ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

زریان: كۆڵنەدان كلیلی سەركەوتنە

كچە شانۆكار زریان حەكیم كە یەكێكە لە شانۆكارەكانی شاری هەڵەبجە و خاوەنی زۆرترین خەڵاتی شانۆی شەقامە پێی وایە كۆڵنەدان كلیلی سەركەوتنە.
هونەرمەندی شانۆكار خاتوو زریان حكیم دانیشتوی شاری هەڵەبجە و دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەڵەبجەیە، یەكێكە لە ئاكتەرە دیارەكانی بواری شانۆ و تا ئێستا خاوەنی چوار خەڵاتی نواندنە لە ڤێستیڤاڵەكانی شانۆی سەرشەقام و لە ئێستادا وەك مامۆستای وانەبێژ وانەی هونەر دەڵێتەوە.
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ هەفتەنامەی ژیانەوە باسی لەسەرەتاكانی كاری هونەری نواندن كرد، هەر لە تەمەنی ٧ ساڵی لە سەنتەری كازیوەی منداڵانەوە دەستی بەكاری نواندن كردووە، پاشان بەشداری بەرهەمەكانی چالاكی قوتابخانە‌كانی كردووە تاگەیشتووە بە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان “.
هەروەها وتیشی:” لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێیانم گروپێكی شانۆییمان دروست كرد، بە ناوی گروپی پانتایی شانۆی واڵا كە بە بەردەوامی كارمان تێدا دەكرد، دواتر ناوی گروپەكەمان گۆری ( ز بۆ شانۆ) لەوێوە كارەكانی خۆم نمایش كرد، ئەو بەرهەمانەی كە پێشكەشم كردوون لەوانە (‌ شینە لە شیندام، سرودێك بۆ ئیكارۆ، مالی باوكم، چیرۆكی مردن لە بەهەشدا) هەروەها لە بە چەندین نمایشی شانۆیی بەشداریم كردووە “.
‎خاتوو زریان تا ئێستا توانیویەتی ببێتە خاوەنی چوار خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ و سەركەوتنێكی باش بەدەست بهێنێت لەم بارەیەوە زریان خۆی ووتی:” خودی خۆم كە توانیومە بەسەر سەرجەم ئەو بەربەستانەدا زاڵبم كە هاتونتە پێشم، بەڵام زۆر شت وا لە هونەرمەندی وڵاتی ئێمە دەكات سارد ببێتەوە و بەردەوام نەبێت لەوانە كلتور و كۆمەڵگە و خەلك و دەور و بەر، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو شتەی كە ئارەزوتە و دەتەوێت‌ فراوانتر بیری لێبكەیتەوە و ئەنجامی خۆشت لە بەرچاوبێ‌ تا بزانی بۆ چ شتێك هەوڵ دەدەیت كۆڵ نەدەیت، كۆڵنەدان كلیلی سەركەوتنە “.
هەروەها زریان دەڵێت:” گرفتەكانی بەردەم شانۆكاران لە هەڵەبجە زۆر زۆرە، بەڵام لە هەموو گرنگتر كە هەموو كات باسی دەكەین نەبوونی هۆڵی شیا و نەبوونی بودجەیەكی تایبەت بەهونەری شانۆیە، ئەوانە وایكردووە كە نەتوانین وەك پێویست بەردەوام بێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆنەویستانە بەردەوامین و لە سەرئاستی كوردستان هەڵەبجە لە ئەنجامێكی زۆر باشدایە و كۆمەڵێ ئەكتەر شانۆكاری زۆر باشمان هەیە نەوەك تەنها شانۆكار گۆرانی بێژ و میوزیسیانیش كە گرفتەكان نامان وەستێنن، ئێمە بەهۆی ئەو خۆشەویستیەی كە بۆ هونەر هەمانە بەربەستەكانمان پێكەوە تێپەراندوە بەیەكەوە ماوینەتە‌وە، ‎وەكوو خێزان كاردەكەین”.
زریان حەكیم و هاورێكانی لە ئێستادا خەریكی ئامادەكردنی بەرهەمێكی شانۆین و دەیانەوێـت باشترین بەرهەم پێشكەشی هەڵەبجە بكەن هەروەها زریان وتی:” باوەر بەخۆ بوون و دیاری كردنی ئامانج هۆكاری سەر كەوتنە، ئەوەی لە ناخی خۆتە دەوروبەر نایبینێ ژینگە و كۆمەڵگە زۆر بەربەست دروست دەكا، بەڵام ڕۆژێ دێت لێت تێدەگەن و چەپلەت بۆ لێدەدەن كاتێ دەبینن بەردوامی ئەوانیش تێدەگەن و دەزانن لەسەر ڕێگا راستەكەی، بۆیە شانازی بەخۆت بكە و بەردەوام بە”.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە كە خۆشەویستی ژنانی هەڵەبجە بۆ هونەری شانۆ دەگەرێتەوە بۆ ساتەكانی پێش كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ خوشكانی ئەحمەدی كوێخا سمایل باجەی رەشە عەزیز كە لەوكاتەدا وەكوو ئەكتەر رۆڵیان بینیوە و لە كاری شانۆییدا نواندنیان كردووە، كۆتاییدا گرنگ ئەوەیە كە تائێستاش لەو شارە ژن پێگەی خۆی پاراستووە، لە سەرجەم بوارەكاندا خزمەت دەكەن و جێدەستیان دیارە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