ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ئەمڕۆ 69 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی حەپسەخانی نەقیب تێدەپەڕێ‌

لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا‌و لە (1953/4/12)، حەپسەخانی نەقیب ژنە تێكۆشەر‌و رێچكە شكێنی كورد لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

حەپسە خانی نەقیب ژنێكی بوێر‌و خێرخواز‌و خاوەن بڕیار‌و پێگەی تایبەتی‌و هاوخەمی نەتەوە‌و چالاكوان‌و خەمخۆر‌و داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانی ژنان، كچی مەعروف بەرزنجی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ‌ و ئامۆزای شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان ‌و هاوسەری شێخ قادری حەفیدە، لە ساڵی ١٨٩١ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە.

نازناوی نەقیبی لەباوكییەوە وەرگرتووە، چونكە مەعرووف بەرزنجی باوكی (نەقیب) بووە، ئەم پلەی (نەقیب)ییەشی لەلایەن حكومەتی عوسمانیەوە پێبەخشراوە.

حەپسەخان ماڵ‌و دیوەخانێكی هەبووە‌و هەمیشە ژنانی شاری سلێمانی‌و دەورو بەری سەردانیان كردووە‌و هەر ژنێك كێشەی هەبوایە، هانای بۆ حەپسە خان بردووە‌و ئەویش بەدڵێكی فراوانەوە لە كێشەكەی كۆڵیوەتەوە بۆی چارەسەر كردوون.

لە(1930/6/28) یەكەمین كۆمەڵەی ژنانی بەناوی (كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد) دامەزراندووە كە خۆی سەرۆكایەتی كردووە‌و حەپسەخانی عیرفانە فەنی، خێزانی جەمیل سائیب سكرتێری بووە و بارەگاشیان هەبووە.

ساڵی1930 نامەیەكی سیاسی مێژویی بۆ ڕێكخراوی كۆمەڵەی نەتەوەكان “كۆمەڵەی گەلان” لەجنێڤ ناردوە و ڕاشكاوانە داوای مافی گەلی كوردی لەسەر خاكی كوردستان كردوە، كە دەنگی داوەتەوە.

لەدامەزراندنی كۆماری كوردستاندا بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد، حەپسەخان بە هەموو توانایەوە پشتگیری كۆمارەكەی كردوە و پێشەوایش سوپاسنامەیەكی تایبەتی بۆ ڕەوانە كردوە و ڕێزی لێناوە.

د.كەمال مەزهەر لەكتێبی “كورد و كوردستان لەبەڵگەنامە نهێنیەكانی حكومەتی بەریتانیا”دا، باس لەنامەكەی حەپسە خان دەكات، كە لە7ی ئەیلولی1930 ڕۆژێك دوای ڕاپەڕینی6ی ئەیلولی1930ی بەردەركی سەرا، نوسیویەتی و بە توڕەبون و بێ سڵاوكردن بە بەریتانیا دەڵێت، ئەمەیە دیموكراسی و عەدالەتەكەتان؟، نۆ جار دەستەواژەی یاسای بەكارهێناوە و بەرامبەر بە شەهید و بریندار و دەستگیركردنی كۆمەڵێك كورد لەڕاپەڕینەكەدا گلەیی و پلاری گرتۆتە بەریتانیا.

كەمال مەزهەر دەڵێت، لەڕاپەڕینەكەدا حەپسە خان ڕۆڵی لەشێخ مەحمود زیاتر بوە، چونكە ئەو كاتە شێخ لەگوندی پیران لەسەر سنوری ئێران و عیراق بووە‌و بە زۆر نیشتەجێكراوە.

حەپسەخان لە بواری زانست‌و بڵاوكردنەوەی خوێندەواری لەناو ژنانی كورددا، ڕۆڵێكی باڵای بووە، بۆیە نەك هەر مایەی شانازیی پێوەكردنی ژنانی كورد بووە، بەڵكو جێگەی شانازی سەرجەم میللەتی كوردبووە، چونكە جگە لەهەڵوێستی چاكە خوازیی كۆمەڵایەتی‌و خزمەتگوزاریی خەڵك‌و یارمەتیدانی هەژارو نیشتمانپەروەریی پڕ لە دڵسۆزیی‌و ڕاستگۆیی، هەڵوێستێكی بەرزیشی هەبووە بەرامبەر بەكردنەوەی قوتابخانەی ژنان بۆ لەناوبردنی نەخوێندەواریی، هەوڵێكی بێ‌ پایانی دا بۆ كردنەوەی خوێندنگەیەكی ژنان كە بە ئێواران ژنانی كورد لەو قوتابخانەیە دەیانخوێند، تەنانەت حەپسەخان خۆشی بوو بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە كە یەكەم قوتابخانەی ژنان بوو لە مێژووی كورداو خانویەكی خۆی بەخشی كە بكرێت بە قوتابخانە، پاشانیش ئەو قوتابخانەیە كە ماڵی خۆی بوو لەسەر پەروەردەی تاپۆ كرد.

لەتەمەنی 62ساڵیدا و لەڕۆژی چوارشەممە 12/4/1953 بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی سپاردو و لەگردی سەیوان بە خاك سپێردرا.

هاوشێوە

ڤیدیۆ