ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی شەقام لە كەركوك بەرێوەیە

تریفە حسن: تەوار
خولی حەوتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی شەقام لە كەركوك رێكدەخرێت و لە ئێستا لیژنەیەكی تایبەت بەو بوارە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكە.
بەهاوبەشی هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری هەریمی كوردستان و عێراق لەسەر بودجەی ئەو دوو وەزارەتە بڕیاروایە لە ماوەیەكی نزیكدا خولی حەوتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە شاری كەركوك بەرێوەبچێت.
لەم بارەیەوە شانۆكار هەوار فارس، سەرپەرشتیاری پرۆگرامەكانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لەكەركوك بە سایتی تەواری ووت” لە ئێستادا دەستمانكردووە بە ئامادەكاری وەكوو هەنگاوی سەرەتامان، لە ڕێگەی فۆڕمێكی ئەلیكترۆنییەوە دەرگای وەرگرتنمان بۆ تیپ و گروپە شانۆییەكان واڵاكردووە كە دەیانەوێت لە خولی حەوتەمی فێستیڤاڵدا بەشداربن”.
خاتوو هەوار باسی لەوەكرد كە فێستیڤاڵی ئەمساڵیان جیاوازترە لە خولەكانی رابردوو، چونكە لە مساڵدا نمایشەكانی فێستیڤاڵ خۆی لە سێ جۆر شانۆدا دەبینێتەوە وەك (شانۆی شەقامی ناوشار و شانۆی شەقامی منداڵان و شانۆی نێو زانكۆكان).
هەورەها وتیشی” فێستیڤاڵەكە نێودەوڵەتی دەبێت جگە لە بەرهەمی گروپە ناوخۆییەكانی كوردستان و عێراق لە چەندین وڵاتی دیكەوە شانۆكاران بەشداردەبن، بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەكوو ڕێكخەرانی فێستیڤاڵ دامانڕشتووە، جگە لە بەرهەمی شانۆیی، وۆرك شۆپی تایبەت بە شانۆی شەقام بۆ چەند پسپۆڕێكی ئەو بوارە ڕێكدەخەین و پانێڵ و بڵاوكردنەوەی كتێبی شانۆیی بەشێكی گرنگی فێستیڤاڵ دەبێت”
هەوار فارس ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تا ئێستا كاتی دەستپێكی فێستیڤاڵەكەیان دیاری نەكردووە و دەڵێت” دوای وەرگرتنی بودجەی تایبەتی فێستیڤاڵ لەلایەن هەردوو وەزارەتی رۆشنبیرییەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كات و ساتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ ڕادەگەیەنین”.

هاوشێوە

ڤیدیۆ