ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لیز مورای لە کچێکی بێلانە و لانەواز بۆ زانکۆی هارڤارد

ژیانەوە- ڕۆزا حەمە ساڵح

ئەگەر بێتو ئەو هەستەت لا دروست ببێ، بەوەی کە توانای بەدیهێنانی خەونەکانت نییە و لە ژیانێکی پڕ لە نەهامەتیدا دەژیت و ئەستەمە بگەیت بە ئامانجەکانت، ئەوا چیرۆکی لیز مورای خانمە دیار و لێهاتووی ئەمریکی بزانە، ئەو هەر لە منداڵییەوە خۆڕسکانە خۆی پەروەردە کرد، بە تەنیا و لە ژێر باری قورسی ژیانێکی کولەمەرگیدا خۆی پێگەیاند.

چیڕۆکی ژنێک کە بە چەندەها وێستگەی خەمناک و پڕ لە ئازاردا تێپەریووە، بەڵام ئەو ژیانەی ڕابردووی ئەمڕۆ سەرچاوی ژیانێکی شەڕەفمەندانە و شانازییە بۆی، لە دوای هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر، مۆمێکی لە ناو ڕێگا دژوارەکانی ژیانیدا داگیرساند و تراژیدییەکانی ژیانی لە خەونێکەوە کرد بە حەقیقەت، کە چۆن لە منداڵێکی بێسەرپەرشت و لانەواز و دەربەدەری سەر شەقامەکانی یەکێک لە شارەکانی وڵاتی ئەمریکا بوو بە کەسێکی سەرکەتوو و کاریگەر و ئیلهام بەخش، کە توانی سەرنجی ملیۆنەها کەس لە جیهاندا بە لای خۆیدا ڕابکێشێت.

(لیز مورای) لەدایکبووی ساڵی (1980)ی شاری برونکس وڵاتی ئەمریکایە، لەناو خێزانێکی هەژار و نابەرپرسدا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، لە دایک و باوکێک کە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون، هەر لە منداڵییەوە خەم و ئازارەکان هەموو ژیانی لیز داگیردەکات، بەهۆی گرنگی پێنەدانی لە لایەن دایک و باوکی دەبێتە جێگای گاڵتەجاڕی هاوڕێکانی لە قوتابخانە، بەوەی کە پۆشاکی خاوێن ناپۆشێت و بۆنی ناخۆش لە جەستەی دێت و قژی پڕە لە ئەسپێ، زۆر جار لیز و خوشکەکەی هیچ شتێک لە ماڵەکەیاندا شک نابەن کە بیخۆن، جگە لە هەویری ددان شتن و پارچە سەهۆڵ نەبێت تاوەکو هەستی برسێتیان کەم بکاتەوە، هەندێک جار لیز خواردنی لەو پاشماوە خۆراکیانەی سەر زبڵ و خاشاکەکان دەردەهێنا و دەیخوارد.

لیز لە تەمەنی (10) ساڵیدا و بەهۆی ئەو هەلومەرجە سەختەی ژیانیان و تێکچوونی ڕەوشی تەندروستی دایکی کە جگە لەوەی ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانە توشی نەخۆشی ئایدزیش دەبێت، ناچار دەبێت کە وەک پێویست نەڕوات بۆ قوتابخانەکەی و ماوەیەک لە خوێندن داببڕێت، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەگوازرێتەوە بۆ جێگایەکی تایبەت بەو منداڵانەی کە بێلانەن و پێویستییان بە گرنگی پێدان هەیە، دیسانەوە لەوێش ڕوبەڕوی ئازار و سوکایەتی پێکردن دەبێتەوە لەلایەن ئەو مێرمنداڵانەی کە لەوێ دەژین، ئەمەش وای لێدەکات کە زۆر جار لەو شوێنە ڕابکات و بگەڕێتەوە لای دایکە نەخۆشەکەی کە زۆر خۆشدەویست و هاوکاری دەکرد و هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد لە بەرامبەری.
لەتەمەنی (16)ساڵیدا، دایکی دەمرێت و بارودۆخی لیز و خوشکەکەی بەرەوە خراپتر دەچێت، لە خانووەکەیان دەردەکرێن، بەهۆی ئەوەی چیتر لە توانای باوکیان نامێنێت کە کرێی خانوەکەیان بۆ پەیدا بکات، باوکی خۆی سەرگەردان دەکات و دیارنامێنێت، خوشکەکەشی هەرچۆنێک بێت دەچێتە لای باپیری، لیز بە تەنها دەمێنێتەوە، بێلانە دەبێت و شەقامەکان دەبن بە پەناگەی، ئەو سواڵی دەکرد و لەسەر شۆستە و لەتەنیشت باڕەکان دەخەوت، هەر کاتێکیش سەرما زۆری بۆ بهێنایە ئەوا دەڕۆیشتە ناو ویستگەی میترۆکان و لەوێ دەنوست.

