ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

“ئەگەر گرنگی بەژینگە نەدرێت كارەسات دروست دەبێت”

ژینگەی كوردستان بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیاكەیەوە ژینگەی سروشتی خۆرسكی هەیە، ئەگەر گرنگی پێبدرێت سروشتیێكی جوان‌و ژینگەیەكی تەندروست پێشكەش دەكات، بۆ نەوەی داهاتووش، كاریگەری باشی دەبێت، تۆڕی میدیایی تەوار لەسەر ژینگەی كوردستان راپۆرتێكی ئامادەكردوە.

پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە 5ی رێكەوتی 7-4-2008، بە بڕیاری ژمارە 1ی ساڵی 2008، رۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی ژینگەی كوردستان دیاریكرد.

مەعروف مەجید، سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەربارەی ژینگەی كوردستان دەڵێت: گومانی تێدا نییە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیا‌و سروشتی جوانی، ژینگەیەكی خۆرسكی هەیە، ئەمە مایەی خۆشحاڵییە، ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنێكی تری ژینگەیە كە حكومەت و ڕێكخراوەكان و هاوڵاتیان گرنگی پێبدرێت، ئەگەر بەكورتی باسی بكەم ناتوانم بڵێم مەترسیدایە، بەڵام ئەگەر بەم ڕێڕەوەی ئێستای ئێمەی مرۆڤ دەستمان داوەتێ‌، بەڵێ لە ئایندەدا كارەساتی پیسبونی ژینگە دروست دەبێت، لەبەرئەوە بەداخەوە لەسەر ئاستی وڵات هیچ میكانیزمێكی گونجاو و تۆكمەمان نییە بۆ پاراستنی ژینگە.

سەبارەت بەهۆكارەكانی خراپبوونی ژینگەی كوردستان مەعروف مەجید دەڵێت: پیسبونی ژینگە بەهۆی مرۆڤەوەیە، كەمترین رووداوی سروشتیمان لە كوردستان هەیە، چونكە لەسەرئاستی جیهان چەند رووداوێك دەبینین وەكو دیاردەی سروشتی لافاو زریان و بوركان، بەڵام خۆشبەختانە ئەم دیاردانە لە كوردستان نییە یان كەمە، بەڵام پیسبونی ژینگە بەداخەوە لەكوردستان بەهۆی مرۆڤەوەیە لەسەر ئاستی تاك و بازرگانی و جاری وایە كەمتەرخەمی حكومەت خۆی بەشێك بووە لە هۆكاری پیسبونی ژینگە و لەئێستادا بەهۆی پێنەدانی پێشینە و موچە بە ژینگەپارێزەران مانگرتن دەستی پێكردوە زۆربەی شارەكان پاشماوەو خۆڵ و خاشاك بووەتە دیاردەیەكی زۆر ناشرین ‌و هۆكارێكیشە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی.

دەربارەی هۆشیاری هاوڵاتیان مەعروف مەجید وتی: بەپێی كاری ژینگەیی خۆم لەساڵی ٢٠٠٨وە گومانی تێدانیە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان بەرامبەر بە ژینگە ئێستا باشترەو بەرزبۆتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی كۆمەڵێك كێشەو گرفتەوە، نەدانی موچە بە ژینگەپارێزەران و خراپبوونی ئاستی بژێوی ژیان هاوڵاتیان نابەرپرسانە وابكات هۆشیاری ژینگەی لاواز بێت، كە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دڵسۆزی ژینگەش بن لایەنی پەیوەندار گوێ پێنادات، كە لەم دووساڵەی دوایدا ئاستی هۆشیاری خراپە، پێویستی بەپێدانی هۆشیاری ژینگەی لە باخچە‌و قوتابخانەكان دەستپێبكرێت.

