بۆ یەكەمجار لەمێژووی قەزاكەدا، ژنێك لەرانیە غەسلێكی ئۆتۆمبێل دادەنێتو هەلی كاریش بۆ چەندین گەنجی ناوچەكە دەرەخسێنێت.
خاتوو ئەژین ئیسماعیل، ژینگەدۆستەو خاوەنی دوو بڕوانامەی زانكۆیەو پێشتر كاری دەستڕەنگینی كردووەو بەشداری پێشەنگەی هونەری كردووە، لەئێستادا غەسلێكی ئۆتۆمبیلی لەقەزای رانیە داناوە.
خاتوو ئەژین سەبارەت بەم كارەی بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “بۆ ماوەی دوو مانگە ئەم كارە دەكەین، خەونی لە مێژینەم بوو كە غەسلێكم هەبێت، هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە بتوانم كارێك بكەم كە گەنجان بخەمە سەر كارو دەمەوێت كارێكی جیاواز بكەم بۆ ئەوەی تێیدا سەركەوتووبم”.
سەبارەت بەوەی وەكو ژینگەدۆستێك چۆن كارەكەی دەكاتو ئاو دەپارێزێت، ئەژین وتی: “بێگومان پاراستنی ژینگە لەپێش هەموو شتێكە، ئێمە ویستمان فلتەری ئاو دابنێن بۆ ئەوەی ئاوی بەكارهاتوو كۆبكەینەوە و دوبارە بەكاری بهێنینەوە، بەڵام نرخەكەی گران بوو توانامان نەبوو ئەوە بكەین، بەڵكو بتوانین لە داهاتوودا ئەو فلتەرە دابنێین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەسەرجەم كەرەستە بەكار هاتووەكاندا هەوڵی پاراستنی ژینگە دەدەین”.
ئەژین دەڵێت: پەیامم بۆ گەنجان ئەوەیە دەستەوەستان مەوەستن لەشتی بچووكەوە دەست پێبكەن و مەترسن، بڕواتان بە خۆتان و تواناكانتان هەبێت بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجی خۆتان.
ئا: تریفە حەسەن