وێڕای ئەوەی ژنان رۆژانە بەهۆی سیستمی دواكەوتویی خێڵەكیانە و پیاوسالارانەوە رووبەڕووی چەندەها توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە، ئەگەرچی هەموو ژنێكیش لەوانەیە لەرووی جەستەییەوە توندی تیژی بەرانبەر نەكرێت، بەڵام زۆر جۆری تری توندوتیژی دەروونی هەن كە تەنانەت لەلایەن ئەو پیاوانەشەوە بەرانبەر ژنان دەكرێت كە خۆیان بە خەڵكانی رۆشنبیر و تێگەیشتوو دەزانن لەوانەش توانج و پلار گرتن و بەلاواز بینینی ژن و بەكەم سەیر كردنی تواناكانیان، زۆربەمان لە كاتێكدا رۆژانە دێینە دەنگ بۆ قسە كردن لەسەر تواناكان و لێهاتووییەكانی ژنان لەگەڵ رەگەزی بەرانبەر یەكسەر یەك پرسیارمان ئاڕاستە دەكرێت كە پرسیارەكەش هەموو كات ئەوەیە: دەی كوا (داهێنانێكی ژنانمان پێ بڵێ) یان (دەی كوا داهێنەرێكی ژنمان پیشان بدە).
ئەوان نازانن كە رۆژانە زۆربەی كارەكانیان بەهۆی داهێنانەكانی ژنانەوە تێدەپەڕێنن، بەڵام لەبەرئەوەی كۆمەڵگە و كلتور و سیستم نایانەوێ ژن وەكو فیگەرێكی داهێنەرانە پیشان بدەن و میدیاش لەئێستاو رابردووشدا وەكو فاكتەرێكی كاریگەر لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا دەكرێ زۆرجار و بەتایبەتیش لە كۆمەڵگە نەریتخوازەكاندا كاربكات بۆ بارز كردنی دەسەڵاتی پیاوسالاری و زۆربەی كات خۆی بەدوورگرتووە لە خستنەڕوو و پێشاندانی ژنان وەك داهێنەر، بەڵكو زیاتر ئیش لەسەر ئەوە دەكرێت كە ژن وەك خانمی ماڵ و خزمەتكاری ماڵ و منداڵ پیشان بدرێت ئەمەش بەشێوەیەكی روون لە ریكلامە بازرگانییەكان و فیلم و دراما و هتد… دا دەبینرێت.
من بەباشم زانی كە لێرەدا كۆمەڵێك لە ژنانی داهێنەر و داهێنانەكانیان باس بكەم كە دەكرێ بەشێكی زۆر كەم بێت لەو ژمارە زۆرە داهێنەرە ژنانەی كە ئێستا لە جیهاندا بوونیان هەیە.
ئەوانەی كە من لێرەدا خستومنەتە روو هەم داهێنانی گەورە و هەم داهێنانی بچووكیشی تێدایە كە تەنها 10 دانەیان لێرەدا باس كراون:
١- دكتۆر شیرلی جاكسۆن Dr. Shirley Jackson
توێژینەوەی پەیوەندییەكان.
فیزیازانی تیۆری دكتۆر شیرلی جاكسۆن یەكەم ژنە ڕەشپێست بوو كە بڕوانامەی دكتۆرای وەرگرت لەپەیمانگەی تەكنەلۆژیای ماساشوستس لە ساڵی ١٩٧٣، لەكاتی كاركردن لەتاقیگەی بێڵ، توێژینەوەی زانستی پێشكەوتووی بەتەنۆلكە ژێر ئەتۆمییەكان ئەنجامدا، توێژینەوەكانی ئەو وایانكرد كەسانی دیكە بتوانن فاكسی گەورەو تەلەفۆنی touch tone و خانە خۆرەكان و كێبڵی فایبەر ئۆپتیك و تەكنەلۆژیای پشت ناسنامەی پەیوەندیكەر و چاوەڕوانی پەیوەندی دابهێنن. بیهێنە بەرچاوت هەموو ئەو زانیارییە گرنگانەی كە بەبێ ئەم ژنە سەرسوڕهێنەرە لەدەستت دەدا!
2- ماری كیوری Marie Curiee
تیۆری تیشكدانەوە
فیزیازانێكی پۆڵەندی بوو، كاتێك كە تەمەنی تەنها ٤٤ ساڵ بوو، بیردۆزی تیۆری تیشكدانەوەی (زاراوەیەكە كە خۆی دایهێناوە) داهێنا و تەكنیكەكانی جیاكردنەوەی ئایزۆتۆپە تیشكدەرەكانی كە جۆرێكە لە جیاكردنەوە و نەگەیاندنی وزە تیشكییەكانی ئەو پاتریانەی كە لە ڕێگەی تیشكە وزەییەكانەوە كاردەكەنو دۆزینەوەی دوو توخم بە ناوەكانی پۆلۆنیۆم و ڕادیۆم داڕشتبوو، یەكەم كەس بوو لە مێژوودا دوو خەڵاتی نۆبڵی بردەوە و تاكە كەس بوو كە دووجار لە چەندین زانستی جۆراوجۆردا خەڵاتی بردووەتەوە.
