ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لە كۆمەڵگەی كوردیدا ژن خۆی قسەی نەكردووە و لە بری ژن قسەدەكرێت و بیردەكرێتەوە

نوسینی : ناسك واحید
گرفتەكانی مرۆڤ بە گشتی و گرفتەكانی ژنان بە تایبەتی لەم جۆرە ووڵاتانەدا زۆر زۆرن، بەڵام گەورەترین گرفتی ژن ئەوەیە، كە هەرچی توانا و ووزە و كەسێتی و بیركردنەوە و بوونی هەیە، كورتكراوەتەوە لە جەستەیدا، خراپتر لەم بچوككردنەوەی ژنیش ئەوەیە كە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نیە، براو باوك و خێزان و كۆمەڵگەی بە جەستەیەوە گرێدراوە و خاوەندارێتی لێدەكەن.
ئەم جەستەیە كراوە بە بەرپرس بەرامبەر دڵڕاگرتنی هەموو مرۆڤەكانی دەوری جگە لە خۆی. كەمترین ژن هەن كە توانیبێتیان خاوەندارێتی لە خۆیان بكەن و لە كاردابن و بڕیاربدەن و بیسەلمێنن كە ئەوان تەنها جەستەیەك نین و دنیایەك بوونی جوان و كاراو ناوازە و پێویست لە ژنێتیاندا هەیە، ئەو ژمارە كەمە ناتوانن ئەو فیكرە چەوتانە ڕاست بكەنەوە بەڵكو ئەمە پێویستی بە یاسای نوێ و گۆڕانكاری لە پرۆگرامی پەروەردە و هەوڵدانی سەرجەم ژنانەوە هەیە، ژن زۆر جار هێندە نەزان و نائاگا فێركراوەكە شارەزای بچوكترین مافی خۆی نیە، بە نمونە سادەترین ماف كە جۆری جل پۆشینە ژن ئەو مافەشی نیە و دەبێت كەسێكی دیكە بڕیاری بۆ بدات چی بپۆشێت، چونكە ئەو هەر لە بنەڕەتدا جەستەی لێسەندراوەتەوە و هیچ بڕیار و پەیوەستیەكی پێوە نەماوە، نەك هەر ئەمە زۆر كات ژن لە هەر تەمەن و پێگەیەكیشدا بێت هێشتا هەر خاوەن بڕیار و جوڵە و كردەكانی نیەو كەسێكیتر پێی دەڵێت كە چی بكات و بۆ كوێ بڕوات و چۆن پێبكەنێت و هاوڕێیەتی كێ بكات، واتە كۆی جەستە و وویست و فیكری ژن دەستی بەسەردا گیراوە، ژن لێرە وەك ئەو بوكەڵە نەزانە تەماشا دەكرێت كە كۆنترۆڵی ئیشپێكردنی لە چنگی كەسێكیتردا دادەنرێت و بە وویستی خۆی جوڵەی پێدەكات.
تا ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردیدا ژن خۆی قسەی نەكردووە، بەڵكو لە بری ژن بیردەكرێتەوە و قسە دەكرێت و بڕیار دەدرێت، كۆی ئەو قسە و بڕیارانەی كە لەم كۆمەڵگەدا هەن، قسە و بڕیاری ژن و ژنانە نین.
بەڵكو لە بری ژن بیردەكرێتەوە و قسە دەكرێت، تەنانەت ئەو ژنانەش كە كراون بە خاوەن پێگە و لە سوچێكدا خاوەن دەسەڵاتن ژنانە قسە ناكەن و پیاوێك لە واندا قسەدەكات و بڕیار دەدات و ئاڕاستەیان دەكات.
ئەمەش وایكردووە لە ناو دەسەڵات و بازنەی بڕیاردان و كۆمەڵگەدا، ژن و ئینێرژی ژنانە پەراوێز بخرێت، هەر بۆیە لە بۆشایی و نەبوونی بیركردنەوە و بڕیاری ژنانەدا ساڵانە ژنكوژی نەك هەر بەردەوامە، بەڵكو لە زیادبونیشدایە، گەر بێت و ژنێك بیەوێت خاوەندارێتی لە جەستە و بیركردنەوەی خۆی بكات و ژنانە بێتە گۆو قسە بكات و ڕێگا نەدات كەس لەبری ئەو قسە بكات هەر زوو دەكەوێتە بەر پەلاماری ووشەی زبرو سوكایەتی و هەڕەشە و دوواجار زۆر كات بە كوشتن كۆتایی پێدەهێنرێت و دەكرێتە دەرەوەی بازنەی ژیان و زۆر ئاسایی و بێ دەربەستانە ڕۆحی لێدەسێنرێتەوە، تەنانەت هێندە پێیان شەرمە كە ژنێك ژنانە خۆی بێت دووای كوشتنیشی لە گۆڕستانی بێناونیشان دەنێژرێت و دوای مردنیشی دژایەتی ناو و جەستەی دەكرێت.
ئەم دژایەتی و پەراوێزخستنەی ئازادی و توانا و هێزی ژن، تەنها كاریگەری لەسەر خراپتربوونی دۆخی ژن نیە بە تەنیا، بەڵكو كۆی كۆمەڵگە بەم عەقڵیەتە پوچانە گرفتدار دەبێت و بۆ دوواوە دەچێت و پێشناكەوێت، هەر كۆمەڵگەیە ڕێز لە توانا و ئازادی و بیركردنەوەی ژن نەگرێت، پێشناكەوێت و هەمیشە لە جەنگ و ململانێوە نزیكە، بە پەراوێزخستنی ئینێرژی ژن كۆمەڵگەش زەرەرمەند دەبێت و بێ بەش دەبێت لە سەلیقە و ووردبینی و باشی بڕیاری ژنانە، ئیتر كاتی ئەوەیە ژن خۆی قسە بكات و نەهێڵێت كەس لە بری خۆی بڕیاردەر و بیركەرەوە بێت، ژن دەبێت خۆی بناسێت و تێبگات لەوە زیاتر و گەورەترە كە پێناسەكراوە، ژن دەبێت خۆی دووبارە پێناسەی خۆی بكاتەوە و هەموو ئەو قسانە بسڕێتەوە كە لە بری خۆی بە بچوككردنەوە پێناسەیان بۆ نوسیوە و ناساندویانە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