ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ئایا پێشکەوتنی خوشکی بچوک لە شووکردندا کێشە دروست دەکات؟

سەرباری پێشکەوتنی زۆربەی خێزانەکان لەسەر هەردوو ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، بەڵام هێشتا زۆر خێزان هەن ڕێگری لەوە دەکەن، کچی بچوک لە شوکردندا بکەوێتە پێشی خوشکی گەورەی خۆیەوە، لەوە دەترسن ئەم جۆرە شوکردنە ببێت بەهۆی ئەوەی کە خەڵک بە خراپی قسەوباسی ئەم شوکردن و پێشکەوتنە بگوێزنەوە. هەندێک کۆمەڵناس و چاودێریش هەن پێیانوایە، کە شوکردنێکی لەم شێوەیە گرژی و ململانە لە نێوانی خوشکەکاندا دروست دەکات.
مریەم (ناوی خوازراوی کچێکە) خەریکە خوێندنی خۆی لە زانکۆ تەواو دەکات، دایکیی ئاگادار کردۆتەوە لەوەی، کە هاوڕێیەکی کوڕی هەیە لە زانکۆ، کە بە نیازە بێت داوای بکات بۆئەوەی شووی پێ بکات. بەڵام دایکی بە توندی ئەو داواو پێشنیارەی ڕەت کردۆتەوە، لەبەرئەوەی کە جارێ خوشکە گەورەکەی شووی نەکردوە.
مریەم تاکە کەس نییە کێشەی لە ئەم شێوەیەی بۆ دروست دەبێت، چونکە هێشتا زۆر خێزان هەن بەلایانەوە عەیبە، کە کچی بچوک لە شووکردندا بکەوێتە پێشی خوشکی گەورەی خۆیەوە.
مریەم هەوڵی دا، کە دایکی بۆ ئەم مەسەلەیە قەناعەت پێ بکات، گوتی کە ئەو کوڕەی دەیەوێت داوای بکات ڕەوشتی بەرزە و باری داراییشی باشە و باوکی کۆمپانیای تایبەت بە خۆیی هەیە، دیارە بە هۆی بوونی ئەم سیفەتانەوە لە کوڕەکەدا مریەم خۆی پێی باشە شووکردنەکەی سەربگرێت و گوێ بەوە نەدات کە هێشتا خوشکە گەورەکەی بەبێ شووکردن ماوەتەوە. بەڵام دایکی نایەوێت ئەو شتانە بخوێنێتەوە، هەڕەشەش دەکات، کە ئەگەر مریەم واز نەهێنێت، ئەوا لەلای باوکی شکاتی لێ دەکات و ئەویش ڕەنگە چونە زانکۆی لێ قەدەغە بکات. بۆئەوەی ڕێگەی بینینی ئەو کوڕەی لێ بگرێت.
بەڵام کە مریەم ئەم شتانەی بۆ خوشکە گەورەکەی خۆی باس کرد، بەلایەوە سەیر بوو، کە ئەو هانیدا ئیش لەسەر ئەوە بکات، کە شووکردنەکەی بگەیەنێت بە ئەنجام، گوتی، کە کوڕێکی باش بۆی هاتۆتە پێشەوە، ئیتر بۆچی لێی ڕابوەستێت، پێویست ناکات شوو نەکردنی خوشکی گەورە ببێت بە بەهانە. کەچی دایکیان هەر سوور بوو لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی و مێردەکەشیی لە باسەکە تێگەیاند و ئەویش هەمان بۆچونی دایکەکەی هەبوو و ئەم جۆرە شوکردنەی بە کەتن زانی. گوتی کە شەمەندەفەری شووکردن و دروستکردنی ژیانی خێزانی خوشکە گەورەکەی بەجێ هێشتوە، ئیتر چۆن خوشکە بچوکەکەی لە پێش چاوی هەموان شو بکات؟
باوک و دایکی مریەم هەردووکیان خوێندنی زانکۆشیان تەواو کردوە، واتە ئەو دەستەڵاتە فکری و عەقڵیەیان هەیە کە بتوانن لە داوی دابونەریت بچنە دەرەوە و بەدەر لە نەریت و دەست تێوەردانی خەڵکی دەرەکی بڕیار لە شوکردنی کچەکانی خۆیان بدەن، بەڵام دیارە ئەو خوێندنەی ئەوان وای لێ نەکردوون، کە بتوانن لە دەرەوەی بە پیرۆززانینی هەندێک نەریتەوە بیر لە کچەکانیان بکەنەوە.