مەعروف دەڵێت: پەیامی من بۆ ژینگە پێویستە حكومەت هۆشیارو دڵسۆزی بۆ ژینگە زیاتر بێت وەكو تاكێك و ڕێگری لە هۆكاری پیسبونی ژینگە بكات بەتایبەتی مەوادی پلاستیكی باجی زیاتر بخاتەسەر‌و كەمتریش هاوردە بكرێت، ئەم پاشماوەی سفرەو قاپی سەفەری هۆكارێكە بۆ زۆربوونی پاشماوە، داوا لە هاوڵاتیان دەكەم گوێ بە كەمتەرخەمی حكومەت نەدەن، چونكە ژینگەی كوردستان پیس بێت زیانی بۆ تاك بەتاكی كۆمەڵگە هەیە.

سەبارەت بەرێژەی سەوزای لە شاری سلێمانی هاوژین عوسمان بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی باخچەكانی سلێمانی دەڵێت : بەسەرجەم دەوربەری سلێمانی ئەگاتە %١٨، ڕێژەی سەوزایی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان ٩.٩ بە تەنها، بەڵام كۆی گشتی سلێمانی ١٥.٤٦.

دەربارەی كێشەوگرفتەكانی باخچەكانی سلێمانی، هاوژین عوسمان وتی: كێشەو گرفتمان زۆرە بەتایبەتی سەرف نەكردنی بوجە و پارەی پێویست بەتایبەتی گرێبەستی تەنكەر كە هەموو ساڵێك سەوزایی شار توشی گرفت ئەكات و وەك كێشەی ئاو سەرجەم دەرخستە‌و داواكارێكانمان لە هەولێرە ئەوان چارەنوسی ئاودێری دیاری دەكەن.

چیمەن تالیب، هاوڵاتی، دەربارەی ژینگەی كوردستان دەڵێت: ژینگەی كوردستان زۆر جوانە، بەڵام بەهۆی پاكوخاوێن ڕانەگرتن و گرنگی نەدات بە ژینگە جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی ماوەی چەند مانگێكە وەكو پێویست خۆڵ و خاشاك لە گەڕەكەكان كۆناكرێتەوە، لەشەقەماكان دەبینێریت ڕێژەیەكی زۆر خۆڵ و خاشاك فڕێدراون، كە ئەمە ناشارستانێی و هۆكارێكە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی، واباشە حكومەت گرنگی زیاتری بەژینگەی كوردستان بدات، هەوڵبدرێت بە گونجاوترین ڕێگە كوردستان سەوز بكات.

لەراپۆرتی ئەمساڵی دەستەی ژینگەی كوردستاندا هاتووە: “ئەمساڵیش لە 16ی نیساندا وەك ساڵانی دیكە‌و بەوزەی زیاترو بیری نوێترەوە دەستەی ژینگەو فەرمانگەكانی ژینگە لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا بەهەماهەنگیی لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكاندا بۆ ماوەی هەفتەیەك بۆنەی رۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان بەرز رادەگرن”.

هەروەها هاتووە: لەم بۆنەیەدا دەستەی ژینگە سوپاس و پێزانینی زۆری هەیە بۆ گشت ئەوانەی بەدرێژایی ساڵ لەخەمی ژینگەدان لەتاك و رێكخراو و راگەیاندن و قوتابخانە و زانكۆ و كەرتی تایبەت و فەرمانگە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان”.

هەرلەبارەی ژینگەوە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی تێروتەسەلی 10 هەزار لاپەڕەیی لەسەر كەشوهەوای زەوی بڵاوكردەوە، راپۆرتەكە بریتییە لە كۆكەرەوەی سێ‌ راپۆرت، كە لە ئابی 2021، شوباتی 2022 و رۆژی دووشەممە 04-04-2022 بڵاوكراونەتەوە.

هەر یەك لەو سێ راپۆرتە، سەدان زانای بواری ژینگە، فیزیا و زیندەزانی تێیدا بەشداربوون كە سەرنجیان خستووەتە سەر كاریگەریەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و چۆنییەتی خۆگونجاندن لەگەڵیاندا.

ئا: تریفە حەسەن

هاوشێوە

ڤیدیۆ