ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

بەشێك لە فەرمانگەكانی شارۆچكەی كفری ژنان بەرێوەی دەبەن و بوونەتە جێگەی رێزی هاوڵاتیان

هاوژین شكور: گەرمیان
“كەمكردنەوەی پیاو لە پۆستەكان و دانانی ژن لە جێگەیان گۆڕانكاری زۆر باش دێتە بەرهەم، ژنان كەمترین گەندەڵیان لێ بینراوە و هیچ كەیسێكی گەندەڵیان لەسەر تۆمار نەكراوە”. ئەمە رای یەكێك لە چالاكوانانی قەزای كفریە دەربارەی رۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی كاروباری ئیداری شارەكەدا.
لە شارۆچكەی كفری 33 فەرمانگەی دەوڵەتی هەیە و لە كۆی ئەو ژمارەیە شەش فەرمانگەیان لەلایەن ژنانی پسپۆرەوە بەرێوەدەچێت و بوونەتە جێگەی سەرنج و متمانەی هاوڵایانی شاركە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ژنان لە كایە ئیداریەكاندا هاوشێوەی پیاوان دەتوانن كاروباری حكومەت بە رێوەبەرن لە هەموو شار و شارۆچكەكاندا.
ئەوانیش پێكهاتوون لە خاتوو ژیان محمد سعید بەریوەبەری بانك، مامۆستا سهام سمین ڕستم بەڕێوبەری ئامادەیی پیشەیی كفری، خاتوو ئاهو احمد فرج بەڕێوبەری دارایی، خاتوو دنیا محمد نوزاد لێپرسراوی نەمامگەی كفری، خاتوو پەیمان بەڕێوبەری شارەوانی ناحیەی سەرقەڵا، خاتوو ئەشواق بەڕێوبەری كارەبای كفری.


مامۆستا سهام سمین رۆستم دەڵێت: “ماوەی حەوت ساڵە بەرێوەبەری ئامادەیی پیشەسازی كفریم، خۆشبەختانە توانیومە كارەكان بە باشی بەڕێوەبەرم و سوپاس بۆ خوا كێشەیەكی ئەوتۆم نەهاتۆتە پێش كە نەتوانم چارەسەری بكەم، خۆم بە سەركەوتوو دەزانم لە كارەكەمدا و توانیمە هاوسەنگی لە نێوان هەردوو رەگەزدا ڕاگرم لە نێوان مامۆستایان و خوێندكارانیشدا.”


لەلایەكیترەوە خاتوو ئاهو احمد فرج تەمەن 54 ساڵ، لە ساڵی 1994 دامەزراوە و لە ساڵی2001 پۆستی بەڕێوبەری دارایی كفری وەرگرتووە، تا ئێستاش لە پۆستەكەیدا خزمەتی قەزای كفری دەكات وەك خۆی دەڵێت:” خەڵك قسەی زۆر ئەكەن، بەڵام من گوێم لێ نیە و سوپاس بۆ خوا توانیومە زاڵبم بە سەر هەموو ئاستەنگەكان و بە شداریشم لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا هەیە، هەموو ڕۆژێك شانبەشانی پیاوەكان دەرچوونی مەیدانیمان هەیە بۆ كەشفی دووكان و بازاڕ، بەڵام تەنها گرفتی سەیارەمان هەیە”.


خاتوو دنیا محمد نوزاد مستەفا تەمەن ٣٥ ساڵ، دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵ بەشی دارستانە، لە ساڵی 2011 لە نەمامگەی كفری وەكوو فەرمانبەر دامەزراوە، لە 2013 كراوە بە لێپرسراوی نەمامگەی كفری، ماوەی 10 ساڵە لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی كفرییە.
خاتوو دنیا ووتی: ” تا ئێستا هیچ كێشەیەكی گەورە ڕووی لێمان نەكردووە و چارەسەری قورس بێت، ئەو كێشە و گرفتانەش ڕوویاندابێت زیاتر لە یەك تێنەگەیشتنی كاتی بووە، چ فەرمانبەر بێت یان هاوڵاتیان بێت، هەموو جارێ لە چارەسەری كێشەكاندا هەوڵم داوە بە رامبەرەكەم بدوێنم و دواتر بڕیاری لە سەر بدەم و بڕیار بدەم”.
خاتوو دنیا محەمەد وتیشی: “بەڕێوبردنی هەموو شوێنێك پێش هەمووشتێك، سەبر و ئارامی پێویستە ئەبێت بە عەقڵ بە رامبەرەكەم بدوێنم و دواتر بریار بەرامبەر بە هەڵسوكەوتی بدەم، لە هەمووحاڵەتێكدا خۆم خستۆتە شوێنی كەسی بەرامبەر، هەموو هەوڵێكیشم داوە ئیش و كارەكانی فەرمانگەكە بەڕێكوپێكی بەڕێوەبەرم و ویژدانی خۆم ئاسودە بكەم، بەرامبەر ئەو ئەرك و ئەمانەتەی لە سەرشانمە بۆخزمەتی قەزای كفری”.
هەروەها خاتوو ژیان محمد سعید تەمەن 61 ساڵ كە ماوەی پێنچ ساڵە بەڕێوبەری بانكی كفریە و بە ئارامی توانیویەتی چارەسەری كێشەكان بكات.
ئەو دەڵێ:” گرفتیكی وانەهاتۆتە پێشم هەركێشەیەكیش هەبوبێت، چ لەگەڵ فەرمانبەرەكان یان لەگەڵ هاوڵاتیان كە سەردانیان كردووین، بە ئارام گرتن و گوێگرتن لە یەكتری توانیومانە چارەسەریان بكەین، ژن و پیاو لە ئەرك و واجبدا یەكسانن ئەوە ئەكەوێتە سەر خودی كەسەكە ژن بێت یان پیاو كەسی زیرەك و دڵسۆز هەیە لە هەردوو ڕەگەز.”
لە بارەی كاروباری ژنانەوە لە قەزای كفری و ئاستی بەرێوەبردنی ئەو ژنانە ژمارەیەك لە چالاكوان و هاوڵاتی شارەكە دەربارەیان رای جیاوازیان هەیە.


