ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ڕۆڵی ژنان لە گۆڕانكاری كۆمەڵگە

نوسینی: میدیا عەبدووڵا علی

ژنان بەشێكی دانەبڕاون لە كۆمەڵگە، ژنان نیوەی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، ڕاپۆرتێك كە سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی پێكردووە، ژنان بە مەزەندەكردنی 50%ی سەرچاوە مرۆییەكان پێكدەهێنن، بەم شێوەیەش یەكێكن لە گەورەترین سەرچاوە مرۆییەكان لە تەنیشت سەرچاوە مرۆییەكانی پیاوەوە، هەروەها ژنان بەردی بناغەی گەشەسەندنی بەردەوامن لە كۆمەڵگەدا. ژنان ڕۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لە ڕینێسانسی كۆمەڵگە كۆن و مۆدێرنەكاندا و لە ڕێگەی ئەم ڕۆڵەوە توانای خۆیان بۆ هێنانەدی گۆڕانكاری ئەرێنی لەو كۆمەڵگەیانەدا نیشان داوە، ئامادەبوونی بەرچاویان لەلایەنە جۆرا و جۆرەكانی ژیان و پێداگرییان لەسەر وەستان لە تەنیشت پیاوان و پشتیوانیكردن لێی ئەوەیە بەڵگەی ئەوەی كە ئەوان توخمێكی جەوهەرین لە هێنانەدی پرۆسەی گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا.

ئەو گۆڕانكارییە ئەرێنییەی كە كۆمەڵگەكان بەدوایدا دەگەڕێن تاڕادەیەكی زۆر پەیوەستە بە واقیعی ژنان و تا چەند توانای ئەوەیان هەیە ڕۆڵی خۆیان لە كۆمەڵگەدا ڕاپەڕێنن، بەو پێیەی ڕۆڵێكی جەوهەری دەگێڕن لە بنیاتنانی خێزانەكانیان و گرنگیدانیان لە ڕێگەی ئەو بەرپرسیارێتییەی كە دەكەوێتە سەریان وەك دایكێك بۆ پەروەردەكردنی نەوەكان و وەك ژنێك لە ڕووی بەڕێوەبردنی خێزانەوە هەڵیدەگرێت، لەگەڵ پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگاكان، بۆمان دەردەكەوێت كە ژنان نەك تەنها خۆیان پابەند كردووە بە ئەركی خۆیان بەرامبەر بە خێزانەكانیان و پەروەردەكردنی منداڵەكانیان، بەڵكو لە بوارە جیاجیاكانیشدا ڕۆڵێكی كۆمەڵایەتی گەورەیان بینیوە، بە پشتبەستن بە بڕوانامە زانستی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكانیان، ڕۆڵیان لە كۆمەڵگدا لە ئاستە جیاوازەكاندا جیاواز بووە.

ڕۆڵی ژن وەك دایك لە خێزاندا:

یەكێكە لە گەورەترین تەحەددایەكان دادەنرێت كە ڕووبەڕووی دەبنەوە و لە ژیانیاندا ئەنجامی دەدەن لە نێو ڕۆڵە كۆمەڵایەتییەكانی تریاندا، بەو پێیەی بارگرانی و بەرپرسیارێتی خێزان لە ئەستۆ دەگرن، لە چاودێری بەتەمەنەكان و بەڕێوەبردنی ئابووریی ماڵ بۆ پەروەردەكردنی منداڵەوە، وەك خۆیان یەكەم كەسی بەرپرسیارن كە دەبێت ئەخلاقی منداڵان بەهێز بكەن بە هاندانی بە شێوازی خۆیان بۆ ڕێكوپێكی و دیسیپلین و ڕاستگۆیی و ئەخلاقی باشتر، جگە لەوەی خۆشەویستی و میهرەبانی و ناسكی پێشكەش دەكات بەم شێوەیە ئەندامی تەندروست و عەقڵانی كۆمەڵگە دروستدەكات كە بارودۆخی كۆمەڵگەكانیان باشتر دەكەن.

ڕۆڵی ژنیش وەك هاوسەر جگە لە سەركردایەتیكردنی ماڵ بە هاوبەشیكردن لەگەڵ هاوسەرەكەی و یاوەریكردنی لە سەفەری ژیانیدا سەرەڕای سەختی و ژیان لە فشارە دەرونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، بەڵام  پێویستە هەوڵ بدات كاربكات بەهاوبەشی  لە دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام و ڕێكخراو بۆ خێزانەكەی، هەروەها كەشێكی گونجاو دروست بكات بەهاوكاری هاوسەرەكەی بۆ یارمەتیدانی بیركردنەوە و پلاندانان بە شێوەیەكی دروست بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری خێزانی، جگە لەوەی سەرچاوەی سەرەكی ئیلهامبەخش بێت بۆ هاوسەر و پشتیوانێكی ڕاستەقینەی ئەو دەستكەوتانەی بەدەستی دەهێنێت، لێرەدا پێویستە ژنان لەوە تێبگەن پەروەردەی سەلامەت لە خێزاندا پێویستی بە دایكێك و هاوسەرێكی ڕۆشنبیر و خوێندەوارە.

گەورەكردنی مناڵ تەنها دابینكردنی خواردن و جلوبەرگ نیە، بەڵكو ئاگاداربوونیشە لە پێویستییە دەروونییەكانی ئەبێت بزانن لەهەر تەمەنێكدا، مناڵ لە چ ڕوویەكەوە لاواز و بەهێزە و چۆن ئەتوانن وەڵامدەرەوەی پرسیارەكانی مناڵبن. چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی مناڵ بكەن و چۆن كەسایەتی مناڵ بەهێز بكەن چۆن ڕوبەڕوی كێشە خیزانی یەكان ببنەوە. ئافرەتان ئەبێ بیر لەوە بكەنەوە هاوسەرگیری بەدیلی خوێندن نییە بەڵكو خوێندن گرنگترین بنەمایە بۆ هەنگاونان بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و دروستكردنی خێزانی تەندروست.

