لە سلێمانی ١٨ منداڵی ساوا لەنێو ١٦ خێزانی جێگرەوەدان كە ئەو منداڵانە لە سۆز و ئامێزی دایك وباوكیان بێبەش بوون بە هەر هۆكارێك بێت، بەڵام ئەو خێزانانە باوەشیان بۆ كردوونەتەوە، تا سۆز و خۆشەویستی پەیوەست بوون دروست ببێت لە نێوانیاندا و بێ دایك و باوكیان پێوەدیار نەبێت.
پرۆژەی خێزانی جێگرەوە، نموونەیترین سیستمی وەڵامدانەوەیە بۆ كێشەی ئەو منداڵانەی كە خێزانەكانیان لەدەست دەدەن و لەسەر بنەمای باشترین بەرژەوەندیی منداڵو لە ڕێگەی دۆزینەوەو تۆماركردن، ڕاهێنان و پەسەندكردن و هاوتاكردنی ئەو خێزانانەی كە ویستی بەشداریكردنیان لە پڕۆژەكە هەیە، ئەو منداڵانە لە خێزانەكاندا، جێگیر دەكرێن.
لەشاری سلێمانی پرۆژەی خێزانی جێگرەوە جێبەجێدەكرێت بۆ ئەو منداڵانەی كە لە خانەی ساوایاندان واتا ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان (سفر بۆ چوار) ساڵیدایەو لە خێزانەكانیان دابراون، بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی دەڵیت:” خێزانی جێگرەوە، جۆرێكە لەجۆرەكانی بەخێوكردنی منداڵ لەسەر بنەمای خێزان”.
ژیار جەلال، بەڕێوبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی وردەكاری پرۆژەكەی بۆ تۆڕی میدیایی تەوار خستەڕوو وتی:”خێزانی جێگرەوە، جۆرێكە لەجۆرەكانی بەخێوكردنی منداڵ لەسەر بنەمای خێزان، گرێبەستی پرۆژەكە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و رێكخراوی (ستێپ)ی بەریتانی واژۆكرا شاری سلێمانیش یەكەم شارە كە پرۆژەكەی تێدا جێبەجێكراوە.
وتیشی: “رێكخروای (ستێپ)ی بەریتانی و بەهاوكاری و هەماهەنگی رێكخراوی یونسێف سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەكەن، حكومەتی هەرێم تەنها شوێنی دابین كردووە لەگەڵ ستافی ڕاهێنراو، بۆئەوەی ئیش بكەن لەگەڵ ئەو منداڵانەی لە خانەی ساوایاندا نیشتەجێن”.
مەرجەكانی بوون بەخێزانی جێگرەوە بریتین لەوەی كە هەموو ژن و پیاوێك منداڵیان هەبێت یاخود نا دەتوانن ئەو منداڵانە وەربگرن، هەروەها كچانیش بەئاگاداری خێزانەكانیان دەتوانن ئەومنداڵانە وەربگرن، بەمەرجێك تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ زیاتر بێت.
ژیار جەلال ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ١٨ منداڵ لەلایەن ١٦ خێزانەوە وەرگیراون و پرۆژەكەش بەسێ شێوەیە، درێژخایەن، مامناوەند، كورتخایەن، كە ماوە درێژ خێزانەكە تا ١٨ ساڵ منداڵەكە بەخێو دەكات دواتر منداڵەكە بڕیاردەدات كە بچێتەوە لای خێزانە بایەلۆجیەكەی خۆی یاخود لەوێ بمینتەوە. مامناوەندیش منداڵاكە ماوەی ساڵێك یان دووساڵ زیاتر لای خێزانەكە دەمێنتەوە دواتر ئەگەر خێزانە بایەلۆجیەكەی داوایان كرد دەبێت ئەو خیزانەی وەریانگرتووە وەك خێزانی جێگرەوە ئامادەبن منداڵاكەیان بۆ بگێڕنەوە، بەڵام بە چەند قۆناغێك، چونكە دەبێت منداڵاكە ئامادەبكرێتەوە بۆ ناوخێزانێكی دیكە و ماوە كورتیش دوای چەند مانگێكە.
وتیشی: “پرۆژەی خێزانی جێگرەوە جیاوازە لە پرۆژەی لەخۆگرتنە، چونكە ئەو لە دادگاوە بڕیاری لێدەدرێت و منداڵەكە بەناوی خێزانەكەوە دەكرێت كە هەڵی دەگرنەوە، بەڵام لەم پرۆژەیەدا منداڵەكە هەر بەناوی خێزانەكەی خۆیەوە دەبێت، ناكرێت بەناوی ئەو خێزانەی وەریدەگرن، واتا هەڵگری ناسنامەو كەسایەتی خۆیانن، بەڵام لە خێزانی جێگرەوەدان، لەسەرەتاشدا ئێمە بەو خێزانانە دەڵێین، ئەو منداڵانە ڕەنگە دایك و باوكەكە بێن و بڵین ئێمە ئێستا بارودۆخمان گونجاوەو منداڵەكەمان دەوێتەوە، ئەوكات دەبێت منداڵەكەیان پێبدەنەوە”.
ژیار جەلال ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانج لەم پرۆژەیە ئەوەیە كە ئەو منداڵانە لەو خانەیەدا نەمێنن، چونكە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان نابێت منداڵ لەوتەمەنەدا لە خانەی ساوایاندا بێت، پێویستە لەناو خێزاندابێت، چونكە لەوتەمەنەدا پەیوەست بوون دروست دەبێت لەنێوان بەخێوكەرو منداڵدا، بەڵام لەخانەكاندا پەیوەست بوون دروست نابێت، چونكە كارمەندەكان دەگۆڕێن و ناتوانن سۆز و پیداویستی زیاتریان پێبدەن.
“پرۆژەی خێزانی جێگرەوە بۆ ئەومنداڵانەیە كەخێزانەكانیان كێشەی كۆمەڵایەتییان هەیە و لە خانەی ساوایاندان، ئەو كێشانەش لەوانەیە دایك و باوكەكە نەخۆش بن یان كێشەیەكیان هەبێت یان لەقۆناغی جیابوونەوەدابن یان كێشەی عەقڵییان هەبێت و نەتوانن بەخێوی بكەن یان یەكێكیان تاوانێكیان كردووە لە زیندان بن، بۆیە منداڵەكانیان بردووەتە ئەو خانەیە، بۆیە بەوشێوەیەش كە بەو خێزانە دەڵێین هەركات كێشەكان چارەسەر بوو خێزانە بنەڕەتییەكە وەریدەگرێتەوە”، ژیار جەلال وای وت.
دەربارەی چۆنییەتی وەرگرتنی ئەو منداڵانە لەلایەن ئەو خێزانانەوە وتیشی: سێ مانگی پێدەچێت تا خێزانێك منداڵێك وەردەگرن، زۆرجار كە خێزانە بایەلۆجییەكە دێن بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەكانیان كێشە دروست دەبێت، ئێستا سێ كێشەمان هەیە لە خێزانی جێگرەوە كە خێزانەكانیان راستەوخۆ دەیانەوێت بیانبەنەوە، بەڵام ئێمە ناتوانین راستەوخۆ پێیان بدەینەوە تا چەند جارێك خێزانەكە دەبێت بیبینین و پێناساندیان بۆ بكەین و منداڵەكە لەگەڵ خێزانەكە ئاشت بكەینەوە بە تایبەت ئەگەر منداڵ و ئەو خێزانی جێگرەوەی كە لایەتی هاوزمانی یەك نەبن كێشەی گەورە دروست دەبێت تا هاوزمان و پێناساندن دروست دەبێت.
كۆچەر