مامۆستا شەماڵ ڕەئوف چالاكوان ئەو رای وایە لە كوردستان ڕێژەیەكی كەم ژن هەن كە پۆستی ئیداری گرنگیان پێدرابێت ، لەو ڕێژەیەش كە بوونی هەبووە و هەیە زۆرینە سەركەوتوو بوون و كارەكانیان و زۆر بە باشی ئەنجامیانداوە، جیا لەوەی كەمترین گەندەڵیان لێ بینراوە زۆرینە هیچ كەیسێكی گەندەڵیان لەسەر تۆمار نەكراوە.
مامۆستا شەماڵ وتیشی:” زۆرینەی خراپیەكانیش هەمیشە لەو پۆستانەن كە پیاوان بەڕێوەیان دەبات، بە بڕوای من كەمكردنەوەی پیاو لە پۆستەكان و دانانی ژن لە جێگەیان گۆڕانكاری زۆر باش دێتە بەرهەم.”


لەلایەكیترەوە صلاح محمد امین چالاكوان دەڵێت:” ژنان و كچان بە شێكی گرنگی كۆمەڵگەن و تەواوكەری ڕەگەزی بەرامبەرن.. ئەوانیش وەكوو ئەوەی كە نیوەی كۆمەڵگەن، ماف و ئەركیانە كە پلە و پۆست و بەرپرسیارێتی ئیداری، ڕێكخراوەیی، لە هەموو بوارەكانی دیكەی ژیان وەربگرن و خزمەتبكەن. ئیتر لایەنی سەركەوتوویی، یان پێچەوانەكەی، ئەوە بە خودی مرۆڤەكە كەوتووە لە كام ڕەگەزبێت، بە خۆشحاڵی و شانازییەوە، ژنان و كچانی ئێمە، ئەمڕۆ چەندێن بەرپرسیارێتی و ئەركی ئیداری و ڕێكخراوەییان لە ئەستۆ گرتووە، توانیویانە بە دروستی و جوانی خزمەت بكەن، ئەوەی ڕونە و من بیزانم، ژنان و كچان كەمێ وردتر و جدیترن لە كارەكانیاندا، حەز دەكەن شوێن و پێگەیان هەبێ و خاوەن ڕۆڵ و بە رپرسیارێتی بن، هەوڵ ئەدەن هاوشانی ڕەگەزی بەرامبەر بڕۆن و جێنەمێنن، ئەمەش وایان لێدەكات كە جدیتر و ڕێكتر ئەركەكانیان ڕاپەڕێنن، ئەوەی گرنگە، ژنان و كچان لە تێكۆشان و هەوڵەكانی خۆیان بەردەوامبن و كۆڵ نەدەن، ئەركی ئازادیخوازانیشە، پشتیوانیانبن.”


