چیا یاسین
لەگەڵ پێشكەوتنە كۆمەڵایەتی و كلتوری و زانستی و تەكنەلۆژیەكاندا، ساڵ بە ساڵ كۆیلایەتی لە پەرەسەندندایە، كە ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی ئەو ڕێكخراو و كەسایەتیە مرۆڤدۆستانەی جیهان، كە لە هەوڵی بە دەستخستی هەموو مافێكن بۆ مرۆڤەكان، سەڕەڕای ئەوەش لە ووڵاتە پێشكەوتوەكان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژانە كۆیلە دەبینرێت لە بەرگی مرۆڤدا، كە وەك خزمەتكار بەڕوە دیارەكەی و چەندین شیوازیتری كۆیلایەتی بە شێوەی نادیار و دوور لە چاوی كۆمەڵگە دەچەوسێنرێتە، كە بە كۆیلایەتی مۆدێرنە ناودەبرێت، ڕۆژی ٣/١٢ ڕۆژی جیهانی ئازادی كۆیلایەتیە بۆیە لێرەوە كۆیلایەتی دەناسێنین:
ویكیپیدیا بەو جۆرە پێناسەی دەكات بەوەی حاڵەتی بە كاڵا دانانی مرۆڤە كە خاون ماڵ دەتوانێت بیفرۆشیت یان بیكڕێت و ناچاری بكات بە ئەنجامی كارێك، كۆیلایەتی چەندین جۆری هەیە، كۆیلایەتی لە یاسای نێونەتەوەیی (Slavery in international law) بەپێی چەند ڕێككەوتنامەیەك، پەیماننامە و ڕاگەیاندنێك بەڕێوەدەبرێت. گرنگترین و لە پێشینە ترینیان بریتییە لە ڕاگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨، بڕگەی ٤ دەڵێت ” نابێت هیچ كەسێك لە كۆیلایەتی بهێڵدرێتەوە و دەبێت هەموو جۆرەكانی كۆیلایەتی بسڕدرێتەوە”.
مێژووی هەڵوەشاندن و سڕینەوەی دیاردەی كۆیلایەتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٠٧ لە بەریتانیا، بەپێی یاسای هەڵوەشاندنەوەی كۆیلایەتی، چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر لە بوارەكانی مرۆڤایەتی و كۆیلایەتی ئەم یاسایە بە سەرەتای كۆتاییهاتنی شێوازی باوی كۆیلایەتی دادەنێن. لە دوای تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەم یاسایە پەرلەمانی بەریتانیا دیاردەی كۆیلایەتی لە زۆربەی ناوچە داگیركراوەكانی هەڵوەشاندەوە.
هەروەها ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ڕاگەیاندنی مافەكانی مرۆڤ و هاووڵاتی فەڕەنسی، پەیمانی مافەكانی مرۆڤی ئەفریقیا، لەگەڵ دەستووری باشووری ئەفریقیا، هەموو ئەم بڕیارانە جەخت دەكەنەوە لە ئازادی مرۆڤ، لە هەر چەوساندنەوە و ستەمێك. بەڵام هێشتا دیاردەی كۆیلایەتی لە چەند وڵاتێك هەر بەردەوامە و گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە و فۆڕمێكیتری بەخۆیەوە بینیوە، وەك هەموو پێشكەوتنە كۆمەڵایەتیەكان كۆیلایەتیش مۆدێرن بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی بە ناوی “واڵك فری” كە لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە لەندەن بڵاوكرایەوە، ئاماژە بەوە دەكات، ژمارەی ئەو كەسانەی كە بوونەتە قوربانی دەستی كۆیلایەتی مۆدێرن لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە بە نزیكەی ٥٠ ملیۆن كەس لە جیهاندا گیرۆدە و قوربانی كۆیلایەتی مۆدێرنن، كە بە بەراورد بە پێنج ساڵ لە مەوبەر، ژمارەكە ١٠ ملیۆن زیادیكردووە، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو كەسانەی بەهۆی هەژاری، ململانێ و ڕووداوە نەخوازراوەكان و گۆڕانی كەش وهەوا لە ماڵەكانیان دەردەچن، مەترسی تایبەتیان لەسەرە بۆ ئیستغلالكردن بە كۆیلەكردن، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، سنوورداركردنی جیهانی بۆ مافەكانی ژنان و كاریگەرییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی دۆخەكەی خراپتر كردووە.
