ماڵپەڕی “وێڵز ئۆنلاین”ی بەریتانیا لە راپۆرتێكدا چیرۆكی كچە كوردێك بەناوی (بنار تاڵەبانی) تەمەن 32 ساڵی بڵاوكردوەتەوە كە ئێستا پزیشكە و سەركردەی هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیارییە چەواشەكارییانەیە دەكات كە لەسەر پەتای كۆرۆنا و ترس لە ڤاكسین وەرگرتن بڵاودەكرێنەوە.
بنار لە چوارچێوەی كارەكەیدا كە پسپۆڕە لە بواری گورچیلە و چاندنی ئەندامەكانی لەش لە شاری كاردیف لە وێڵز، ئەو كارە دەكات، ئێستا بنار لە بواری بەگریكردن لە ڤاكسیینەكانی دژبە كۆرۆنا بووە بە كەسێكی زۆر چالاك لە وێڵز.
بنار كێیە ؟
بنار لەساڵی 1988 لە هەرێمی كوردستان لە خێزانێكی كورد لەدایكبووە، خێزانەكەی زۆر بەتوندی لە ریزی شۆڕشی كوردی دژ بە سەدام حسێن بوون، بنار تەمەنی دوو ساڵ بوو كە یەكەمجار لەگەڵ خانەوادەكەی لەجەنگی یەكەمی كەنداودا لە ساڵی 1990 ناچاربوو ماڵی خۆیان جێبهێڵێتو ئاوارەی ئێران بوون، بنار لەگەڵ دایكی و كەسوكاری و برا 9 مانگەكەیدا رۆیشت و باوكیشی مایەوە بۆ شەڕی دژبە سوپای سەدام.
لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بنار تاڵەبانی لەگەڵ خێزانەكەیدا رای كرد و خۆیان لە ئەشكەوتەكاندا شاردەوە، هەر لەو ئاوارەبوونەشدا برا كۆرپەكەی بەشێوەیەكی ناخهەژێن گیانی لەدەستدا.
دواجار و لە ساڵی 1998 بنار و خێزانەكەی وەك پەنابەر وەرگیرانو رەوانەی بەریتانیا كران، لەشاری بێرمینگهام نیشتەجێ بوون، لەماوەی دوو ساڵدا دایكی بنار هەوڵێكی زۆریدا فێری زمانی ئینگلیزی ببێت تا كارێكی دەستبكەوێت و كارئاسانیی كۆمەڵایەتیی بۆ بكرێت وەك حكومەت لێیانی داواكردبوو.
بناریش چاوی لە دایكی كرد و چووە قوتابخانە و خۆی فێری زمانی ئینگلیزی كرد و لە 11 تاقیكردنەوەدا دەرچوو بۆ پەیوەندیكردنی بە قوتابخانەوە.
هەر لە تەمەنی 13 ساڵییەوە بڕیاریدا ببێت بە پزیشك، ئەوكاتەش كە وەك خۆبەخش قوتابییە كاتییەكانی دەبردە كۆلێژی پزیشكی بۆی دەركەوت كە بڕیارەكەی لەجێگەی خۆیدا بووە، چونكە كاتێك پەنابەر بوو ئەزمونێكی باشی وەرگرت، بنار دەڵێت “ئەو كاتەی كە لە كامپی پزیشكانی بێسنور بووین، یەك پزیكشی خۆبەخشی لێ بوو”.
كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی كاردیف بژاردەی یەكەمی بنار بوو، ساڵی 2007 چووە ئەو كۆلێژە 6 ساڵییە و لەماوەی ساڵێكی توێژینەوەدا زۆر چێژی لە ژینگە ئەكادیمییەكەی زانكۆكە وەرگرت و تێكەڵی پرۆژەكانی بوو. دوای تەواوكردنی زانكۆ لە ساڵی 2013 و چەند ساڵێكیش دوای ئەوە داواكاریی پێشكەش كرد بۆ مەشقی پزیشكی ئەكادیمیی هاوچەرخ لە شاری كاردیف. بنار پەیوەندیی بە خوێندنی دكتۆراوە كرد بۆ ساڵی 2019 و پسپۆڕییەكەی تایبەت بوو بە زانستنی بەرگریی گورچیە و ساڵی 2023 ئەو بڕوانامەیەش بەدەست دەهێنێت.
كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا سەریهەڵدا و پەتاكە كاریگەریی هەبوو لەسەر ئەوەی بنار ئاگاداری منداڵەكەی ببێت، چونكە شێوازی كارەكەی رێگەی پێ نەدەدا، دەبوو واز لە دەوامی بەردەوامی نەخۆشخانە بهێنێت، بەلای بنارەوە متمانە نەكردن بە ڤاكسینەكان، كاریگەریی زۆری لەسەر خەڵك كردبوو، سەرەتای ئەمساڵ هاوڕێیەكی بنار داوای لێكرد بێتەناو پرۆگرامێكی نوێ بەناوی دەستپێشخەریی پزیشكانی موسڵمان بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاریی هەڵە لەسەر ڤاكسینی كۆرۆنا، بنار ئەم هەلەی قۆستەوە و لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی رابردوو نزیكەی 20 كەس لەو پرۆژەیەدا كۆبوونەوە كە گەورە راوێژكار و پزیشك و خوێندكاری پزیشكی و دەرمانسازی تێدایە و ئەوەندەی نەبرد ژمارەی گروپەكە گەیشتە 60 كەس.
ئەم گروپە گرتەی ڤیدیۆیی بڵاودەكەنەوە كە ماوەكەی یەك خولەكە و بەو ڤیدیۆیانە ئەو پروپاگەندە و ئەفسانانە بەدرۆ دەخەنەوە كە بۆ ڤاكسینی كۆرۆنا دەكرێت. رۆژانە ڤیدیۆكان لە تۆڕەكانی فەیسبوك و تویتەر و ئینستاگرام دادەنرێن.
بنار لە سیمینارێكدا لەرێگەی ئینتەرنێتەوە بە زمانی كوردی قسەی كردوە و كەسانی دیكەش بە زمانەكانی پاشتۆ و بنجابی و بەنغالی و سۆمالی و عەرەبیش قسەیان كردوە و زۆرجاریش پیاوانی ئایینی بەشداری پێدەكەن تا پێكەوە بەرەنگاری ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوە.
ماڵپەڕە بەریتانییەكە دەڵێت: رۆڵی بنار زۆر گرنگ بووە لە چۆنێتی كاركردنی گروپەكە، چونكە یەكەم ئەندامی گروپەكە بووە كە پێشتر توێژینەوەی زانستیی كردوە، بۆیە بنار دۆسیەیەكی بۆ ئەو پرسیارانە ئامادە كردوە كە زۆر باون و خەڵك لەسەر كۆرۆنا و كۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ دەیكەن.
ئا: سەیران محەمەد