جێژوانی خێزانی ئه‌و شوێنه‌ی دایکان‌و باوکان دواى جیابونه‌وه‌یان منداڵه‌کانیان ده‌بینن
نه‌سرینی ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵ، ئه‌و ژنه‌ی که کوڕه‌زا ته‌مه‌ن ساڵ و نیوه‌که‌ی هێنابووه به‌شی جێژوانی خێزانی بۆئه‌وه‌ی دایکی بیبینێت ئه‌و شوێنه‌ی بووه‌ته لانه‌ی به‌یه‌ک گه‌یشتنی منداڵ به‌دایکی یان باوکی که به‌هه‌ر هۆکارێک بێت له‌یه‌کتری جیابونه‌ته‌وه بۆ ژیانه‌وه وتی: “ئه‌م منداڵه ته‌مه‌نی ١٣ رۆژ بوو که دایک و باوکی کێشه که‌وته نێوانیان و له‌یه‌کتری جیابوونه‌وه له‌و کاته‌وه لای ئێمه مایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی بوو به ساڵێک، دایکی داوای‌کرد که منداڵه‌که‌ی ببینێت، ئێستا ماوه‌ی پێنج مانگه دایکه‌که‌ی ده‌یبینێت و مانگانه دوو کاتژمێر ده‌یهێنم لێره دایکی بیبینێت”.
سۆز دایکی منداڵێک بوو که له هاوسه‌ره‌که‌ی جیابووه‌ته‌وه و هاتبوو تا منداڵه‌که‌ی ببینێت بۆ ژیانه‌وه وتی:” هه‌موو مانگێک دێم لێره منداڵه‌که‌م ده‌بینم، ئێره شوێنێکی زۆر باشه، ئه‌گه‌ر ئێره نه‌بووایه نه‌مده‌زانی له کوێ منداڵه‌که‌م ببینم ره‌نگه تووشی کێشه بوومایه”.
بینینی منداڵ له لایه‌ن دایک و باوکییه‌وه کاتێک جیاده‌بنه‌وه به یاسا رێکخراوه له‌و باره‌یه‌وه هاوژین ئه‌حمه‌د پارێزه‌ر له به‌شی جێژوانی خێزانی بۆ ژیانه‌وه وتی:”جێژوانی خێزانی یه‌کێکه له پرۆژه گرنگه‌کانی یه‌کێتی ژنانی کوردستان که شوێنێکه ته‌رخانکراوه بۆ بینینی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی خێزانه‌کان له‌یه‌کتری، به‌بڕیاری دادوه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین ماڵی دووه‌می خێزانه‌کانه”.
وتیشی:”له‌به‌شی جێژوانی خێزانی نزیکه‌ی ٨٠٠ که‌یسمان هه‌یه که زۆربه‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دووردرێژیان هه‌یه تا ئێستاش به‌رده‌وامه و نه‌یانتوانیوه منداڵه‌کانیان ببینن، بۆیه به بڕیاری دادوه‌ر دێنه جێژوانی خێزانی و منداڵه‌که‌یان ده‌بینن که زۆت کات دادوه‌ر کات و شوێنی بینینه‌که دیاریده‌کات یاخود ده‌سه‌ڵات ده‌داته ده‌ست جێبه‌جێکاری داد”.
سه‌باره‌ت به بوونی یاسایه‌ک بۆ بینینی منداڵ له کاتی جیابوونه‌وه‌ی دایک و باوک ئه‌و پارێزه‌ره وتی:”به گوێره‌ی یاسا کۆنه‌که له مانگێکدا دووجار بۆ ماوه‌ی چه‌ند کاتژمێرێک، دایک و باوک مافى بینینی منداڵه‌که‌ی هه‌بوو، به‌ڵام مافى مانه‌وه‌ی تێدانه‌بوو، که منداڵه‌که له‌لای دایک یان باوک بۆ ماوه‌ی ٢٤ یان ٤٨کاتژمێر بمێنێته‌وه، که به‌پێی یاسای باری که‌سێتی ژماره ٨ساڵی ١٩٥٩ له مادده‌ی ٥٧ بڕگه ٤ ئاماژه‌ی پێکردوه، که دایک و باوک مافى بینینی منداڵى هه‌یه، به‌ڵام باسی مانه‌وه‌ی نه‌کردوه که به شه‌ورۆژ بمێنێته‌وه”.