وەک ئەوەی کە لە ناو خێزانی مریەم و خوشکەکەیدا دەیبینین، هێشتا زۆر خێزان ماون نایانەوێت کچە بچوک لە شوکردندا بکەوێتە پێشی کچە گەورەوە، ئەم شتە وەک دیاردە لە ناو ئەم کۆمەڵگایانەی ئێمەدا کاردەکات، واتە مەسەلەکە تەنها تایبەت نییە بە دایک و باوکی مریەمەوە، بۆیە چارەسەرکردنیشی ئاسان نییە. لە زۆربەی بارەکانیشدا کچە گەورەکە لاریی لەوە نیییە کە خوشکە بچوکەکەی لە شوکردندا پێشی بکەوێت، بەڵام دایکان و باوکان لە ئەم مەسەلەیەدا دێنەپێشەوە و قسەی خۆیان زاڵ دەکەن. بەم شێوەیە ئەم هەڵسوکەوتە لە دایکان و باوکانەوە دوورنییە ببێت بە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە ڕق لێبونەوە و بێزراندن لە نێوانی خوشکەکاندا، دوواییش بکەونە ئەوەی کە یەکتر بەوە تۆمەتبار بکەن، کە بوون بە هۆی شوو نەکردنی یەکتری.
ئەو بێزراندن و ڕق لێبونەوەیە چەند جۆرێک لە جیایی و ڕق لەناو خێزانەکاندا دروست دەکات، کە دوایی چارەسەرکردنیشیان ئاسان نابێت، کێشەکەش لەوەدایە کە دایکان و باوکان بەهانەیەکی ماقوڵیان پێ نییە بۆ ڕونکردنەوەی هۆکاری پێکەوە بەستنەوەی هاوسەرگیریی کچەکان، بۆیە زۆربەی جار دەیبەستنەوە بە مەسەلەی قسە و باسی خەڵکەوە.
زۆربەی خێزانەکان هەست بەوە ناکەن، کە ڕەتکردنەوەی شووکردنی کچی بچووک لە پێشی کچی گەورەوە لەبەر هۆکاری قەیرەیی و خۆپاراستن لە قسە و قسەڵۆکی خڵکی، زیانی گەورەی دەروونی بە کچەکان دەگەیەنێت و ئاستی متمانە بەخۆبوونیان کەم دەکاتەوە، هەرچەند خوشکە گەورەکان هەوڵ بدەن کە بوونی ئەم جۆرە هەستکردنە لەلای خۆیان بشارنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کێشانە لە ڕووی دەرونییەوە کاریگەریی دەمێنێتەوە لەسەریان، چونکە هەست بەوە دەکەن، کە شوکردنیان قورس بووە، خۆیان وادەبینن کە توانای ئەوەیان نییە سەرنجی کوڕان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.
زۆرجار ئەوە ڕودەدات، کە باوکەکان یان دایکەکان بقیژێنن و بڵێن، کە یان دەبێت خوشکە گەورەکەت لە پێشەوە شو بکات یان دەبێت هەردووکتان پێکەوە دابنیشن پرچی سپی بووتان بهۆننەوە.
دیوێکی تری ئەم کێشەیە لەوەدایە، کە لەوانەیە لە پاش شووکردنی خوشکی بچووکەوە، هەر کەسێکی تر بچێتە داوای خوشکە گەورەکە بۆ هاوسەگیری، ئەگەر مەرجی باشیشی تیادا نەبێت ڕاستەوخۆ کچە گەورەکە قایل ببێت و شووی پێ بکات، تەنها لەبەرئەوەی خوشکە بچوکەکەی لەپێش خۆیەوە شوی کردوە و ڕۆشتوە.
ڕوانینی نوێ و توێژینەوە زانستییەکانیش هەموو پێکەوە لەگەڵ ئەوەدان، کە کچەکانی ناو خێزان لەمەسەلەی بڕیاردان لە ژیانی هاوسەریی خۆیاندا ئازادییان هەبێت، شتێکی زۆر لەبار وگونجاوە، خوشکەکان بە تێگەشتن و ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوانی خۆیان بڕیار لە کاروباری ژیانی خۆیان بدەن.

هاوشێوە

ڤیدیۆ