لە هیندستان ١١ ملیۆن كەس و لە چین ٥ ملیۆن كەس و لە ڕووسیا یەك ملیۆن و ٨٠٠ هەزار كەس بە هۆكاری جیاجیا ئیستغلال دەكرێن و لە چوارچێوەی ویستراودا كەس و كۆمەڵەكان مامەڵەیەكی نادروستیان لەگەڵ دەكەن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، كۆیلایەتیی مۆدێرن لە هەموو وڵاتێكی جیهاندا بوونی هەیە، كەیسەكانی كرێكاری زۆرەملێ و هاوسەرگیریی زۆرە ملێ لە وڵاتانی مامناوەند و ئاست بەرزدایە، هەروەها باس لەوەش كراوە كە لە هەر هەزار كەسێك، چوار یاخود پێنج كەسیان رووبەڕووی كۆیلایەتی دەبنەوە. لەوانە لەسەدا ٧١-یان ئافرەت و كچن. لە سەدا ٢٩-شیان لە رەگەزی پیاون.
كۆیلایەتی لە سەدەی بیست و یەك، كۆیلەی هاوچەرخ، كۆیلایەتی مۆدێرن یان كۆیلایەتی نوێ ئاماژەیە بۆ ئەو كۆیلایەتییەی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەردەوامە. تاوانێكی شاراوەیە كە هەموو وڵاتێكی جیهان دەگرێتەوە.
كۆیلایەتیی هاوچەرخ بریتیە لەو قۆرخكاریانەی لە زۆرێك لە كارگەی جلوبەرگ، كێڵگەی كشتوكاڵی و تەنانەت لە ماڵە تایبەتەكانەوە تا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی ئاوارە و پەنابەرانی ناوخۆ دەگرێتەوە. كۆیلایەتیی مۆدێرن چارەسەركردن و نەهێشتنی بەرپرسیارێتی هەمووانە.
كۆیلایەتیی مۆدێرن كۆمەڵێك چەمكی یاسایی تایبەت دەگرێتەوە لەوانە كاری زۆرەملێ، بەندایەتی قەرز، هاوسەرگیری زۆرە ملێ، كۆیلایەتی و هاوشێوەكانی و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە. هەتا ئێستا كۆیلایەتیی مۆدێرن لە یاسادا پێناسە نەكراوە، بەڵام وەك زاراوەیەك بەكاردێت.
كۆیلایەتی ئاماژەیە بۆ خراپی دۆخی كەسێك كە ناتوانێت ڕەتی بكاتەوە یان جێی بهێڵێت بەهۆی هەڕەشە، توندوتیژی، زۆركردن، فریودان یان خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە.
نووسینگەی چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، كە دەزگایەكی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە دەڵێت” كۆیلایەتیی مۆدێرن، وەك زاراوە بەكارهێنراوە بۆ كاری زۆرە ملێ یان كردەوەی بازرگانی سێكسی لە ڕێگەی بەكارهێنانی هێز، ساختەكاری، یان زۆرە ملێ”.
جگە لەمانە كۆمەڵێك زاراوەی جیاواز لە یاسای فیدراڵی ئەمریكا بۆ پاراستنی قوربانیانی بازرگانیكردن و توندوتیژی لە ساڵی ٢٠٠٠ و پرۆتۆكۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ڕێگریكردن و سەركوتكردن و سزادانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، بە تایبەتی ژنان و منداڵان بەكارهێنراون، لەوانەش كۆیلایەتیی نائیرادی، كردارە هاوشێوەكانی كۆیلایەتی، كۆیلایەتیی قەرز و كاری زۆرە ملێ.
پرۆفیسۆری ئەمریكی كیڤن بەیڵز، دامەزرێنەری و سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوە ناحكومیەكان و گروپی داكۆكیكار لە ئازادی كۆیلەكان دەڵێت” كاتێك كەسێك هێز و توندوتیژی بەكاردەهێنێت بۆ كۆنترۆڵی كەسێك بە ئامانجی ئەوەی ئەو كۆنترۆڵە بە خراپ بەكاربهێنێت “. هەروەها كاریگەری كۆیلایەتی كاتێك مەترسیدارە كە منداڵان بەئامانج دەكرێن.