“کاتیک هاوسه‌ره‌کان له‌یه‌ک جیابوبێتنه‌وه و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی هاوسه‌رگیری له‌نێوانیان نه‌مابێت، منداڵ مافى ئه‌وه‌ی هه‌یه ٢٤ کاتژمێر لای دایک یان باوکی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ژن و پیاو له ماوه‌ی تۆراندا بوون، هاوسه‌ره‌کان هه‌ر یاسا کۆنه‌که جێبه‌جێ ده‌کرێت، حاڵه‌تێکمان هه‌یه له یاسا تازه‌که که ئه‌ویش ته‌نیا منداڵی شیره‌خۆره ناگرێته‌وه، به‌ڵکو له‌مانگێک دووجار داوای بینینه‌که بکرێت، بۆماوه‌ی چه‌ند کاتژمێرێک، واته له‌م کاته‌ش ههریاسا کۆنه‌که جێبه‌جێ ده‌کرێت، ئامانج له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که منداڵی شیرخۆره، پێویستی به گرنگیپێدانی دایکه که شیری خۆی پێبدات، بۆیه تا دووساڵ و ته‌مه‌نی شیرهخواردن ته‌واوده‌کات ماوه‌ی ٢٤کاتژمێری به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ناکرێت”. هاوژین وا ده‌ڵێت.
ئه‌و پارێزه‌ره ئاماژه به‌وه‌شده‌کات، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی ٢٤کاتژمێرهکه ته‌واو ده‌بێت، پێویسته، منداڵه‌که بدرێته‌وه ده‌ست دایه‌نه‌که واته ئه‌و که‌سه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی منداڵه‌که‌ی لایه، ئه‌گه‌ر وانه‌کات به‌پێچه‌وانه‌وه مافى بینینی منداڵه‌که‌ی نابێت و سزا ده‌درێت به جۆرێک ماوه‌ی یه‌ک مانگ منداڵه‌که‌ی نابینێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دایک یان باوک پابه‌ند نه‌بوو به‌یاساکه و ڕێگری کرد له‌بینینی منداڵه‌که داواکاری بینین بێ هیچ پاساوێکی شه‌رعی و ڕه‌وا ئه‌وا جێبه‌جێکاری داد سه‌ره‌تا ئاگاداریدهکاتهوه، له ئه‌گه‌ری دووباره کردنه‌وه‌یدا ئه‌وا به پێی دادگای تایبه‌تمه‌ند که دادگای باری که‌سێتییه، بڕیار ده‌دات بۆ ماوه‌ی یه‌ک مانگ دایه‌نی بگوازێته‌وه بۆ داواکاری بینین واته لای ئه‌و که‌سه بێت که داوای بینینی کردبێت”.
له‌کاتی گه‌شتکردنی ئه‌و که‌سه‌ی که منداڵه‌که‌ی لایه بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌و پارێزه‌ره ده‌ڵێت:” له یاساکه‌دا هاتووه ئه‌وکه‌سه‌ی که منداڵه‌که‌ی لایه واته دایه‌نی منداڵه‌که‌یه ده‌بێت به‌ڵێننامه‌یه‌ک بدات که پابه‌ند ده‌بێت به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی منداڵه‌که به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ وڵات، ئه‌گه‌ر نا به‌هیچ شێوازێک رێگه‌ی پێ نادرێت که سه‌فه‌ره‌که بکات”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئایا دایک یان باوک له پێشتره بۆ دایه‌نی منداڵ ئه‌و پارێزه‌ره ده‌شڵێت:”له مادده‌ی ٥٧ و بڕگه‌ی یه‌ک له یاسای باری که‌سێتی ئاماژه به‌وه کراوه که دایک له پێشتره بۆ دایه‌ن و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ، له کاتی به‌رده‌وامی هاوسه‌رێتی و هه‌تا له دوای جیابونه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر هاتوو منداڵه‌که زیانی پێنه‌گات، واته هاتوو ئه‌گه‌ر ئه‌م دایکه له‌ماوه‌ی هاوسه‌رێتیدا یان جیابوه‌وه، یان هاوسه‌رگیریشی کرده‌وه، دایک هه‌ر مافى دایه‌نی هه‌یه تا ته‌مه‌نی ١٨ساڵی که منداڵه‌که‌ی په‌روه‌رده و چاودێری بکات، به‌ڵام به مه‌رجێک نابێت زیانی به‌رکه‌وێت، واته یاسا پشتگیری دایک ده‌کات ته‌نانه‌ت هاوسه‌رگیری دووه‌م بکاته‌وه، به‌ڵام پێویسته مه‌رجه‌کانی دایهنیشی تێدابێت”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئایا مه‌رجی دایه‌ن چییه پارێزه‌ر هاوژین ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات که ده‌بێت دایه‌ن عاقڵ بێت و جێگه‌ی متمانه‌بێت، بتوانێت منداڵه‌که‌ی به باشی په‌روه‌رده‌و به‌خێوبکات، به‌ڵام هه‌ر له مادده‌ی ٥٧دا ئاماژه‌ی پێکراوه ئه‌گه‌ر دایه‌نێک که مه‌رجی دایه‌نی له‌ده‌ست بدات و منداڵه‌که زیانی پێبگات یان دایکه‌که له به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌که نه‌بوو کۆچی دواییکرد له‌م کاته‌دا مافى دایه‌نی ده‌گوازرێته‌وه بۆ باوک و دادگا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌که ده‌کات”.