ڕێبوارمستەفا ‌كوردە مامۆستاو نوسەر لە قەزای كەلار ئەو ڕای وایە ” كە ژن و پیاو جگە لەوەی هاوسەنگی ژیانن و بێ یەك مرۆڤایەتی لە ناودەچێت و سوڕی ژیان بەردەوامی نامێنێت. ئەگەر مرۆڤی ئاقڵانی لە بەشە ئیداریەكان بوونیان هەبێت و كاروباری هاوڵاتیانی سنوردار بە جوانی بەڕێوە بچێت ڕەنگە نەپرسین چ ڕەگەزن ئەوكات دەزانین مرۆڤی شایستەی جێگەكەن”
مامۆستا رێبوار دەڵێت: ” دەبێت ژن هەبێت لە هەموو سیكتەرەكان چونكە ئەوانن وردە كارترن و ئارامترن لە كاركردن بە مەرجێك دەست لە كاروباریان وەرنەدرێت و خێزانی باشیش لە پشتەوەیان وەستابن.”
دەربارەی ئەوەی كە لە نێوان ژنانی ئیداری و پیاواندا كامیان زیاتر بە ڕویەكی خۆش و ڕێزەوە ڕوبەڕوی هاوڵاتیان دەبنەوە لە ڕایكردنی كاروباری هاوڵاتیاندا؟
مامۆستا رێبوار ووتی:” لێرەدا من دیسان مرۆڤایەتی دەبینم، گەر باسی نەرمی و ڕووخۆشی بكەین ئەكید ئەم ڕۆڵە هەر لە بنچینەدا بە ژنان دراوە و ئەوە ئەوانن نەرم و نیانن، وە ژنان زیاتر هەست بە جدیات دەكەن و شتەكانیان بەلاوە لاوەكی نیە، ئەمان زۆرینەیان ئەیانەوێت كەمتەرخەم نەبن و هەوڵی فێربوون و سەركەوتن دەدەن، بۆیە هەتا وەكوو ئەو جێگە و پلە و پۆستانەی مەعنین بە ژنان، بۆ ئەوان زیاتر پێم باش نیە بە ڕەگەزی بەرامبەر بدرێت كە پیاوە، سوپاس بۆ خوا دەبینین و عادەتمان كردووە ئیتر ژنانیش دەبێت ئەركیان هەبێت و كاربكەن، ئەمە ئاسانكاریشە بۆ هاوڵاتی ڕەگەز مێ و ئەوانیش دڵخۆش دەبن كە دەبینن هاوڕەگەزی خۆی كارەكانی بۆ دەكات، هیوادارین لە سلكی حكومی گرنگی باشتر بە ژنان بدرێت.”


لەلایەكیترەوە مامۆستا ستار حەمید بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەنگال رای وایە ژن و پیاو یەكسانن و ئەو دەڵێت:” ژن و پیاو لە ئەرك و واجبدا یەكسانن چاكی وخراپی ئەوە ئەكەوێتە سەر خودی كەسەكە ژن بێت یان پیاو كەسی زیرەك هەیە لە هەردوو ڕەگەز.”


ساهر علی قایمقامی قەزای كفری “زۆر بەوە دڵخۆشە كە ئەمڕۆ لە كفریدا، ژن لە هەموو بوارەكانی ژیانی گشتیدا هەنگاوی زۆر باش و كاریگەریان ناوە و خەریكی دیاری كردنی جێ دەستی خۆیانن.”
قایئمقامی كفری دەڵێت:” لە كفری هەندێك لە دام و دەزگا فەرمییەكانمان لەلایەن چەند خاتوونێكی بەڕێز و لێهاتووەوە بەڕێوەدەبرێن و زۆر سەركەوتووانەش ئیدارەی فەرمانگەكانیان دەدەن.”
هەروەها وتیشی” من نامەوێت لە سەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزییانە داوەریی لە سەر كاروبارەكان بدەم، بەڵكوو لە سەر بنەمای چەند پێوەرێكی سەرەكی هەڵسەنگاندن بۆ ئاست و لێهاتووییان دەكەم، كە ئەوانیش پێوەری توانای ئیدارەدان و ڕاییكردنی كاروبارەكان و هەوڵدان بۆ پێشخستن و خێراتركردنی بە دەمەوەچوونەكانە بۆ ئەو مامەڵانەی دێنە بەردەستیان، بێگومان لەم ڕووەشەوە گەر بەراورد لە نێوانیاندا بكەین، ئەوا دەبێت بڵێم ئێمە زۆر لەو ئاستە باشانەی خانمانی شارەكەمان ڕازین كە لە بواری ئیداریدا ئەركی بەڕێوەبردنیان پێ سپێردراوە.”
ساهر عەلی قایمقام ووتی: “ئێمە لە قایمقامیەتی كفری، زۆر بە پەرۆشەوە دەڕوانینە هاتنە پێشەوەی ژنان و هانیان دەدەین لە خستنەڕووی تواناكانیان و دەركەوتنیان لە نێو كۆمەڵگەدا، چونكە دەزانین ئەوەی شار و وڵات دەباتە پێش، هەماهەنگی و كاركردنی هاوبەشی هەردوو ڕەگەزەكەیە، ژنان دەبێت ئەوە بزانن كە ئەوانیش بەشێكی هەرە گەورە و سەرەكی كۆمەڵگەن و بەبێ‌ بەشداری ئەوان هیچ پرۆژەیەكی جدی بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە سەركەوتوو نابێت.”

هاوشێوە

ڤیدیۆ