ناساندنى ڕۆمانی (من گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە)
شێنێ محەمەد
(من گڵۆپەكان دەكوژێنمەوە) ڕۆمانێكى ژنە نووسەر (زۆيا پيرزاد)ە كە لە ساڵى 2002 چاپ و بڵاو كراوەتەوە. بەسەرهاتەكانى ئەم ڕۆمانە لە باشوورى ئێران ڕوو دەدەن و بە چواردەورى ژيانى ڕۆژانەى دووبارە و تاقەتپڕوكێنى ژنێكى ئێرانى-ئەرمەنى دا دەسووڕێنەوە بە ناوى (كلاريس). ئەم ژنە دايكێكى نموونەييە بۆ خێزانەكەيى، هێندە سەرقاڵە بە ئەندامانى خێزانەكەيەوە كە خۆى فەرامۆش كردووە، ژنێكە كە هەمووان بە بوونى ڕاهاتوون و چاوەڕوانيان لێى هەيە. كلاريس ژيانێكى زۆر ئاسايى و دووبارەى هەيە، لەگەڵ مێردەكەى و سێ منداڵەكەى لە گەڕەكێكى دڵگيرى ئابادان دەژين. ئەو لە ڕۆتينى سووكنايدەرى خاوێنكردنەوە، چێشتلێنان، بازاڕكردندا دەژى و گەورەترين خەمى پاراستنى پەيوەندييەتى لەگەڵ دايكە قيرسچمەكەى، خوشكە قەيرەكەى، مێردە بێ هەستەكەى و منداڵە هاورهاجەكانى.
زۆربەى جار مرۆڤ وەختێك خودى خۆى لەناو قووڵايی ڕووداوەکاندایە؛ ئەوە شتە نایبینێت كە لە هونەر، ئەدەب و سینەمادا ڕوو دەدەن و دەيانبينێت.
کاتێک ڕۆمانى (من گڵۆپەكان دەكوژێنمەوە)م خوێندەوە هەمان ئەو هەستەم بۆ دروست بوو کە لە نمایشی پرۆژە هونەرییەکانی (ئەم مرۆڤانە کار دەکەن) هەستم پێ کرد، بە تایبەتی نمایشکردنی کورتە ڤیدیۆی (دایکم جلەکانی شۆرد)، کە لەلایەن خاتوو (ئاڤان عومەر) ئامادە کرابوو. تا ئەو ساتەش وەک ژنێک هەستم بەوە نەکردبوو كە کاری ژنان چەند تاقەتپڕوکێن و دووبارەیە. لێرەدا زۆیا پيرزاد جارێکی تر بە نووسینی ئەم کارە خستمیەوە بەردەم بیرکردنەوە لە دایکم و سەرجەم ژنانى ناو چوارديوارەكان.
ڕۆمانى (من گڵۆپەكان دەكوژێنمەوە) لە مەتبەخەوە دەست پێدەکات و هەر لەوێش کۆتايی پێ دێت. خۆ ئەگەر وەک ژنێک و لە ڕوانگەیەکی ژنانەوە بیخوێنرێتەوە بەدرێژايى تەمەن کۆتايی نایەت. زۆیا دەیەوێت پێمان بڵێت ئەگەر سەرجەم کارەکان کۆتاييان بێت کارەکانی کارەکتەری ڕۆمانەکە (کلاریس) لە مەتبەخ -کە دروستکردنی خواردنە بۆ هاوسەر و منداڵەكانى- کۆتايی نایەت.
کلاریس ژنێکە لەگەڵ سێ منداڵ و هاوسەرەکەی -زۆربەی کات دایک و خوشکەکەشی- لە ئابادان دەژين. ئەو زۆربەى کاتەکانی لە مەتبەخ بە دروستکردنی خواردن و پاکردنەوەی ماڵ بەسەر دەبات. لەگەڵ بەسەرهاتەكان و گشت دەنگەدەنگەكان دەبیت بە هاوڕێی بێ دەنگيی، تەنيايی، دڵتەنگی و خەمباری (کلاریس) و ئەو خەمگینییەشی كە باڵی کێشاوە بەسەر کارەکتەرە ژنەکانی ڕۆمانەکەدا.
پيرزاد بەجۆرێکی زۆر سادە و ساکار باس لە کاری ڕۆژانەی (کلاریس) دەکات: ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ منداڵەکان و هاوسەرەکەی. دواتر بەڕێکردنی منداڵەکان و ئارتوش و پاکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ماڵەکە، دیسان ئامادەکردنی خواردنی عەسرانەی منداڵەکان و جارێکی تر ئامادەکردنی نانی ئێوارە -کە زۆربەی کات کلاریس خواردنێک ئامادە دەکات خواردنی دڵخوازی ئارتوشە- دواتر ئاگاداربوون لە تەواوکردنی ئەرکی ماڵەوەی منداڵەکان و گێڕانەوەی چیرۆک بۆیان و خەوتنیان، دواجار شەوەکە بە دانیشتن لەگەڵ ئارتوش كۆتايى دێت، كە زۆربەی جار بێ دەنگی باڵ دەکێشێت و قسەیەکیان نییە بۆ وتن جگە لەوەی کە ئايا کامیان گڵۆپەکان دەکوژێننەوە.
