ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنە نوسەرێك: “كۆمەڵگەی رۆشنبیر و تاكی هۆشیار لەسەر دەستی ژنانی رۆشنبیر بەرهەم دێت”

خاتوو لیا حەسەن محەمەد، مامۆستای بەشی پەروەردەی دەرونزانی لە زانكۆ ڕاپەڕین و نوسەرو رۆژنامەنوس، لەچاوپێكەوتنێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی تەوار سەبارەت بەئەزموونی نوسینی خۆی دەڵێت: “سەرەتای كاری نوسینم بۆ گۆڤارەكان دەگەڕێتەوە كە لە گۆڤاری پشدەر و گۆڤاری هەتاو چەند ژمارەیەك بابەتم هەبوو، تەوەرەكانیش پەیووەندیدار بوون بە بابەتە دەروونییەكان”.

دەربارەی زیاتر لە چ بوارێكدا دەنوسێت خاتوو لیا وتی: “لەئێستادا زیاتر نوسین و توێژینەوەكانم لەسەر بابەت و نەخۆشییە دەروونییەكانە‌و چەند توێژینەوەیەكیشم لەگۆڤاری زانكۆی ڕاپەڕین و سەڵاحەدین بڵاوكراوەتەوە‌و ئەم كتێبەی ئێستاشم باس لە نەخۆشی و شڵەژانی كەسایەتی دوورە پەرێز دەكات (ئەو كەسانەی ترسی بەشداری كۆمەڵایەتی و پەیووەندیەكانیان هەیە)، هەروەها باس لەتوانای ئەنجامدانی ئەركی لایەنی ئەكادیمی ئەو جۆرە كەسایەتییانە كراوە”.

خاتوو لیا لەربارەی ئەوەی تاچەند ژنان توانویانە ئازادانە بنوسن وتی: “ژنانی نوسەرمان كەمە، ئەمەش بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دەرفەتی كەمتر بۆ ژنان دەڕەخسێت، بەشێكیشی بەوەی كە هێشتا لەوانەیە ئێمە ژنانمان ئەم پاڵنەرەیان لاواز بێت و كەمن ئەوانەی پاڵنەری نوسینیان هەیە”.

كاری داهاتووی خۆشی ئاشكرا كرد‌و وتی: “لەئێستادا چەند توێژینەوەیەكم تەواو بووەو ئامادەن بۆ بڵاوبوونەوە‌و بەردەوامیشم لەئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەكی تر كە زیاتر كارەكانی من ئیشكردنە لەسەر دیاردە دەروونییە باوەكانی پەیوەست بەم دۆخەی كە ئێستای كورد پیایدا تێدەپەڕێت”.

خاتوو لیا دەڵێت: “ئومێد دەكەم هەر كەسێك لەبواری خۆیدا خزمەت بەبواری زانستی بكات‌و خانمان بێنە ناو دونیای نوسین و بڵاوكراوە و بەرهەمی زهنی خۆیان هەبێت، هەروەك خۆیان سەرقاڵی دونیای نوسین بكەن‌و خۆیان سەرقاڵی شتی لاوەكی نەكەن و بوونی خۆیان بسەلمێنن، چونكە ئێمە دەزانین كۆمەڵگەی ڕۆشنبیرو تاكی هۆشیارو نەوەیەكی تەندروست لەسەردەستی دایكان و ژنانی ڕۆشنبیر بەرهەم دێت”.

ئا: تریفە

هاوشێوە

ڤیدیۆ