نوسینى: ڕاز ئه‌سعه‌د
گرینگی‌دان و کارکردن له بواری نوسینه‌وه‌ی مێژووی ژن له کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهانی سێیه‌مدا به به‌راورد به مێژووی سیاسی، مێژووییه‌کی په‌راوێزخراوه.
له‌لای ئێمه‌ش سیاسه‌ت ئه‌و کایه‌یه که هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م سێکته‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه: مێژوو، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب … تاد سه‌پاندووه، به‌شی زۆری ئه‌و نوسراوانه‌ی هه‌تا ئێستا به‌رده‌ستن ده‌چنه خانه‌ی مێژووی سیاسیه‌وه، له نێو مێژووی سیاسیش‌دا مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد پانتاییه‌کی فراوانی داگیرکردووه (1 )و ته‌نگی به کۆی سێکته‌ره‌کانی دیکه هه‌ڵچنیوه، که دیاره مێژووی ژن زه‌قترین په‌راوێزخراوه‌کانه و بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی مێژوویی پێویستی به کاری جدییه، به جۆرێک کۆی پڕۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژوو بخرێته‌وه ژێر تیشکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و دووباره به شێوه‌یه‌کی زانستی نووسینه‌وه‌ی مێژوو بخرێته سه‌ر ڕێچکه‌ی میتۆدی شایسته.
جێی تێڕامانه، سه‌رباری هه‌ژاریی خۆی، جارێکی دیکه له ناو پانتایی مێژووی سیاسیش‌دا، ژن فهرامۆشکراوێکی بنه‌ڕه‌تییه.
هه‌رچه‌نده گرنگیدان به مێژووی ژن بۆ ساڵانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئادهتی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و له‌و مێژووه ته‌واو سیاسیهشدا، که‌مترین ئاماژه به ڕۆڵی سیاسی ژن دراوه (2)، له ڕاستیدا که‌من ئه‌و ژنانه‌ی که له دووتوێی لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا باسیان لێوه‌کراوه، به‌مه‌ش ڕۆڵی ژن تا ئێستا به لاوه‌کی و شاراوه‌یی هێڵدراوه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی زاڵبوونی باکگراوندی که‌لتوری نه‌خه‌مڵیوی بونیادی کۆمه‌ڵگه و گه‌شه‌سه‌ندی عه‌قڵیه‌تی نێرسالاری له کۆمه‌ڵگه‌دا، که هه‌میشه ژن وه‌ک ڕه‌گه‌زی دووه‌هه‌م بینراوه و هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی به‌ها و تواناکانی له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا دراوه، هه‌میشه وه‌ک پاشکۆی کاری پیاوان وێنا کراوه، نه‌ک هاوبه‌شێکی هاوسه‌نگ بێت، سیاسه‌تیش له‌م بیرکردنه‌وه و وێناکردنه به‌ده‌رنه‌بووه و بۆته فاکته‌ری قوڵکردنه‌وه‌ی دیدی ئه‌نتی ژن .
هه‌ژاریی ناوه‌نده ئه‌کادیمیا و توێژینه‌وه زانستیه‌کانی ئێمه له‌م بواره‌دا خه‌مساردیه‌کی قووڵی تێدا به‌دی ده‌کرێت، پێیانوایه ژن له ده‌ره‌وه‌ی مێژووه و ناکرێت مێژوویه‌ک بۆ ژن هه‌بێت، هه‌ندێکجار جیاوازیه‌کان گه‌یشتونه‌ته ئه‌ندازه‌یه‌ک ته‌نیا به که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌نگ و تواناکانی ژنه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو جیاکاری مۆڕاڵیش یه‌کێکی دیکه‌بووه له دیارده کوشنده‌کانی کۆمه‌ڵگه و مۆڕاڵێکیان بۆ ژن له ده‌ره‌وه‌ی پیاو داڕشتووه(3 ).
ئه‌م په‌راوێزخستنه به ته‌نیا هه‌ر له سیاسه‌تدا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵکو بواره‌کانی دیکه‌ش لێی بێبه‌ش نین: هونه‌ر، ئابوری، فه‌رهه‌نگی، ته‌ندروستی … تاد. بۆ نمونه ڕه‌نگه زیاده‌ڕه‌وی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێن ڕۆڵی ژنان له هونه‌ردا به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه له کۆمه‌ڵگه دابڕێندراوه و له ئاستی پێویستدانیه، ئه‌مه له کاتێکدایه هونه‌ر یه‌کێکه له پێگه بنه‌ڕه‌تیه گرنگه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک و به داینه‌مۆی شارستانیه‌ت و پێشکه‌وتن داده‌نرێت .
