ژیار جەلال بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی، باس لە كێشەوگرفتەكانی بەشی نەوجەوانان و مناڵانی بێسەرپەرشتان لەشاری سلێمانی دەكات،
ژیار جەلال بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “لەخانەكانی مناڵاندا، مناڵ لەتەمەنی سفرەوە لەكاتی لەدایكبونەوە وەردەگیرێت هەتا ١٨ساڵی، بەڵام بەهۆی كێشەی ئەوەی دوای ١٨هیچ شوێنێكی مانەوە یان هیچ ئیشێكیان نییە، زۆرجار حاڵەتی جێگرەوە هەیە شوێنی تایبەت بۆ دابین دەكەین و بمێنێتەوە و هەتاوەكو جێگەیەك و شوێنێكی كاركردنی بۆ پەیدا دەكەین”.
وتیشی: “دوو جۆر مناڵ لەخانەكەدا هەیە، یەكێكیان ئەو منداڵانەن كە لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەدایك دەبنو لەسەر شەقامەكان فڕێدەدرێن لەڕێگەی پۆلیسەوە دەهێنرێنە ئێرە ئەو مناڵانەش بەبڕیاری دادوەر دێنە ناو خانەكەوە، ئەوی تریشیان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە، كە ژنو مێرد كێشەیان دەبێتو بەهۆیەوە یەكێكیان دەكوژرێتو ئەوی تریشیان دەستگیر دەكرێت، منداڵیش هەیە بەهۆی جیابونەی دایكو باوكیانو نەبوونی سەرپەرشتیارێك دێنە ئەم خانەیەوە”.
دەربارەی كێشەوگرفتەكانی خانەی نەوجەوانان، ژیار جەلال وتی: “كێشەوگرفتمان زۆرە، یەكێك لەوانە كەمی میلاكە، كارمەندو كارگوزارمان نییە خزمەتی مناڵ بكات، مامۆستاو توێژەری كۆمەڵایەتی كەمە، بە ڕێژەیەكی كەم كارمەندو توێژەرو چاودێر هەیە، بەكەمترین ستاف بەڕێوەدەچێت، كەمترین پارەی مانگانەمان هەیە، هەشت خانەو هەشت دایەنگەمان هەیە ،١٦بەڕێوبەرایەتی دەكات، مانگانە شەش ملیۆن نیو وەردەگرین، ئەمەش سەرجەم پێداویستی ئەم بەڕێوبەراتیەو هەموو بەڕێوبەراتییەكان پڕ ناكاتەوە، هەربۆیە پەنامان بردوە بۆ ڕێكخراوەكان و خێرخوازان و كۆمپانیا و سەرمایەدارەكان تا هاوكاریمان بكەن”.
“لەئێستادا خانەی منداڵانی سلێمانی ٦٠مناڵ زیاترەو شوێنی مانەوەیان زۆر گونجاوە هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین كراوەو ژیان و ژینگەیەكی خێزانی مامناوەندیان بۆ ڕەخساوە”، ژیار وای وت.
وتیشی: “تەنیا سۆزو خۆشەویستی خێزانیان كەمە، لێرەش سۆزو خۆشەویستیان پێدەدرێت، بەڵام بەهۆی كەمی چاودێری و كارمەندەوە ناتوانرێت وەك پێویست فریای خۆشەویستی و سۆز بكەون، چونكە مناڵەكان زۆرنو كارمەندنەكانیش كەمن”.
سەبارەت بەمنداڵانی سەرشەقام ژیار وتی: “ئەو مناڵانەی لەسەر شەقامەكان كاریان پێدەكەن، دەبوو چاودێری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی بكردنایە، كاتێك مناڵێك خێزانەكەی لەدەست دەدات، كەسانی تریش لەسەر شەقامەكان كاریان پێدەكەن وسواڵیان پێدەكەن، ئەگەر حكومەت بەرپرسیارێتی ئەمە هەڵگرێت، دەبوو ئەو مناڵانەی ئێستا بهێنرانایتە خانەكان و سەرپەرشتی بكردنایە”.
وتیشی: “ئێمە وەكو حكومەت هەرئەوەندەمان لەسەرە كە مناڵێك دەبینین لەخوار ١٨ ساڵەوەیەو كاری پێدەكرێت، ئێمە دەچین بەدەم ئەو مناڵەوەو لەگەڵ پۆلیسی نەوجەوانان دەیانبەین شوێنی پەیوەندار، جگە لەحكومەت رێكخراوی مناڵپارێزی كوردستانیش بەهەمان شێوە بەم ئیشە هەڵدەستێت كە ئێمە دەیكەین، كە بەڵێنامەی یاسایی بە خێزانەكەی پڕدەكەینەوە، كە نابێت ئەم مناڵە جارێكی تر ئەم كارەبكات، بەڵام بەداخەوە جاری وایە ٣جار بەڵێنامەی بەخێزانەكەی پڕكردۆتەوە كە مناڵەكەی نەكاتەوە سەر شەقام بۆ كاركردن، یان سواڵی پێنەكات كەچی هەركردویەتی دەینێرێتەوە، لەبەرئەوە لەئێستادا هیچ پڕۆژەیەكی تۆكمەو باشمان نیە، مناڵ دوربخەینەوە لەسەر شەقامەكان”.
سەبارەت بەخوێندنی مناڵانی ناو خانەكە، ژیار جەلال وتی: “هەموو مناڵێك كە بتوانێت بخوێنێت ئێمە خستومانەتە بەر خوێندن، ئەوانەش كە ناتواننو خاوەن پێداویستی تایبەتن، دەیانێرین بۆ پەیمانگەكانی هانا و ئاوات كە ئیش دەكەن هاوكارن بۆ ئەوەی مناڵەكان فێربن و لەناو خانەكان بڕۆنە دەرەوە، زۆر كات باخچەی ساوایانو خوێندنگەو دایەنگە ئەهلیەكانیش دەرگایان بۆ كردوینەتەوەو ئەو مناڵانەی نمونەییو زیرەكنو حەزو خولیایان بۆ خوێندن هەیە، بێ بەرامبەر وەریاندەگرن”.
تریفە حەسەن