لەناو بێدەنگی فەزای ڕۆمانەکەدا هەزاران جار گوێت لە دەنگی قاپ و مەنجەڵ، کەوچک و چەقۆ، شۆردنی کوپی قاوە و وەستانی پاسی مناڵەکان دەبێت و بێزار نابیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەكوو خوێنەرێك هەستێکی وات تێ دەگەڕێت کاتێک ژەمێک ئارتووش و منداڵەکان پێشنیاری خواردنی دەرەوە دەکەن، زۆر دڵخۆش دەبیت و بە خۆت دەڵێیت ئۆخەی ئەمڕۆ کلاریس خواردن ئامادە ناکات.
بەدرێژايی ڕووداوەکان دایکی و خوشکەکەی بوونیان هەیە، دایکی ژنێکی زۆر پاک و خاوێنە و هەرگيز لە کاری ناوماڵ تەواو نابێت و باوکی کلاریسی خۆشنەویستووە، بەڵام کاتێک دەمرێت چەندین ساڵ هەر ڕەشپۆشە و تا کۆتایيش ئامادە نییە واز لە پرسەگرتن بهێنێت. پێناسەی ژنی سەرکەوتوو لای ئەو ماڵەکەیەتی، ئەوەى كە تا چەند پاک و ڕێکخراوە. کاتێک بەکلاریس دەڵێت “ئەوە مێزی تەلەفونەکەت نەسڕیوە؟” ئەویش دەڵێت “با پێرەکە هەشت جار، دوێنێ شانزە جار، ئەمڕۆ سی و دوو جار”. وەکوو خوێنەرێک هەستمکرد دەنگی دایکمە و دەپرسێ ئەمساڵ فەرشەکان دەشۆيت؟ خواردن لە مەتبەخ سوورمەکەرەوە. لێرەوە زۆیا پێمان دەڵێت دایکی ئێمە و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەوە دوای نەوە خۆیان بەرهەمدەهێننەوە. ژنانێکی تەواو وابەستەی کولتوور و دابونەریتن و لە ناویدا تواونەتەوە و بێ ئاگان لەوەی کچەکانیشیان تێدا تواندووەتەوە.
ئالیس، خوشکەکەی کلاریس کچێکی بە تەمەنە و کێشەی گەورەی دۆزینەوەی هاوسەرێکە تاكوو ژیانە تەواونەکراوەکەی -بەڕای خۆی و دایکی- تەواو بکات. هەموو هاوسەرگيرييەكى کەسانی چواردەوری بە سووکایەتیەکی ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە خۆی دەزانێت. پێی وايە هاوسەری خوشکەکەى یەکەم جار دڵى بە ئەمەوە بووە و دواتر كلاريسى هێناوە، سەربارى ئەوەش، هێشتا بە هاوسەرگيرييەكى فاشلی دەزانێت و دەڵێت “ئەگەر وەک تۆ شوم بکردایە و بە ئەڵقەی زێڕ لە بری ئەڵماس ڕازیبوومایە دەمێک بوو شوم کردبوو”.
کلاریس بەردەوام بە دوای کاتێکدا دەگەڕێت کە تەنيا بێت، ئەو ژنێکی بێدەنگە و گوێ لە هەموان دەگرێت، بەڵام کەس نییە گوێ بۆ ئەو ڕادێرێت. ڕۆژێک لە بێزاریيدا بە خۆی دەڵێت: “لە هەمووان گەمژەتر خۆتی، ئەی خۆت چی؟ تۆ چیت دەوێت؟ دەمەوێت ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک بە تەنيا بم، دەمەوێت کەسێک هەبێت گوێم لێ بگرێت، ئەو شتانەی بۆ باس بکەم کە خۆشمدەوێن.” لێرەدا وەک ژنێک حەزدەکەیت دەستی کلاریس بگریت و هاوار بکەیت و بڵێیت من لێرەم، من لێرەم و گوێت لێ دەگرم، من دەزانم ئەو شتانە چین كە خۆشتدەوێن و ئەوانەشى کە ڕقت لێیانە، هەست بە دڵتەنگی و تەنيايی و ماندوبوونت دەکەم.
زۆیا دەیەوێت پێمان بڵێ ئەوە کلاریس نییە دەیەوێت تەنيا بێت یان کەسێکى دەوێت گوێی لێ بگرێت، بەڵكوو ئەوە خۆتی، ئەوە تۆيت بە دوای تەنيایيدا دەگەڕێيت.
