نوسینی: بێریڤان بەرگارەیی
وەك دەزانرێت كۆمەڵگەی كوردستان بەبێهیوابۆنێكی سەرانسەریدا تێپەڕ دەبێت لە ناویشیدا ژن و ڕۆڵی ژن لە سەروی هەمووی گەیشتۆتە دۆخی هەرە نالەبار لە ئاست دەسەڵاتدا ژن بوونی نیە. كە هەشبێت بە زهنیەتێكی پیاوانەیە و ئاسەواری ژنایەتی تیا نابینرێت لە دەسەڵاتدا جێگەی نابێ.
نمونەی زۆرمان بینی كە گەیشتنە ئاستێكی باڵا و دیسان نەیانتوانی بە ژنایەتی ڕۆل بگێڕن. ژن واتا خودی ویژدان, ژن واتا دادوەری, ژن واتا بەرپرسیاری, ئەمە شتێكی ئاشكرایە كە لەم دۆخە نالەبارەی هەرێمی كوردستاندا كە هەموو بوارێكی پەروەردە و سیاسەت و كۆمەڵایەتی گەیشتووە بە بنبەست دەنگی ناڕازی دەكرێتە ئامانج، بۆیە ژن یەكەمین قوربانیە لەم كاتەدا.
ژن بیەوێت ناڕازی بێت پێویستە بەرامبەر پەروەردەیەكی سەقەت دەنگهەڵبڕێ كە خۆی لەناو خێزان یەكەم كەسە باجەكەی دەدات, ئەگەر بیەوێت ناڕازی بێت پێویستە بەرامبەر نەبوونی پرۆژەیەكی پەروەردەیی میدیایی و سینەمایی و هونەری دەنگی بەرز بكاتەوە كە خۆی بەم هەموو درامای دوبلاژكراوی بێگانە و ناتەندروست یەكەم كەسە بە خێزان و منداڵەكانیەوە باجی هەرە قورسەكەی دەدات. پێویستە بەرامبەر ئەو هەموو دەرمانە ناتەندروستانە و نابەرپرسیاری تەندروستی دەنگی بەرز بكات كە دیسان هەر خۆی باجە قورسەكەی دەدات، بەرامبەر ئەو هەموو بازرگانە ناتەندروستانە كە تەنیا ژەهر دەر خواردی ئەم خەڵكە دەدەن و بەرامبەر كالای توركی كە هۆكاری هەرە سەرەكی ئەو هەموو نەخۆشی قورس و شێرپەنجە و جەڵتە و نەزۆكیەیە لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا كە بەر لە هەموو كەس دیسان خودی ژنە كە باجە قورسەكەی دەدات.
لێرەدا كاتێك ژن سەری بەرز دەكات و بۆ بەرگری لەم مافە ڕەوایانە دەردەكەوێت و هاوار دەكات: من مناڵم نەهێناوەتە دوونیا بە ژەهرەكەی ئێوە لە پێناو سەرمایەداربوونتان بە شێرپەنجە و كمیاوی توركی لە ناوبچێت, من كلتورێكی كوردانەم دەوێت نەك بیگانە, من ئەم بوردمان و كمیاباران و داگیركاریەی بێگانە چۆن قبول بكەم لەكاتێكدا لە دەیان كۆمەڵكوژی و ئەنفال و كیمیابارانمان تێپەڕاندووە!؟
لێرەدا دەسەڵاتە بازرگانەكان كە نوێنەر و باجخۆری ئەم هەموو تاوانەن یەكسەر دەكەوێتە جوڵە و بە هەموو هێز و دەزگا فەرمیەكانی یاسایی و ئەمنی و لەشكەری دژی دەوەستێت, پیسترین تۆمەت بۆی هەڵدەواسێت, بەساڵان بەبێ باكانە لە زینداندا لە ژێر ئەشكەنجە دەهێلێت, كە خۆم وەك نمونەی قوربانی هەرە بەرچاوی ئەم بابەتەم, لەكاتێك كە زیاتر لە سالێك كەس ئاگاداری ژنێك بە ناوی بێریڤان لە ناو زیندانیش نەبوو, تەنیا شتێك كە دەنگمی بەرزكرد ئیرادە و بەرخودانی خۆم و هاوكاری دەنگی بەرزی ژنانی دەرەوەی زیندان بوو، كە توانیان بیكەن بە ئەركێكی ویژدانی بەسەر شانی زۆر كەس و دەسەڵات ناچار بكەن دوای ساڵ و نیو كەیسەكەم رادەستی دادگا بكەن و دوای وێرانكردنی باری تەندروستیم و تێكدانی خێزانەكەم و بەدەركردنم لە شوێنی نیشتەجێ بوونم ناچار بە ئازادكردنم دەبن.
بەڵام ئەوەی كە ڕاستیە تاكە ڕێگای ڕزگاربوون لەم هەموو ناعەدالەتیە دەنگی خودی خاوەن حەقەكەیە كە لە لۆتكەدا ژنە, كە هێزی هەرە قورسە بەسەر گەندەڵی و نابەرپرسیاری, ژنە كە دەبێت لەسەر ئەم هەموو زوڵمە كە لەسەری پەیڕەودەكریت هۆشیار بكرێت و ژنە كە دەبیت ببیتە بە پێشەنگی هەر گۆڕانكاریەك لە كۆمەڵگەی ناهۆشیاری ئێمەدا.
ئەمرۆ ٥٠ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی لەیلا قاسم تێپەڕبوو
٥٠ ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژی ١٩٧٤/٥/١٢ لەیلا قاسم حەسەن لەلایەن