“ناوزڕاندن بەهەموو شێوازو جۆرەكانییەوە بریتیە لەو هەوڵەی لەلایەن كەسێك یاخود گروپێكەوە ئەكرێت بەمەبەستی تێكدان و ناشرین كرنی وێنەی كەس یاخود گروپی ناوزڕێنراو لەناو گروپو كۆمەڵێكدا”، بەمشێوەیە رۆژین عەلی توێژەری دەروونی باسی ناوزڕاندن بۆ تۆڕی میدیایی تەوار ئەكات.
لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، ناوزڕاندنو سوكایەتی بەتایبەت بەژنان وەك بانگەشە بەكاردێت.
لەبارەی ناوزڕاندن لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، رۆژین وتی: “ناوزڕاندن لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا پرسێكی فرە فاكتەرو فرە لایەنە، ڕەنگە ئەو كەسەی ئەم كارە دەكات لەژێر كاریگەری گروپ و لایەنێكدا بێت یاخود لەكاتی شكانو ناشرین كردنی بەرامبەر هەست بە گەورەیی خۆی بكات یان كەمییەكانی خۆی و گروپەكەی پێبشارێتە، یاخود ڕەنگە كەسێكی دەروون نادرووست بێت و حەزی بەئاژاوە بێتو لەناشرین كردنی ئەوانی تر چێژ ببینێت”.
وتیشی: “لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زۆرێك لەلایەنەكان ئەكەونە خۆیان بۆ كۆكرنەوەی زۆرترین دەنگ، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا ئەبەنە بەر بەكارهێنانی كۆمەڵێك ڕێگە بێ بیركردنەوە لەباشو خراپیو سودو زیانی ئەو ڕێگەیە، تەنها تیایدا ئەوەی بۆیان گرنگە زۆركردنی ژمارەی دەنگەكانیانە، بێگومان لێرەشدا مناڵان بێبەش نین لەم جۆرە لەئیستیغلال كردن، بەكارهێنانی وێنەو ڤیدیۆی مناڵان بۆ پرس و بابەتێكی گەورەكان، جۆرێكە لەئیستیغلال كردن، لەبەرئەوە مناڵەكان ئەبێت لەدنیای مناڵی خۆیان بژین و بۆ وروژاندنو جوڵاندنی لایەنی عاتفی گەورەكان بەكار نەهێنرێن”.
رۆژین دەڵێت: “ناوزڕاندن هەمیشە جیاوازە لەئازادی ڕا دەربڕین یاخود ڕەخنەگرتن”.
وتیشی: “دیاردەی ناوزڕاندن لەهەموو كاتو سەردەم و كۆمەڵگەو شوێنێكدا بونی هەبووەو كەم تا زۆر بە پێی شوێنەكان گۆڕدراوە”. ئەو توێژەری دەرونییە پێیوایە ناوزڕاندن بەڵگەیە لەسەر نەزانیو نەفامی كەسی ئەنجامدەرانی، هاوكات نەزانی، نەنگیو لەكە نییە، بەڵكو بەشێكە لەو پڕۆسە جەوهەریانەی مرۆڤ بوون، لەبەرئەوە زانینی ئێمە بۆ شتەكان ڕێژەییە، بەڵام ئەم حوكومدانە لەسەر نەزانی بەپێی ئاست و پێگەی كەسەكە دەگۆڕدرێت”.
رەنج شوكری بەرپرسی راگەیاندنی نوسینگەی سلێمانی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق بەتۆڕی میدیایی تەواری راگەیاند: “ئەگەر كەسێك ناوزڕاندن یاخود تەشهیر بەكاندیدێك یان لایەنێكی سیاسی بكات، دەكرێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكرێت، بەڵام هەتا ئێستا هیچ كەسێك سكاڵای تۆمار نەكردوە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەبێت دەكرێت بەراپۆرتو دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی كۆمیساران، لەوێ بڕیاری لێدەدرێت بەیاسایی سزای ماددی بێت یان هەرجۆرە سزایەك بێت كە دیاریكراوە دەدرێت، بۆ ئەو كەسەی هەستاوە بە ناوزڕاندنەكە”.
هەڵشۆ عەبدولقادر شارەزا لەمافەكانی مرۆڤو هەڵبژاردن، دەربارەی ئەوەی ئایا لەكاتی بانگەشەدا كاندیدەكان رەچاوی پاراستنی مافەكانی مرۆڤیان كردووە، وتی: “بەداخەوە بەپێی ئەزمونی رابردوو زۆرترین پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەكاتی خۆپیشاندانەكانو بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە، بەشێوەیەك كە بنەماكانی مافی مرۆڤ رەچاو نەكراوە، بەتایبەت ئازادییە كەسیەكان هێرشی بۆ براوە”.
وتیشی: “لەكاتی بانگەشەدا ژنانو كچان بوونەتە قوربانییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەستبردن بۆ كۆمەڵێك ئازادی تاكیو كەسی كاندیدەكان، ئەمە ڕێگە پێنەدراوە، پێشێلكردنی مافی ئازادی تاكە، جا ئەو كەسە لەهەر پلەو ئاستێك دابێت”.
ئا: تریفە حەسەن