کاتێک كلاريس دەڵێت: “من جگەرەم نەدەکێشا تەنيا ئەو کاتانە نەبێت کە ماڵ چۆڵ دەبوو، حەزم دەکرد بە تەنيا لەسەر قەنەفە چەرمینە سەوزەکە دانیشم و سەرم پاڵ بدەم بە پشتییەکەوە بیر بکەمەوە. لەم ساتە بێوێنەی تەنیاییدا هەوڵم دەدا بیر لە شتە ڕۆژانەییەکانی وەک نانی ئێوارە و دەرسنەخوێندنی ئارمەن و خەمساردی و کەمبیری ئارتووش نەکەمەوە، بەڵكوو بیر لەو شتانە بکەمەوە کە زۆر کەم دەرفەت دەبوو بکەونەوە بیرم؛ وەک ماڵەکەمان لە تاران، بیرکردنەوە لە باوکم، لە نانخواردنی نیوەڕوان کاتێک هەموومان پێکەوە دەمانخوارد، بیرکردنەوە لە شەڕە بەردەوامەکانی من و ئالیس”. لێرەدا وەک خوێنەرێک هەستم بە خەمێکی قووڵ کرد بۆ دایکم، بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە ژیانی پڕ لە ئازار و کێشە هەرگیز ئەو دەرفەتە کەمەی پێنەدان ژیانی ڕابردوویان بکەوێتەوە یاد، تا ئێستاش نازانم ژەمى دڵخوازى دايكم لەگەڵ خێزانەکەی چى بووە، دڵنیام لێشی بپرسم لە یادی نییە.
ئەو هەستەی کلاریس بۆ دراوسێ تازەکەیان بەڕێز (ئێمیلی) کوڕی خاتوو (سیمۆنیان) هەیەتی، هێندە هەستێكى بێوێنەيە، وەکوو خوێنەرێک دەتەوێت ژیانە دووبارەکەی کلاریس قڵپ بکەیتەوە و پەیوەندیەک لە نێوان ئەو جووتە دروست بکەیت و هەرچی هەیە و نییە بە باش و خراپەوە بسوتێ.
دواجار دەکرێت بوترێت پيرزاد دەیەوێت لە ڕێگەی ژنێکی وەکوو (كلاريس) بەئاگا، خوێنەوار، ڕۆشنبیر و مۆدێرنەوە پێمان بڵێت ئەو، ئەو کارە دەکات کە خۆى خواستى لەسەرى نييە، بەڵام چواردەورەکەی داوای لێ دەکەن. زۆيا دەيەوێت بڵێت ئەمە ئەو ژیانە ئايديالە نییە كە كلاريس دەيەوێت. كلاريس ژنێكى پەرتبووە لە نێوان خۆی و چواردەوریدا، ئەمەش وێنەی بەێشكى زۆر لە ژنانە كە بەدرێژايی مێژوو دیل بوون لە ماڵەکانياندا بە نائاگاییەوە ڕەفتاریان لەگەڵ كراوە و بوون بە قوربانی ئەو کۆمەڵگە و کلتوورەى کە هەر لەدایکبوونە ناسنامە و ڕۆڵى ئەوانى دیاری كردووە. ژنانێک کە ڕێگەیان پێ نادرێت بیر بکەنەوە و بەشداری کۆمەڵایەتیان هەبێت، ژنانێک بە جۆرێک سەریان لێدەشێوێنرێت کە نازانن کارە ڕاستەکە کامەیە، پێناسەیەکیان نیيە بۆ ژنبوون و هێشتا دڵنیا نین لەوەی کامەیە ژنی سەرکەوتوو؛ ئایا ژنى سەركەوتوو ئەو ژنەيە کە لە دایکی دەچێت و ماڵ پاک دەکاتەوە و گوێڕایەڵە و منداڵەکان بەخێو دەکات و هاوسەرەکەی خۆشناوێت -هەرگیز ناشتوانێت دان بەو ڕاستييەدا بنێت- یان ئەو ژنەيە كە دوای خەونەکانی دەکەوێت و خۆی دروست دەکات بەوجۆرەی کە دەیەوێت و لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و مرۆڤبوون پێناسە بۆ خۆی و ژنبوون دەکات؟
پيرزاد لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژە بەوە دەكات: “من زۆر لە بارەى ژنانەوە دەنووسم، چونكە لە ئێستادا پرسى ژنان كەڵكەڵەى بيركردنەوەكانمە. ئەوەى كە وا بير بكەينەوە ژنان وابەستەى پياوانن، بەڕاستى ئازارم دەدات. لە ئێران، ئەرمينيا، هندستان و زۆرێكى تر لە وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕواست، كچ كە لە دايك دەبێت كچى باوكيەتى، پاشان ژنى مێردەكەى و لە كۆتاييشدا دايكى كوڕەكەيەتى. چارەنووسى ژيانى ژن بەردەوام بەستراوە بە ژيانى پياوێكەوە. ئەوەشى كە كۆمەڵگەى لێى چاوەڕوان دەكات ئەمەيە: كاركردن لە ماڵەوە، شووكردن و پاشان منداڵ خستنەوە.”
زۆیا پیرزاد (1952) ژنێکی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنییە و بە فارسی دەنووسێت. خاوەنی چەند ڕۆمان و چیرۆکە و بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون. من گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە یەکێکە لە دیارترین ڕۆمانەکانی و خاوەنی چەندین خەڵاتە.
ناوى كتێب: من گڵۆپەكان دەكوژێنمەوە
نووسينى: زۆيا پيرزاد
وەرگێڕانى: شادى نيكخا
بەرهەمى: دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم 2013