ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژن و سەربەخۆیی دارایی و كاریگەری لە سەر ئاشتەوای خێزان

هەیفا مەجید
سەربەخۆی دارایی تاچەند گرنگە و تا چەند كاریگەری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی توندوتیژییە خێزانییەكان.؟
بێگومان ژن ڕوڵ و پێگەی خۆی هەیە لە ناو كۆمەڵگەدا، هەر لە دێر زەمانەوە شان بە شانی پیاو بەشداری كردووە لە زۆربەی ئیشوكارەكاندا، لە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات و پەروەردەكردنی مناڵ وهتد… سەرەڕای ئەمانە ژن هەرگیز خۆی بە خاوەن شت نەزانیووە، چونكە لە هەموو حاڵەتێكدا دەبوو بگەڕێتەوە بۆ لای پیاو بۆ خەرجی ماڵ و پێداویستییەكان.
وردە وردە ژنان كەوتنە ئەوەی كە بیر لە ئیشی سەربەخۆ بكەنەوە و خۆیان ببن بە خاوەن ئیش و سەرمایە و سەربەخۆیی دارایی تایبەت بە خۆیان، هەروەها دەزانین ڕێژەی ژنان و كچان لە بازاڕەكان و مۆڵەكاندا تا بێت بەرە و زیاترو زیادبوون دەڕوات، چونكە لە ئێستادا ژنان هۆشیارترن و دەزانن كە پیداویستییەكان زیاترن و پیاوانیش بە تەنها ناتوانن ئەو هەموو خەرجی و تێچوونە لە ئەستۆ بگرن، چونكە ئەبێت بە فشارێكی زۆر لەسەر پیاوان كە ئەمەش وادەكات كێشەی كۆمەڵایەتی نێوان خێزانەكان بەرە و زۆربوون بڕوات تا دەگات بە كێشەی تەڵاق و جیابوونەوە، بەهۆی كەم توانایی پیاوان لە گرتنە ئەستۆی ئەو هەموو خەرجییەی لەم كۆمەڵگە سەردەمییانەدا هەیە، بەڕای من ژنان كاتێك خاوەن ئیش و پیشەی خۆیانن و خاوەن دارایی خۆیانن نەك تەنها هاوكاری مێرد و باوك و برای خۆیان دەبن لە كەمكرنەوەی فشارە دەروونیەكان بەڵكوو ژنان ئەبن بە خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز و متمانەیان بە خۆیان زیاتر دەبێت.
لە ئێستادا كۆمەڵگە بەرە و پێشكەوتن دەڕووات و خەڵك هۆشیارتر ڕۆشنفكرترە، بۆیە بەلایانەوە ئاساییە كە ژنان هەموو ئیشێكی حەڵاڵ بە ڕەنجەشانی خۆیان بە دەست بێنن، بۆیە ئەبینین ژن دەستی بردووە بۆ هەموو جۆرە ئیشێك، جگە لە پیشە باوەكانی وەكوو مامۆستا و فەرمانبەر و پارێزەر و پزیشك و ئەندازیار و…هتد لە ئێستادا خاوەن چێشتخانەیە و خاوەن دووكانە و تەكسی و نانەواخانە و كۆمەڵێ ئیش و كاریترن، كە جاران لە ناو كۆمەڵگەدا بە عەیب و عار تەماشا دەكرا، ئەنجا لە بواری بەڕێوەبردن و پۆستی باڵاشەوە ژن سەركەوتنی خۆی سەلماندووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە بە توانا و بەهرە شاراوەكانی خۆی دەدات.
كاتێك ژنان هاوكاری پیاوان دەبن لە دابینكردنی بەشێك لە خەرجییەكانی ماڵ گوزرانیان باشتر و قورسایی سەر شانی پیاوان سووكتر دەبێت بۆیە كێشەكان كەمتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئارامی خێزانەكان، بیرمان نەچێت ژن زۆر بەتوانایە لە ڕووی عەقڵی و جەستەییەوە و لە هەموو كارێكدا سەركەوتنی خۆی دەسەلمێنێت، بەوپێیەی ژنان خاوەن سەلیقەی جوانن. لێرەدا ئەمەوێ تیشكێك بخەمە سەر ژنانی گەرمیان كە ماندوونەناس و كۆڵنەدەرن لە هەموو بوارەكاندا، لە ئێستادا لە گەرمیان ژن خاوەنی نووسینگەی فێربوونی شۆفێرییە، كاری كشتوكاڵی دەكات، لە بازاڕدا دووكانی بەرگدووری هەیە، خاوەن نانەواخانە و كافیتریایە و چەندین كاری دیكەش. بۆچی گەرمیانم بە نموونە هێنایەوە؟ چونكە زێدی خۆمە و ڕۆژانێك هەبوو كلتوور و كۆمەڵگە ڕێگەی نەدەدا بەم شێوەیە ژن ئیش و كار بكات، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانكارییانەی هاتنە كایەوە و بەهۆی كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگە و هۆشیاری تاك دروستبوونی متمانە و دەركەوتنی هێز و ئیرادەی ژنەوە ئەو گورانە هاتۆتە پێشەوە، لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم هەر ژنێك توانا و بەهرەی هەیە با بیخاتە گەڕ بۆ خزمەتی دەوروبەرەكەی و خێزانەكەی با پاڵپشت بن بۆ پتەوكردنی خێزان و خاوەن بریاڕ و بەشێك بن لە دارایی خێزان و ببنە جێی شانازی و سەربەرزیان. پەندێكی كوردیش هەیە ئێژێ: ((دەستی ماندوو لەسەر سكی تێرە)). ئەمەش ئەو هەنگاوە گرنگەی ژنە بۆ دەستەبەركردنی ئاشتەوای خێزان و ژیانێكی ئارام.

هاوشێوە

ڤیدیۆ