كۆمەڵگە دواكەتوەكان  میژویەكیان هەیە لەگەڵ ئەو بیرۆكە هەڵانەی كە چەندین ساڵە ژنان پێوەی دەناڵێنن   وەك ئەوەی ژن بێعەقڵ و لاواز و كەمتوانا سەیر ئەكرێت، پیاو خۆی بە خاوەنی ژن ئەزانێت و بە مافی خۆی ئەزانێت بڕیار بۆ ژن وخوشك و دایكی بدات. لە ناو بازاڕ و شوێنی كار تێڕوانینێكی سێكسی و ئازاردەری بۆ ژنان هەیە، توانج و نوكتە و هێرشی زارەكی بۆ سەر ژنان ئەكرێت. ئەم جۆرە كولتوور و عەقڵیەتە پێویستە گۆڕانكاری بەسەردا بێت ژنانی ڕۆشنبیر ئەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە نەهێشتنی ئەم كلتورە بە پێگەیاندنی خێزانێكی تەندروست وە بەشداركردنیان لە خەبات بۆ داواكردنی مافی ژنان خۆیان و مافی ئەندامانی كۆمەڵگەكەیان، بەبێ دەنگی خودی ژنان و هەستی ژنانە و تێڕوانینی ژنی ئەركدار و بەرپرس لە ئاست كۆمەڵگە، گۆڕانكاری ڕاستەقینە نایەتە دی. خۆش بەختانە ژنان بە چەندین شێوەی جیاواز و لە سەرانسەری پلاتفۆرم و شوێنی جۆراوجۆردا هێز و توانای خۆیان سەلماندووە، هاوكاربوون لە پەرەپێدانی كۆمەڵگە تا ڕادەیەكی زۆ .

كاركردنی ژنان جا پیشەی سەربەخۆبێت یا فەرمانبەربێت لە دامەزراوە حكومییەكان یا كەرتی تایبەت جیاوازی جەندەری لە ناو تاكەكانی كۆمەڵگە كەم دەكاتەوە بنەمایەكە بۆ بەدەستهێنانی دادوەری كۆمەڵایەتی ویەكسانی لە مافدا بەو پێیەی كە كاتێك ژن سەربەخۆیی ئابووریی و دارایی هەبێت، بتوانێت خۆی ژیانی خۆی بەڕێوە ببات و پێداویستییەكانی ژیانی دابین بكات، دەتوانێت بۆ ژیانی خۆی بڕیار بدات و لە بەردەم پێشێل كردنی مافەكانی و دەستدرێژی بۆسەر ماف و كەرامەتی لەلایەن پیاوان و بەتایبەت هاوسەر و برا باوك بێدەنگ نەبێت، جگە لە وەش ژنی خاوەن كار ئەتوانی هاوكاری خێزانەكەی بكات لە دابین كردنی بژێوی ژیان و  وە بونی خۆی بسەلمێنێت كە وەك ژنێك ئەتوانێ بەشداری لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەكەی بكات.

سەبارەت بە رۆڵی ژنان لە سیاسەت: 

لەسەر ئاستی جیهان ژمارەیەكی دڵخۆش كەرنەبووە كەم لە ژنان توانیوویانە ئاستەنگەكان ببڕن بگەنە دەسەڵاتی بڕیار زۆر كات ئەو ژنانەی بەشداری سیاسیشیان كردوە كەوتونەتە ژێرسێبەری پیاوان بۆیە زۆرێك  لە و ژنانە لێهاتوو و باشەكانی جیهان لە سیاسەت دووردەكەونەوە و هەوڵیانداوە خۆیان لە نێو رێكخراوە ناحكومیەكان ببیننەوە، هۆكاری سادەش بۆ رووكردنە ئەم رێكخراوانە دووركەوتنەوە لە سیاسەت بووە، لە بەر ئەوەیە ئاستەنگەكانی پیاو سالاری لە سیاسەتدا هێندە بەهێزە كە زۆر بە زەحمەت ژنان دەتوانن زاڵبن بەسەریاندا. بەڵام ئەگەر چی ئافرەتان  لە كایەی سیاسەت ئاستەنگیشیان بۆ دروست كرابێت لە بواری كاری ریفۆرمی كۆمەڵایەتی و خێرخوازی و بەرهەمهێنانی گوشار بەجێ نەهێڵاوە و لە كۆمەڵ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بوونی خۆیان سەلماندوە و هەڵوێستیان هەبووە كاریان كردوە لە پێناو هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگەو خودی ئافرەتیش وە هەوڵیان داوە داكۆكی كاری سەختی مافەكانی ژنان بن لە یاسا و دەستوری وڵاتدا.

خۆش بەختانە لە ئێستادا ژنان پشت بەستن بە بنەمەكانی مافی مرۆڤ  و مافی ژنان هەنگاویان ناوە كە بەشداری پڕۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتەكانیان بكەن بە پەراوەكردنی مافەسیاسی یەكانیان دەوڵەتانیان ناچاركردووە كە چیدی نەتوانن دەسەڵاتەكان هەڵبژێرن بەبێ بەشداریكردنی ژنان، ئەمڕۆ ژنانێكی زۆر دەبینین بونەتە سەرۆك وەزیران و وەزیر و پەرلەمانتار ئەمەش وادەكات كە ژنان بتوانن ئەو عەقڵێت و یاسایانە بگۆڕن كە لەگەڵ بەرژەوەندی ژنان و دادپەروەری كۆمەڵگە ناگونجێن.

هاوشێوە

ڤیدیۆ