د.داهات حەوێزی (پزیشكی پسپۆری هەناوی و دڵ و شەكرە)
بەرزەفشاری خوێن (زەخت) نەخۆشییەكی درێژخایەنە، زۆربەی كات هیچ نیشانە و ناڕەحەتییەك دروست ناكات كە نەخۆش هەستی پێبكات، هەندێ كەس ئەڵێن خۆ من هیچ ناڕەحەت نیم كە زەختەكەم بەرز ئەبێتەوە ئیتر چ پێویست ئەكات عیلاج بەكاربێنم؟!
بەڕێزان بەرزەفشاری خوێن ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت كێشەی تەندروستی زۆر دروست ئەكات تەنانەت ئەگەر هیچ ناڕەحەتیەكیش دروست نەكات، هەتا زەختەكە زیاتر بەرزبێت و بۆ ماوەیەكی درێژتر وابێت، كاریگەری خراپتری هەیە.
لەكاریگەرییە خراپەكانی زەخت:
-زەختی بەرز ئەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەكانی دڵ و جەڵتەی دڵ و زەبحە و سستی دڵ و فراوابونی شاخوێنبەر و تێكچوونی كارەبایی دڵ.
-بەرزەفشاری خوێن دەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەكانی قاچ و برین و گانگرینی قاچ و لاوازی سێكسی.
-فرێدانی پڕۆتین لەگورچیلەوە و گیرانی خوێنبەرەكان و لەكاركەوتنی گورچیلەی درێژخایەن بەشێكی زۆری پەیوەندی بە زەختەوە هەیە.
-ئەگەر زەخت كۆنتڕۆڵ نەكرێ دوور نییە ببێتە هۆی سەریەشە و سەرگێژخواردن و گەشكە و لەبیرچوونەوە و جەڵتەی مێشك.
-بەرزبونەوەی زەخت دەبێتە هۆی تەسك بوونەوە و گیرانی خوێنبەرەكانی تۆڕەی چاو لاوازی بینین و كوێربوون.