە، تێكست و هەڵویست بووە.

ئەو زەمینە فەلسەفیە بە باشی نەرەخساوە بۆ ژن بتوانێت خۆی پێ بناسێنێت زوربەی هەرە زۆری كومەڵگەكان رێگا پێ نەدراوە بچێتە ناو مێژووی فیكر و فەلسەفە بۆ ئەوەی بتوانێت سەر لە نوێ پێناسەی خۆی بە نووسن و زمان و تێروانینی خۆی ژن بگەینێتە جیهان و ناوەوەی ناوەڕووكی كۆمەلگەكان. كاتێك هایدیگەر دەڵێت” “زمان ماڵی بوونە”، ئەو كاتە دەبێ ئێمەی ژنیش بزانین، كە ئەگەر شتێك هەبێت ئێمە بگەرێنتەوە ناو دونیایبوونی ژنانەوە بە شێوازێكی “پاك و روون و ئازاد” دا زمانی فەلسەفەیە وە فەلسەفە ماڵی ئێمەی ژنە و لە ئێمەی ژنەوە سەرچاوەی گرتووە. نموونە لە چیرۆكی ئەفسانەی ئادەم و حەواوە، هەر خودی حەوابووە توانیوە شۆڕشێك لە دیندەهی سەر زەوی بە رێگایی ئادەمەوە بەرپابكات.

بۆ ئەوە ئەم چیرۆكە لە شوێنی خۆی بێت، بە زمانی پیاوە دینیەكان هەمیشە وا دەبینن كە حەوا هەڵەی سێكسی هەبووە، ئایا ئەگەر حەوا ئەو هەڵە سێكسیەوە نەكردبوو، تۆی خۆێنەر بڵیی ئێستا فرۆید و لاكان و فۆكۆ و…هتد بە داوای جیهانی دەروونشیكاری و خۆدی ناسینی چەمكی سێكسلوالیەتیەوە بوونیان هەبووە؟ لەگەل ئەوە رەگەزی نێر و مێ ناسین بۆ رۆشنبیری و پەروەردەكرنی ئەو چەمكە هەبووە؟ یاخود مرۆڤ وەكوو رەگەز بە تایبەتی رەگەزی نێر بە داوای چێژ و ئارەزووی ئەو چەمكە چووبوونەوە؟ یاخۆد ئێمە ئەو توانایە هەبووە كە ئەم گەردوونە هەمیشە لە رێگای سیستەمی دۆئالیزمەوە گەشەی كردووە؟ واتە لە ڕوانگەیی فەلسەفیەوە بە پێ شیكاركردنی منی ژن ئەگەر هەڵە نەبێت، شتەكانیش بوونی خۆی نابێت وە سەردەمی مردنی شتەكان و فەلسەفە دەستی پێ دەكات. ئانكۆ چەندە بوون و هەلەكردنەوە هەبێت فەلسەفە و لێگەرین بەداوای بوونی راستیەكانیش بەردەوام دەبێت. هەر ئەو زمانە نافەلسەفییە وایكردووە ژن بكەوێتە ناو دونیایی بە شەیتانكردن و تاوانباركردن و چەوساندنەوە دا وە لە زمان و هەموو بوارەكانی ژیان بسرێتەوە. لە رووی میتۆلۆژیەوە ئینانا یەكەم ژن بووە بە زمانی خۆی فەلسەفیەوە توانیوە نۆت نوو داهێنان ساز بكرێت. لە رووی زانستیەوە ژن بەرهەمێك بووە لە بەرهەمەكان گەورەی ئەم گەردوونەوە كە خۆلقاندنی مرۆڤ لە خوێن رژتن و رەحمی ئەو دا رێگایەك بووە بۆ زیاتر ڵێگەرینەوەی مرۆڤ لە حەقیقەتی زانست و زانین. لە بواری فەلسەفەوە ژنێكی وەكۆ سیمۆن دی بوارا، ماریا وڵسنگرافت، هانائارێنت، رۆزا لۆكسمبورگ و چەندین فەیلەسوفی تر بە ژن و بە پیاوەوە كەوتوونەتەوە ناو شۆڕشێكی گەورەی گۆرینی سەردەمە تاریكەكانی جیهان. ئەمە ئەوە دەگەینیت راستە لە رووی زمانەوە چەندین كارێكتەر وەكۆ فەیلەسۆفەكان و زاناكان، مەلاكان و سیاسەكان و نۆخبەكان و…هتد هەوڵیان داوە ژن بەرەو سەردەمی تاریكی و شكست و پاسیڤ بوون ببەن، بەڵام وەكۆ خۆدی فەلسەفە شتكی تربووە، چۆنكە فەلسەفەكار پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە چ ژن بێت یاخۆد پیاو بێت. تەنیا بە مەرجێك خۆی بە پێشمەرجی ئەركی فەیلەسەف بزانێت وە بتوانێت لە ناو جیهانی فەلسەفەدا بوونی خۆی هەبێت و ببتە وێنەیەكی داهێنانكار و فەلسەفەكار بۆ ناو سرۆشتی مرۆڤ و كۆمەڵگا بە تایبەتی ئەو كۆمەڵگایەی پربێت لە كێشە و ئازاری دیاردەكان. من وادەبینم، دەكرێت هەموو كەس خۆ بە فەلسەفەكار بزانن، بەڵام هەموو كەس بە ئەركی فەلسەفەكاری نا رابن. بۆیە ئاستی فەلسەفەكاری پەیوەندی بە ئاستی رێژەداریەوە هەیە وە هەموو كەس ناتوانن ببن فەلسەفەكار ئەگەر ئەو هێز و توانا و بەخشینەوە و ئەركداری و بوێری و راهێنانكاریە فەلسەفیانە تیادا نەبێت. ڵێرە ئەوەی ژنێكی فەلسەفەكار بەرهەم دەهێنیت بە دیدی من هۆنەرە. بۆ ئەوە تۆ فەلسەفەكار بیت دەبێت ئاگایی بۆ ناو فەلسەفەی هۆنەری هەبێت وە ئەوەی هۆنەرساز بێت دەبێ ئاگایی لە هۆنەری فەلسەفەكاری هەبێت. چونكە، ئەگەر شتێك ژن هۆشیار بكات ناسینەوەی ئازارەكانی ژنە بە ناسینەوەی هۆنەری وێنەكردنەوەی دیاردەكان و ڕووداوەكان و شتەكان. بۆ ئەوە كەڵەكردنی مەعریفە بكەوێتە ناو سرۆشتی بەخزمەتكردن و چارەنووس و خاڵی هاوبەشەكانی مرۆڤبوونی ژن و پیاوەوە. ئەو چەمكەی كە ژن و پیاو لە قۆناغی داگیركردنەوە و چارەنووسی هەڵە نا ئازاد دەیپارێزێت رەخنەكردنەوەیەكی فەلسەفیانە لەسەر لێپرسینەوەی رەمزی فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری. بۆ ئەوە ئێمە ژنێكی فەلسەفەكارمان هەبێت دەبێت بگەرێنەوە ناو دیاردەی مێژووی كۆمەڵایەتی كە چۆن هەوڵداراوە رێزبەستنی ژن بە فۆرمی پاسیڤ وە پیاو بە فۆرمی ئەكتیڤ فۆرمیڵەكراوە وە پشت بەستن بە جەنگاوەربوونی وێنەی پیاوساڵاری بۆ ئەوە لە كاتێكدا دوومانا لە ناو ژن و پیاو دا بەرجەستە ببێت!.

هاوشێوە

ڤیدیۆ