بەیڵز پێیوایە: لەبەر ئەوەی كۆیلایەتی لە هەموو شوێنێك كارێكی نایاساییە، بۆیە بەنهێنی و شاراوەیی ئەنجامدەدرێت. بۆیە داتایەكی ورد و سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو لە بەردەستدا نیە، باشترین شت كە دەتوانرێت بكرێت، خەمڵاندنە بە پشتبەستن بە سەرچاوە لاوەكییەكان، وەك لێكۆڵینەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بابەتەكانی ڕۆژنامەكان، ڕاپۆرتەكانی حكوومەت و ژمارەكانی ڕێكخراوە ناحكومییەكان”.
هەتاوەكوو ئەمڕۆ لە هەندێك ناوچەدا ململانێی بەردەوام و ناسەقامگیری سیاسی و ئاوارەبوونی زۆرە ملێ بونەتە بزوێنەری سەرەكی كۆیلایەتیی مۆدێرنن. گۆڕانكارییەكانی جیهانی و كۆچكردن، ئامادەیی زۆر كەس بۆ چەوسانەوە پەرەی بەدیاردەكە داوە.
كۆیلایەتی زۆر جۆر و ڕێگەی هەیە دیارترینیان بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە كە لە پرۆتۆكۆڵی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە نەتەوەیەكگرتووەكانە بەم جۆرە دەیناسێنێت، كە بریتییە لە دامەزراندن و گواستنەوەی زۆرەملێی كارمەند، یان وەرگرتنی كەسەكان بە ڕێگەی هەڕەشە یان بەكارهێنانی هێز یان زۆركردن بە مەبەستی ناچاركردن بۆ زۆرلێكردنی سێكسی، كاری زۆرەملێ یان كۆیلایەتی.
هەروەها ناچاركردنی منداڵ بەكارێك و بە گواستنەوە و بەكارهێنانی منداڵ بە مەبەستی خراپ “بازرگانیكردن بەمنداڵ” دادەنرێت تەنانەت ئەگەر هەڕەشە و بەكارهێنانی هێز یان زۆركردنیشی تێدا نەبێت، جۆرێكیتری كۆیلایەتیی قەرزە و بەو جۆرە پێناسە دەكرێ، كە كەسێك كار یان خزمەتگوزارییەكانی خۆی بەكەسێك بە گرێبەست بەخشیبێت، وەك زەمانەت بۆ گەڕاندنەوەی قەرزێك یان پابەندبوونێكیتر. گەر لە هەر بەندێكی گرێبەستە مەرجەكانی گەڕاندنەوەی قەرزەكە بە ڕوونی یان بە شێوەیەكی گونجاوانە باس نەكرابوو، ئەوا ئەو كەسەی قەرزەكەی بەدەستەوەیە، كۆنترۆڵی بەسەر قەرزدارەكەدا هەیە، كە ئازادییەكەی پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی قەرزە كە هەندێكجار كاتی دیاری نەكراوەكەوە.
جۆرێكیتر لە كۆیلایەتی هاوسەرگیری زۆرەملێ ( هاوسەرگیری بەزۆر) بەوە پێناسە دەكرێ كە بەبێ گوێدانە تەمەن و بەبێ ڕەزامەندی خۆیان ناچار بوون هاوسەرگیری بكەن. بە شێوەیەكی سەرەكی بەهۆی كولتوورەوە لە هەندێك ناوچەدا، هاوسەرگیری پێشوەختە یان زۆرەملێ، جۆرێكە لە كۆیلایەتی كە ملیۆنان ژن و كچ لە سەرانسەری جیهاندا دەگرێتەوە. كاتێك خێزانەكان ناتوانن بژێوی منداڵەكانیان دابین بكەن، زۆرجار كچەكان لەگەڵ خێزانە دەوڵەمەندتر و بەهێز ترەكاندا هاوسەرگیریان پێدەكرێت، زۆرجار ئەم نێرانە بە شێوەیەكی بەرچاو لە مێیەكان گەورەترن. مێیەكان بە زۆر دەچنە ناو ژیانێكەوە كە مەبەستی سەرەكییان خزمەتكردنی مێردەكانیانە. زۆرجار ئەمەش ژینگەیەك بۆ دەستدرێژی جەستەیی و زارەكی و سێكسی دروست دەكات.