هه‌رچه‌نده چه‌ندین ژن بوونه‌ته ڕهنگداڕێژهری ئه‌و شارستانیه‌ته، ئه‌گه‌ر یه‌که‌م که‌س نه‌بن ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له پێشینه‌کانن و له و ژنه سهرهتایانهن که هه‌ناسه‌ی خۆیان داوه به بواره‌کان و ڕوحێکی ژنانه و هه‌ست بزوێنیان به هونه‌ر به‌خشیوه، به‌ڵام له تێڕامانێکی وردتردا ده‌بینن له هونه‌ریشدا جارێکی دیکه ڕۆڵی ژن به شاراوه‌ی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌شی که باسده‌کرێن ته‌نیا ڕۆڵیان له ئامادهبونیاندا به‌رته‌سک کراوه‌ته‌وه و زۆر جاریش به ناڕوونی باسده‌کرێن .
له‌یلا به‌درخان دیارترینی ئه‌و نمونانه‌ن که کۆڕ و ڕۆژنامه و گۆڤاره فه‌ڕه‌نسیه‌کانی ساڵانی ١٩٣٥ به ئه‌ستێره‌ی سه‌ما و مۆسیقای کوردی ناویان بردووه، له کاتێکدا هیچ کچه کوردێک له ساڵانی سیه‌کاندا و چه‌ندین ساڵی دواتریش بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بووه ببێته سه‌ماکار، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌یلا له هه‌مووان جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که گه‌وره‌ترین ڕۆڵی هه‌بووه له ناساندنی مۆسیقای کوردی له ئهوهوپادا .
له‌یلا به‌ردرخان کچی عبدولڕه‌زاق به‌درخان بووه، شاره‌زاییه‌کی فراوانی له هونه‌ری مۆسیقا و سه‌ما جۆراوجۆره ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کاندا هه‌بووه، شاره‌زای مۆسیقای ئه‌وروپی بووه، له بواری پڕاکتیکیشدا کارامه‌ییه‌کی به‌رچاوی له سه‌مای بالێدا هه‌بووه (4) ناو و وێنه‌ی له‌یلا مانشێتی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای دهڕازاندووه، کاتێک له‌یلا له وڵاتانی ئه‌وروپادا ئه‌م ئاهه‌نگانه‌ی ئه‌نجامده‌دا، هێشتا له کوردستاندا مۆسیقا و سه‌مای کوردی لای پیاوانیش به شێوه هاوچه‌رخه‌که‌ی پێشکه‌وتنی به خۆیه‌وه نه‌دیبوو، هه‌ربۆیه له‌یلا به یه‌که‌مینی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه داده‌نرێت که له ده‌ره‌وه هه‌وڵی بوژانه‌وه و بڵاوکردنه‌وه‌ی هونه‌ر و سه‌ماو مۆسیقای کوردیداوه(5).
گۆرانیش وه‌ک ژانرێکی دیکه‌ی هونه‌ر هه‌میشه بوارێکی ڕاسته‌وخۆ بووه که له ڕێگه‌ی ده‌ق و ده‌نگه‌وه توانیویه‌تی په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێت به کۆمه‌ڵگه، ئه‌مه بۆ خۆی دروستکرنی مێژووه، چونکه له‌کاتی وتنی هه‌ر گۆرانیه‌کدا پابه‌ندیت به ده‌قی بینراو و هه‌ر جۆره پڕۆڤه کردنێک به‌رجه‌سته‌کردنی مێژووه، هه‌ر بۆیه ژنانیش له‌م ئاڕاسته مێژوویی و ژانره هونه‌ریه‌دا بێبه‌ش نه‌بوون، هه‌ر یه‌که له ئه‌ڵماس خان ناسراو به‌ست ئه‌ڵماس (١٨٩٤-١٩٧٤) که خه‌ڵکی جه‌زیره بووه (6) هه‌روه‌ها مریه‌م خان (١٩٠٤-١٩٤٨)، له‌و ژنه یه‌که‌مینانه بوون که گۆرانیه‌کانیان له‌سه‌ر قه‌وان تۆمارکردووه، مریه‌م خان له ماوی هه‌شت ساڵدا نزیکه‌ی ٣١ گۆرانی له ڕادیۆی کوردیی به‌غداد تۆمارکردوه و زیاتر له ٢٠٠ گۆرانی و لاوکی هه‌بووه (7).
سه‌رچاوه‌کان:
1- د.کامه‌ران محمد، کوردناسی و مێژووی ژیانی ڕۆژانه، چاپخانه‌ی کارۆ، سلێمانی ، ٢٠٢١، ل٦٩
2- ڕاز ئه‌سعه‌د، میرزا مه‌نگۆڕی و مێژووی ژن ، ج ٢، چاپخانه‌ی یاد ، ل ١٠٩
3- د.ئیمام عبدولفه‌تاح ئیمام ، ئه‌فڵاتۆن و ژن : هاوار محه‌مه‌د ، چاپخانه‌ی موکریان ، هه‌ولێر ،٢٠١٣،ل ٧
4- فه‌رهاد پیرباڵ ، مێژووی ژن له کوردستان ، چاپخانه‌ی مایا ، هه‌ولێر ، ٢٠٢١، ل ٤١
5- ه .س.پ، ل ٤٢
6- ه.س.پ، ل ١٢٥
7- ه.س.پ ، ل ١٣٨