ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

“ڕۆژنامەی كاغەز گرنگی خۆی هەیە و پێویستە بمێنیتەوە و بەردەوام بێت”

بەشێك لەڕۆژنامەنووسانی گەرمیان، بەگرنگییەوە باس لەمانەوەی ڕۆژنامەی كاغەز دەكەن و پێانوایە بوونی ڕۆژنامەی كاغەز، گرنگی خۆی هەیە، ڕۆژنامەنووسێك دەڵیت، گرنگە ڕۆژنامەی كاغەز گەر كەمیش بێت بمێنێتەوە و بەردەوام بێت، سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەیەكی تایبەت بەژنانیش ئاماژەبەوە دەكات، بەپێی ڕاپرسیەك لەنێو خوێنەراندا، خوێنەران پێیان خۆشە ڕۆژنامەكە بە كاغەزی هەبێت و بگاتە دەستیان لەوەی ئێستا ویب سایتە و زووتر دەگاتە دەستیان، ڕۆژنامەنوسێكی ژنیش وتی: رەوشی رۆژنامەنووسانی ژن لەوپەڕی خراپیدا.

بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە ساڵی 2021، 31 كەناڵی ئاسمانی،127 كەناڵی لۆكاڵی، 145 رادیۆ و 686 گۆڤار و 257 ڕۆژنامە و 35 ماڵپەڕ لەهەرێمی كوردستان بوونی هەیە.

دلێر كەریم رۆژنامەنووس، بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: مرۆڤایەتی لەپێشكەوتنی بەردەوام دایە، لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا میدیای ئەلیكترۆنی‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە زانیاری بەخشین‌و ئاسان بەدەستهاتن‌و خێرایی گەیاندندا توانیوویانە جێگە بە ڕۆژنامەی كاغەزی لێژبكەن، بەڵام لەچێژ بەخشین‌و چۆنێتی بەكارهێنان‌و ئەرشیفكردندا نەیتوانیوە ڕۆژنامەی كاغەز تێپەڕێنێت، بۆیە گرنگە ڕۆژنامەی كاغەز گەر كەمیش بێت بمێنێتەوە‌و بەردەوام بێت.

وتیشی: بابەتی ئەرشیف كردن لە ڕۆژنامەی ئەلیكترۆنیدا هەمیشە بەردەست نییە و پێویستی بە پێداویستییەكانی وەك هێڵی ئەنتەرنێت و ئامێرە زیرەكەكان هەیە كە ڕەنگە بۆ هەمووان و هەموو كات فەراهەم نەبێت، لە كاتێكدا لە ڕۆژنامەی كاغەزدا دەتوانی لە كتێبخانەیەك دەستت بكەوێت، مەترسییەكانی سەر میدیای دیجیتاڵی زۆر زۆرن و ئایندەی ئەو میدیایەی خستووەتە مەترسییەوە، نەك هەر لە بابەتی ئەرشیفدا كە بەشێكی گرنگی كاری ڕۆژنامەنووسییە، بەڵكو لە ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی هەواڵ و دزەپێكردنی زانیاری و سڕینەوەی دیكۆمێنتەكان.

زریان محەمەد، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی ستافی ڕۆژنامەی نەوژینی تایبەت بە ژنان، بۆ ژیانەوە وتی: سەرەڕای بوونی چەندین ماڵپەڕو پێشكەوتنی سوشیال میدیا لە ئێستادا‌و بەئاسانی هەموو پێداویستییەكان كە گرنگن و ڕۆژانە دێنە بەردەست، بەڵام ڕۆژنامەی كاغەز گرنگ و بەهای خۆی هەیە، كاتێك خوێنەر دەیەوێ‌ بابەتێك بخوێنێەوە جیاوازترە لەوەی ئێستا بابەتێك دێتە بەردەستی، كاتێك خۆی ڕۆژنامەی نەوژینمان هەبوو 45 ژمارەی لێدەرچوو، بەهای جیاوازی هەبوو لای خوێنەر لەوەی ئێستا ‌ویبسایت‌و فیتباكی دێتە بەردەستمان.

وتیشی: بەپێی ئەو ڕاپرسییەی كردومانە لەنێو خوێنەرانی رۆژنامەی نەوژین، پێیانخۆشە ڕۆژنامەكە بەكاغەزی هەبێت‌و بگاتە دەستیان لەوەی ئێستا ویب سایتە و زووتر دەگاتە دەستیان، خوێنەر زیاتر حەزی لەوە بووە هەر شتێك دەخوێنێەوە بەكاغەزی لەبەردەستیدا بێت.

ڕۆژنامەنووس هەوراز ئەحمەد، لەبارەی ئەزموونی كاركردنی خۆی‌و ڕەوشی ڕۆژنامەنووسانی ژنانەوە بەژیانەوەی وت: نزیكەی ١٢ ساڵە كاری رۆژنامەنووسی مەیدانی دەكەم، دەمەوێت تیشك بخەمە سەر ئەولایەنەی كە هێشتا ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستان لەبارێكی نا سەقامگیردایە‌و رۆژنامەنووس بۆ دەستكەوتنی زانیاری و وردەكاری روداوەكان روو بەڕووی چەندین ڕێگری دەبێتەوە، ئەمە بەشێوەیەكی گشتی، بەڵام بۆ رۆژنامەنووسانی ژن رەوشە سەختترە و جیاكاری زەق و دیار بەرامبەر بە ژنان دەكرێت‌و ئەو جیاكارییە لەناو دەزگاكەوە تا كاركردن لەسەر شەقام بەروونی دیارە بەجۆرێك لەكاتی كاركردن لەناو دەزگاكە یاخود لەكاتی دەرچوونت وەك میدیاكار بۆ ئەنجامدانی كارێك لەگەڵ هاوڵاتی یاخود بەرپرسێكدا ئەوەش ئەو هۆكارەیە كە لەهەرێمی كوردستان وایكردووە باوەڕ بە توانا و لێهاتووی رۆژنامەنووسی ژن نەكرێت.

وتیشی: “ئەگەرچی هەموو ساڵێكیش لەیادی رۆژنامەگەریدا ئەوە دەوترێتەوە، بەڵام هەر لە چوار چێوەی قسەدا ماوەتەوە‌و هیچ بەرەو پێشچوونی بەخۆوە نەدیوە، بۆیە دەتوانم بڵێم بەگشتی رەوشی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستان لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە‌و بەدیاریكراویش رەوشی رۆژنامەنووسانی ژن لەوپەڕی خراپیدا”.

هاوڕێ‌ كرێكار

هاوشێوە

ڤیدیۆ