كۆیلایەتی و فرۆشتن یان بەكارهێنانی منداڵان بۆ مەبەستی خراپ لەسەر بنەمای ڕەچەڵەك، جۆرێكیتری كۆیلایرتی بریتیە لە كاری ناچاری كە ئەمەش هەموو كارێك یان خزمەتگوزارییەك دەگرێتەوە كە لە ژێر هەڕەشە و سزادا ئەنجام دەدرێت و كەسەكە خۆبەخشانە و بەخواستی خۆی پیشكەی نەكردووە.
جۆرێكیتری كۆیلایەتی شێوە خراپ و نەشیاوەكانی كاركردنی منداڵان، بە پشتبەستن بە ڕێككەوتننامەی خراپترین جۆرەكانی كاری منداڵان لە ساڵی ١٩٩٩، ئەو دۆخانە دەگرێتەوە كە منداڵان لە ڕێگەی شێوەكانی كۆیلایەتییەوە دەقۆزرێنەوە، لەوانەش دامەزراندنی زۆرەملێی منداڵان بۆ بەكارهێنان لە شەڕی چەكداریدا، بە كاربردنیان بۆ كاری لەشفرۆشی، قۆرخكردنیان بۆ چالاكییە نایاساییەكانی وەك بەرهەمهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان، ئەمانەش زیان بە تەندروستی، سەلامەتی یان ئەخلاقیان دەگەیەنێت.
جۆرێكیتری كۆیلایەتی بۆ كاری سێكسی و لەشفرۆشی زۆرەملێ ئەو جۆرە كۆیلایەتیەیە، كە لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان ڕووبەڕووی ژنان و منداڵان دەبێتەوە، هەروەها بازرگانییان پێوە دەكرێت، كۆیلایەتیی سێكسی دەتوانێت ببێتە جۆرێك لە كۆیلایەتیی قەرز كاتێك كە كۆیلەكەران پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن كە نایانەوێت لە كاری سێكسدابن ڕەنگە ناچاربن قەرز بكەن.
زۆرێك لەوانەی كە دەبنە قوربانی كۆیلایەتیی سێكسی لە سەرەتادا بە ئامادەییەوە لە ژێر ناوی ئەوەی كە كاری سێكسی نەریتی ئەنجام دەدەن، بەڵام دوای ماوەیەكی درێژ دەكەونە ژێر باری كۆیلایەتیی سێكسی و گیردەخۆن و ناتوانن لێی دەربچن.
جۆرێكیتری كۆیلایەتی پێی دەوترێت (كۆیلایەتی بۆ پاڕانەوە) بریتین لەو مرۆڤانەی لەسەر شەقامەكان سواڵ دەكەن و داهاتەكەی دەدرێتەوە بە باندە بازرگانەكان، بەپێی خەمڵاندنی ئامارە جیهانیەكان كە بۆ كۆیلایەتیی مۆدێرن كراوە لەلایەن ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كارەوە بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا، ٤٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس لە كۆیلایەتیی مۆدێرن ژیاون، لەو ژمارەیەش ٢٧,٦ ملیۆن كەسیان لە كاری زۆرەملێ و ٢٢ ملیۆن كەسیان لە ژیانی هاوسەرگیری زۆرەملێدا بوون، لە كۆی ٢٧,٦ ملیۆن كەس لە كاری زۆرەملێدا، ١٧,٣ ملیۆن كەسیان لە كەرتی تایبەتدا دەچەوسێنرێنەوە، ٦,٣ ملیۆن لە كاری بازرگانی سێكسی زۆرەملێ و ٣,٩ ملیۆن لە كاری زۆرەملێ كە لەلایەن دەوڵەتەوە سەپێنراوە دەچەوسێنرێنەوە.
ژنان و كچان ٤,٩ ملیۆنی ئەو كەسانە پێكدەهێنن كە لە كاری بازرگانی سێكسی زۆرەملێدان، هەروەها ٦ ملیۆن لەوانە لە كەرتە ئابوورییەكانیتردا كاری زۆرەملێ دەكەن.١٢٪ـی هەموو ئەوانەی لە كاری زۆرەملێدان منداڵن. زیاتر لە نیوەی ئەم منداڵانە بۆ كاری سێكسی لە بازرگانیدان.
بەسود وەرگرتن :
لە سایتی خەڵك
سایتی زانیاری
ویكپیدیا
ئەمرۆ ٥٠ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی لەیلا قاسم تێپەڕبوو
٥٠ ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژی ١٩٧٤/٥/١٢ لەیلا قاسم حەسەن لەلایەن