3- نانسی جۆنسۆن Nancy Johnson
ئایسكریم سازكەر
لە ساڵی ١٨٤٣ نانسی كە خەڵكی شاری فیلادلفیا بووە بوو بە یەكێك لە گرنگترین كەسایەتییەكانی مێژوو بە تۆماركردنی داهێنانێك كەدیزاینكردنی ئامێرێك بوو بۆ دروستكردنی ئایسكریم كە بەدەست كاردەكات، كە تاكو ئەم چركە ساتەش بەكاردەهێنرێت! ئێمە هەر دەتوانین كە سوپاسی نانسی جۆنسۆن بكەین بۆ ئەو داهێنانەی كە تاكو ئێستاش خەڵك لە هەموو شوێنێك لە ڕۆژە گەرمەكاندا بەهۆی ئەوەوە دڵ و دەروونیان فێنك دەكەنەوە.
4- ماریا تێلكێس Maria Telkes
یەكەم خانووی 100% وزەی خۆر
ئەو زانایە هەنگارییە بەناوبانگەیە كە یەكەم دینەمۆ (مۆلیدەی)كارەبای گەرمی لە ساڵی 1947 درووستكرد، ئەم تەكنەلۆژیایە بووە بنەمای وزەی كارەبایی بە سود وەرگرتن لە وزەی گەرمی خۆر، یەكەم سیستەمی گەرمی بە وەرگرتنی وزەی خۆری بۆ ماڵی دۆڤەر سەن لە شاری دۆڤەر لە ویلایەتی ماساشوستس دیزاین كردو یەكەم بەفرگرە (سەلاجە)ی كارەبایی كە بە وزەی خۆر كاردەكات بەرهەمهێنا لە ساڵی 1953 دا.
5- ئان تسوكامۆتۆ Ann Tsukamoto
جیاكردنەوەی خانە بنەڕەتییەكان
لەساڵی ١٩٩١، تسوكامۆتۆو هاوكارەكانی پێشكەوتنێكی گەورەی پزیشكییان بەدەستهێنا، بەوەی كە توانیان خانە بنەڕەتییەكان دەستنیشان بكەن و جیایان بكەنەوە، ئەم دۆزینەوە زۆر گرنگ بووە بۆ پێشكەوتنە پزیشكییەكان، لەوانەش پەرەپێدانی چاندنی مۆخی ئێسك بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجەی خوێن.
6- گرەیس هۆپەرGrace Hopper
بەرنامەسازی كۆمپیوتەر
لە ساڵی ١٩٤٤دا، هەردوو داهێنەر گرەیس هۆپەرو هاوارد ئایكن كە لە دایكبووی ئەمریكان، توانیان دیزاینی ئامێری كۆمپیوتەری (مارك وەن) بكەن كە تایبەت بوو بە زانكۆی هارڤارد كە ئامێرێك بوو كێشەكەی پێنج تۆنو قەبارەكەی بە قەبارەی ژوورەكە بوو، هۆپەر ئەو كۆمپایلەرەی داهێنا كە زمانی نووسراوی وەرگێڕا بۆ كۆدی كۆمپیوتەر و زاراوەیbug” “وdebugging””ی داهێنا كە بریتییە لە دەستەواژەی راست و هەڵە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان، هەروەها خۆی داهێنەری دژە ڤایرۆس (ئەنتی ڤایرۆس)ی كۆمپیوتەرە.
ئێستا، چاوەكانت دابخەو هەوڵبدە بیر لەوە بكەیتەوە كە بەبێ داهێنانی بەرنامەسازی جیهان چۆن دەبێت.
7- ئەلیزابێس “لیزی” ماگیElizabeth “Lizzie”Magie
یاری مۆنۆپۆلی
“یاری خاوەن خانوو” كە لە سەرەتادا لە ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن (ماگی)یەوە داهێنراوە، وەكو ڕەخنەیەك بوو لە نادادپەروەرییەكانی سەرمایەداریی كۆنترۆڵنەكراوو یەكەم وەشانی یاری ئایكۆنی “مۆنۆپۆلی”ە، یارییەكەی بەشێوەیەكی ئەوەندە ئیرۆنی لەلایەن چارڵز دارۆوە دزرا، كە لە ساڵی ١٩٣٥دا بە برایانی پاركەری فرۆشت، لە كۆتاییدا كۆمپانیاكە بەدوای لیزی ماگیدا گەڕان و دۆزیانەوە، بەڵام تەنها ٥٠٠ دۆلاریان پێشكەش كرد بۆ داهێنانەكەی! لە ساڵی ٢٠١٩ كۆمپانیای هاسبرۆ (ئەو كۆمپانیایە كە ئێستا خاوەنی یارییەكە) رووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە بەهۆی بڵاوكردنەوەی وەشانی (Ms. Monopoly) یان (خاتو. Monopoly) وەك وەشانێكی فێمینیستانە لەكاتێكدا خۆیان هەرگیز ئەو ژنەیان نەناسیوە كە داهێنەری وەشانە رەسەنەكەی یارییەكەیە.
8- ڕۆزالین فرانكلینRosalind Franklin
دوو هێلیكسی DNA
سەرەڕای ئەوەی دۆزینەوەی دوو هێلیكسی DNA زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ واتسۆن و كریك كە لە ساڵی ١٩٦٢ خەڵاتی نۆبڵی فیزیۆلۆژییان بەدەستهێنا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕۆزالین فرانكلین بوو كە كارەكانی تیۆری ئەوانی لەسەر پێكهاتەی DNA پشتڕاستكردەوە، ڕۆزالین فرانكلین، زانای بایۆفیزیای بەریتانی، یەكەم كەس بوو كە وێنەیەكی فۆتۆگرافی گرت لەساڵی ١٩٥٢، كە نازناوی “فