نوسینی: دێرین خدر: چالاكوان
لە سەرەتادا دەمەوێت باس لەوە بكەم كە كچان و ژنان و منداڵان بە شێوەیەكی گشتی لە هەموو ناكۆكیەك و شەڕێكدا قوربانی پلە یەكن. چونكە بێجگە لەوەی ناچار دەبن كە شوێنی سەرەكیان جێبێڵن و ئاوارەبن دەكوژرێن و بریندار دەبن و هەر كارەساتێك كە لە شەڕەكاندا بوونی هەیە دوو چاری دەبن و ژنان و كچان تووشی چەندین جۆری دەست درێژی دەبن لەوانە سێكسی و ئازاردان و …هتد.
ئێزدییەكان بە درێژای مێژوو دووچاری چەندین فەرمانی كوشتن و بڕین بوونەتەوە. جارێك بەهۆی كوردبونیان جارێك بەهۆی ئایینیان تووشی دەستدرێژی و كوشتن و ئازاردان و ئیهانە كردن و ئەتك كردن بونەوە. ئەوەی لە 2014 روویدا و هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ شەنگال لە سەردەمی تەكنەلۆجیا و ئەوپەری پێشكەوتنی دنیادا، شۆكێكی گەورە بوو بۆ ئێمەی ئێزدی، چەندینجار باسمان كردووە ئەو چیرۆكە تراژیدیانە بونەتە كتیًبی چەندین نووسەر و بڵاو بونەتەوە بە دنیادا، چەندین فیلمی سینەمایی و فیلمی دیكیۆمێنتكاری لەسەر ئەو چیرۆكە دڵ ئێشانە بەرهەم هێنراون، هەرگیز ئەو ئازارانە لە بیرمان ناچن بۆ هەتا هەتایە، برینێك دەبێت لە دڵماندا، بەڵام لێرەدا من دەمەوێت زیاتر باسی رەوشی ژنانی شەنگال بكەم لە ناو كەمپەكاندا، زۆرجار ووتومە لە وانەشە رەخنەم لێبگیرێت لەسەر ئەم ووتەیەم كە دەڵێم ” تا ئێستا جینۆسایدی ئێزدییەكان بەردەوامە” بەڵام بە شێوەیەكی تر ئەویش لەسەر خۆ و وردە وردەیە!!.
ئەوە زیاتر لە 8 ساڵە وا بەرە و 9 ساڵ دەروات خەڵكی شەنگال لە ناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا ژیان دەكەن، هەموو ماڵیان لە خێمەیەكی بچوك پێكهاتووە، ژیانێكی قورس و نەبونی داهاتێكی شایسە بە مرۆڤ، لەبەر سەرما و سۆڵەی زستان و گەرمای هاوین، نەبونی جێگە و رێی دروست و لە ناو قوڕ و لیتەی جادەكانی كەمپەكان و نەبونی سەرشۆرێكی پاك و شایسە بە مرۆڤ ، ئەبێ چ مرۆڤێك بتوانێت زیاتر لە 8 ساڵ ئاوا ژیان بكات ؟! بێگومان ئەم ژیانە بۆ ژنان و منداڵان زۆر قورسترە، چونكە هیچ نەبێت پیاوان ئەتوانن كاتێكی زۆر لە دەرەوەی ماڵ بن ، بێجگە لەو نەبونیانەی كە باسمان كرد ژنانی ناو كەمپەكان بەهۆی نەبونی ووشیاری و نەبوونی كەرەستەی رێگیریكردنی دروست بوونی منداڵ ژمارەیەكی زۆری منداڵ دەخەنەوە بە خێوكردنی منداڵی تازە لە دایكبوو ئەوەنەی تر ژیانەكە قورستر دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی ئەو ژنانە هەمووی بە هێنانی منداڵ و بەخێوكردن و خزمەتكردنی پیاو ماڵ دەچێتە سەر! ئەوەش بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن تەنانەت سەرەتاییترین مافەكانیان وەك مرۆڤێك بەردەست نیە، ئەوان وا پەروەردە كراون كە ژن بۆ خزمەتكردن و هێنانی منداڵە.
دیاردەیەكی تری ناو كەمپەكان نەچوونی ژمارەیەكی زۆری كچانە بۆ خوێندن و زوو بە شوودانی كچانە، نا ووشیاری كچان لەسەر بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری چۆنیەتی بەرێوەبردن و پەروەردەكردنی خێزانێكی تەندروستە ، دەبینی خاتوونێكی جوانی گەنجی تەمەن 18 ساڵ لەوانەیە 2-3 منداڵی هەبێت ! پرسیاری لێدەكەی چۆنە ژیانت دەڵیًت “بەخێوكردن و پاككردنی ماڵە”. نەبوونی هیچ تایبەتمەندییەكیش كە پێویستە هەموو مرۆڤێك هەیبێت، بە تایبەت بۆ ژنان لەبەر هەستیاری لەشی ژنان و بوونی سوڕی مانگانەی ژنان و ئەو نەخۆشیانەی توشی ژنان دەبن بە هۆی نەبوونی ژینگەیەكی پاك و تەندروست، زۆرجار تێبینی دەكەم ژمارەی هەرە زۆری ئەو نەخۆشانەی لە خەستەخانەكانن خەڵكی ناو كەمپەكانن و ژنن لەم لایەنەشەوە ژن بە پلە یەك قوربانییە، پیاوەكانیش ژمارەیەكی كەمیان نەبێت كار دەكەن ئەوانەی تر چاویان لە هاوكاری حكومەت و رێكخراوە خێرخوازییەكانە، خۆی لە خۆیدا ئەگەر بیانەوێت كاریش بكەن كارێكی وانیە بیكەن بەبێ ئیشی و چونە دەرەوە و كات بەسەربردن رۆژەكەیان بەسەر دەبەن بەبێ ئەوەی هەست بەهیلاكی ئەو ژنە داماوانە بكەن.
هەر كاتێكیش ئارەزوویان لێبێت ژنێكی تری بەسەرا دێنن و دەیخەنە خێمەیەكی تەنیشتی ژنەكەی تر!! كۆمەڵێك منداڵ لە ویش دەخاتەوە ! ئەوەی زیاتر جێگەی داخە زۆریان تەنانەت گرێبەستی هاوسەرگیریان نیە. بۆیە تەلاق دانی ئەو ژنە بۆ پیاوەكان وەكوو ئاو خواردنەوەیە، ژنەكە بە منداڵەوە پشتیان تێدەكرێت هیچ یاسایەكیش نیە ئەو پیاوە ناچار بكات بە رپرسیارێتی ئەو منداڵانە بگرێتە ئەستۆ! ئەگەر بیر بكەینەوە ئەبێ ئەو ژنە رووبەرووی چی ببێتەوە تا ئەو منداڵانە بەخێو بكات، ئەبێ ناچاری چی ببێت تەنها بۆ ئەوەی بتوانێ بژێوی ژیانی دابین بكات.
لە یەكێك لە سەردانەكانم بۆ ئەو كەمپانەی دهۆك ژنێك ووتی” 5 منداڵم هەیە پار دەچومە چنینی پیاز رۆژی بە 10 هەزار ئەمساڵ ئەوەشم دەست ناكەوێ، هاوسەرەكەشم لە ناو دەستی داعش دایە، نازانم ماوە یان نە؟! ئەمە تەنها نمونەیەكە، وەكوو دەزانین ژمارەیەكی زۆری ئەو ژنانەی لە ناو كەمپەكانن هاوسەرەكانیان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە شەهید كراون ! بەرپرسیارێتی خێزانەكە هەموو كەوتۆتە ئەستۆی ئەو دایكە، هەر ئەم بەناو ژیانە و قورسی بژێوی ژیانەیە زۆرجار كارەساتی خۆ كوشتنیشی لێدەكەوێتەوە، ئەوەی لە هەمووی زەحمەترە ئەوەیە كە نازانن تا چەنێكی تر لەم بارودۆخەیا ژیان دەگوزەرێنن، نازانن كەی شوێنی و خاكی باوباپیرانیان بە ئەمانەتی بۆ دەگەڕێتەوە، كەی خزمەت گوزارییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین دەكرێت، تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان .
هەر ئەم بێ باوەڕییە وای كردووە كە تاكە هیوا هەیانبێ و چاویان لێبێت كردنەوەی دەرگایەكە بۆ ئەوەی ووڵات جێبێڵن، ئەمەش جینۆسایدێكی ترە بۆ ئێزدییەكان چونكە پەرت و بڵاو بونیان بە جیهاندا واتە كاڵ بونەوە و نەمانی ئێزدییەكانە و لە دەست چوونی خاكەكەیان و نەمانیانە، لە كاتێكدا كە شوێنی رەسەنی ئێزدییەكان ئێرەیە و لالشی نورانی لێرەیە، ئەم رەوشەی شەنگالیەكان كە تەنها زۆر بە كورتی باسم كرد ئەگەر جارێك بۆ پیاوان ناخۆش و قورس بێت، چەند قاتی ئەوە ناخۆشتر و قورسترە بۆ ژنان، چونكە جارێك قوربانی ئەم رەوشەن، جارێكیش وەك ژن قوربانی كلتور و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی و ئایینیشن، بۆیە دەڵێم جینۆسایدی ئێزدییەكان بەردەوامە!
ئەمرۆ ٥٠ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی لەیلا قاسم تێپەڕبوو
٥٠ ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژی ١٩٧٤/٥/١٢ لەیلا قاسم حەسەن لەلایەن