ده‌رباره‌ی کێشه و گرفتی یاسای بینینی منداڵ له پرۆسه‌ی جێژوانی خێزانی هاوژین ده‌ڵێت: “کێشه و گرفتمان زۆره بۆ نمونه یه‌کێک له کێشه‌کان دایک و باوک پابه‌ند نابن به بینی منداڵه‌که، واته کاتی وه‌رگرتن و دانه‌وه، زۆرجار نیو کاتژمێر یان زیاتر دواده‌که‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته گرفت بۆ که‌سی به‌رامبه‌ر، یان له‌یاساکه باسی ئه‌وه‌ی نه‌کردوه ئه‌و که‌سه‌ی منداڵه‌که ده‌بینێت له ده‌ره‌وه‌ی شاربێت، ئێمه که‌یسمان هه‌یه له‌کۆیه یان پارێزگایه‌کی دیکه‌وه دێت بۆ بینینی منداڵه‌که‌ی له‌م کاته‌دا ٢٤کاتژمێر دیاریده‌کرێت، خۆی پێویست بوو ٤٨ کاتژمێر بێت، چونکه رێگاکه دووره، ده‌بێته بێزاری و بێتاقه‌تی منداڵه‌که، به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان منداڵه‌که ساردبونهوهیهکی بۆ که‌سی به‌رامبه‌ر بۆ دروست ده‌بێت”.
ده‌شڵێت: “دایک‌و باوک هه‌بووه منداڵه‌که‌ی بردوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و تا ئێستاش نه‌یگه‌ڕاندووه‌ته‌وه، سکاڵاکه‌شی به‌رده‌وامه، ئه‌و که‌سه منداڵه‌که‌شی بردوه دایک بێت یاخود باوک فه‌رمانی گرتنی هه‌یه، هه‌رکاتێک بگه‌ڕێته‌وه مناڵه‌که‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه”.
هاوژین باس له‌وه‌ده‌کات که یه‌کێتی ژنانى کوردستان رۆڵ و کاریگه‌ری هه‌بووه له ده‌رچوونی یاسای بینینی منداڵ ژماره ٦ ساڵی ٢٠١٥ و یاساکه به پرۆژه‌ی ئه‌وان ده‌زانێت و ده‌ڵێت:”ئێمه ئه‌و پرۆژه‌یه‌مان پێشکه‌ش کردووه و دواتر بووه به یاسا هه‌رچه‌نده کێشه‌ی تێدایه، به‌ڵام سوودێکی گرنگی هه‌بوو بۆ بینینی منداڵ له لایه‌ن دایک و باوکیانه‌وه”.
ئه‌و پارێزه‌ره ده‌رباره‌ی پێشنیار بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، ده‌ڵێت: “پێشنیار ده‌که‌م له ڕێگه‌ی حکومه‌ته‌وه سندوقێک دابنرێت که دایک و باوک جیابونه‌ته‌وه، له رووی مادییه‌وه سه‌رپه‌رشتی بکرێن، بۆ ئه‌وه‌ی له خوێندن دانه‌بڕێن، منداڵ هه‌یه به‌هۆی جیابونه‌وه‌ی دایک و باوکی توشی لادان بووه و له پرۆسه‌ی خوێندن دابڕاوه که ئێستا رۆژ به‌رۆژ روو له زیادبوونه، پێویسته لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ربکات و دوای جیابوونه‌وه‌ی دایک و باوکی منداڵه‌که‌ش قوربانی و زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م منداڵه‌که‌یه، که زۆر کات لای نه‌نکی یان باپیری ده‌مێنێته‌وه وه‌کو پێویست ناتوانێت له‌رووی ماددیه‌وه ژیانی بۆ دابین بکات، ئه‌و بژێویه‌ش که باوکه‌که بۆی دیاریده‌کات، پێویستی ئه‌و منداڵه جێبه‌جێناکات، که زۆرجار داده‌بڕێت له خوێندن، توشی لادان ده‌بێت و بێبه‌ش ده‌بێت له سۆز و خۆشه‌ویستی”.
ئامادەکردنی: کۆچه‌ر