ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

هەمو خەونێک هەوڵدانی دەوێت منیش کۆڵ نادەم
تەمەنی 19 ساڵە‌و 109 فیلمی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە

(ئەستێرە ئاوات)ی تەمەن 19 ساڵ، ئەگەرچی خاوەن پێداویستی تایبەتە‌و دەگمەنترین نەخۆشییەكانی جیهانی هەیە كە نەخۆشی (Spina Bifida)ە، بەڵام بێهیوا نییە‌و برەو بە بەهرەكانی خۆی دەدات‌و لێهاتووە لەوەرگێڕانی فیلمی سینەمایی‌و شارەزاییەكی باشی لەزمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبی و هندی هەیە.

ئەستێرە بۆ تۆڕی میدیایی تەوار سەبارەت بەكاری وەرگێڕان وتی: “هەر لەزووەوە خەونی من بووە‌و بەمنداڵی زۆر حەزم بە سەیركردنی فیلمەكانی زمانەكانی تر دەكرد و حەزم دەكرد لێیان تێبگەم و بیانكەمەوە بە كوردی، لەو كاتەوە خەونم ئەوەبوو كە خوێندن تەواو بكەم‌و بچمە كۆلێژێكی تایبەت بە وەرگێڕان، بەڵام ئەوە بوو نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم بەهۆی نەخۆشییەكەمەوە”.

ئەستێرە لەڕێی سەیركردنی فیلمەوە كە حەزێكی خۆی بووە، فێری ئەو زمانانە بووە.

ئەستێرە دەڵێت: “كاری وەرگێران دەكەم و سەرپەرشتیار و تەكنیككارم لە سایتی (كوردسینەما) و تاوەكو ئێستا 109 فیلمم وەرگێڕدراوە كە 102 دانەیان سەر بە سینەمای بۆڵیوودە و 7 یان سەر بە هۆڵیوودە و وەڕگێڕانیشم بۆ 6 زنجیرە كردووە”.

وتیشی: “تاوەكو ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی تایبەتیم بۆ داهاتوو نییە‌و بەردەوام دەبم لەسەر ئەم كارەی ئێستام”.

دەربارەی ئەستەنگەكانی بەردەمی ئەستێرە دەڵێت: سوپاس بۆ خوا تاوەكو ئێستا ئاستەنگییەكی وەها نەهاتۆتە ڕێم تەنها ئەو كاتە بۆ من قورس بوو كە بەهۆی نەخۆشییەكەمەوە نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم، ئەویش ئەو كاتە وا هەستم كرد هەموو شتێك تەواو بووە و ناتوانم بگەم بەوەی كە دەمەوێت، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە هیوام لەدەست نەدا و كوڵم نەدا.

ئەم كچە بەهرەمەندە لەبارەی ژیان‌و گوزەرانی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەكوردستان دەڵێت: لەچاو وڵاتانی تردا، بەداخەوە ژیانیان زۆر جیاوازە‌و لەزۆر لایەندا پشتگوێ‌ خراون‌و وەك پێویست لایان لێنەكراوەتەوە.

نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەشوێنە گشتییەكاندا كارئاسانیان لەرێگە‌و باندا بۆ نەكراوە‌و ناتوانن وەك هەر كەسێكی ئاسایی بچنە ئەو شوێنانەوە.

داواش دەكات لەو شوێنانەدا كارئاسانیان بۆ بكرێت‌و رێگە‌و شوێنی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت.

ئەستێرە بەكەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێت: هیوای سەركەوتن بۆ هەموویان دەخوازم‌و دەمەوێت پێیان بڵێم هەرگیز خۆتان بە كەم مەزانن‌و هیوا لەدەست مەدەن، مەڵێن ئێمە خاوەن پێداویستی تایبەتین و ناتوانین وەكو كەسێكی ئاسایی ئەو شتانە بكەین كە دەمانەوێت یاخود بگەین بەو خەونە و بەو پیشەیەی خۆمان دەمانەوێت، ئەو قسانە هەمووی قسەی نێگەتیڤن كە خۆمان بۆ خۆمانی دروست دەكەین، ئەگەر تۆ پشت بەخوای گەورە ببەستیت و باوەڕت بە خۆت هەبێت و بڵێیت (من دڵنیام دەگەم بەو خەونەم و كۆڵنادەم) چەندین ئاستەنگی و قورسیشت بێتە پێش خوای گەورە هەر ڕێگەیەكت بۆ ڕۆشن دەكات بە گەیشتن بەو خەونەی كە هەتە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