لیز بۆ ماوە ی دوو ساڵ بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، دواجار بڕیار دەدات کە چیتر قبوڵی ئەو ژیانە سەخت و دژوارە نەکات، بەربەستەکان بشکێنێت کەوەک دێوەزمەیەک ژیانی داگیر کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بێ هیوا نابێت و هەمیشە لە ناخی خۆیدا دەڵێت: (ئەم کاتانەش تێدەپەرێت، سبەی ڕۆژێکی باش دەبێت). هەوڵ دەدات و کاری جۆراو و جۆر دەکات (وەک قاپ شووشتن و پاک کردنەوە لە ڕیستۆرانتەکان)، پارەیەکی کەم کۆدەکاتەوە، بڕیار دەدات بەو پارەیە بچێتەوە بەر خوێندن، گوێ بە قسە و تانەی هاوڕێکانی لە خوێندن نادات، دەخوێنێت و کار دەکات، لە ژێر گڵۆپی سەر شۆستەکان و لە ناوی وێستگەکان ئەرکەکانی قوتابخانەی جێبەجێ دەکات.

لیز نە دایکێکی هەبوو سۆز و خۆشەویستی و ئارامی پێببەخشێت، نە باوکێک خەمی بخوات و خەرجی و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکات، نە ماڵێکیش تێیدا بحەوێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو هاوپۆلەکانی سەرکەوتووتر بوو.

یەکەم سەرکەوتنی لیز لە پێشبڕکێیەکدا دەبێت، کە لەلایەن گۆڤاری نیویۆرک تایمزەوە ڕێکدەخرێت (لەسەر نوسینی وتارێک لە شێوەی ژیاننامە)، لیز ژیانە پڕ لە نەهامەتییەکانی خۆی دەنوسێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە چیرۆکەکەی بە پلەی یەکەم پەسەند بکرێت و بەو هۆیەشەوە هەلی خوێندن کە ساڵانە بڕی (12,000) دۆلار دەبێت و بۆ ماوە ی چوار ساڵ لە زانکۆی هارڤارد پێدەدرێت (کە یەکێکە لە زانکۆ باش و گەورەکانی ئەمریکا)، لەگەڵیدا کارکردن لە گۆڤاری نیویۆرک تایمز و ئەپارتمانێک بۆ ئەوەی تێیدا نیشتەجێبێت.

لیز لێهاتووانە دەتوانێت کە سود لەو هەلە وەربگرێت کە لەو زانکۆیە بۆی ڕەخسابوو، دەچێتە بەشی زانستە دەروونییەکان، سەرکەوتوانە دەتوانێت زانکۆ تەواو بکات و پەرە بە تواناکانی خۆی بدات، دواتر وەک مامۆستا لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە، بەردەوام دەبێت تاوەکو بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش بەدەست دەهێنێت.
لیز لە ئێستادا نووسەر و زانای بواری دەرونناسییە و یەکێکە لە بەناوبانگترین وتەبێژەکانی جیهان، لە زۆر لە بۆنەو ئاهەنگەکان خەڵات کراوە، دامەزرێنەری دەزگایەکە بۆ پاڵپشتی و هاوکاریکردنی گەنجان.

لە ساڵی 2011 دا, چیرۆکی سەرکەوتنی لیز لە دووتوێی پەرتوکێکدا بە ناوی Breaking Night بڵاوکرایەوە و لەماوەیەکی کورتدا دەنگدانەوەیەکی یەکجار گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەکی زۆری لێفرۆشرا.

هەروەها کەسایەتی لیز لە فیلمێکی سینەمایدا بەناوی‏ (Homeless to Harvard) بەرهەم هێنرا، فیلمەکە تیشکی خستۆتە سەر چیرۆکی سەرکەوتنی لیز و وێستگە پڕ لەنەهامەتییەکانی ژیانی، کەچۆن توانی بە خۆڕاگری و ئازایانە تێیانپەڕێنێت و کۆڵی نەدا تاوەکو گەیشت بەو پلەوپایە بەرزەی ئەمرۆ تێیدایە.
لیز بەپراکتیک سەلماندی کەمرۆڤ خاوەنی ئیرادەی گەورە و مەزنە و هیچ شتێک لەبەردەمیدا ئەستەم نییە، بەهەوڵ و تێکۆشان دەتوانێت هەموو بەربەستەکان بشکێنێت و بگاتە بەرزترین ئاست و پلە و پایە و گەورەترین خزمەت بەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی بکات.

هاوشێوە

ڤیدیۆ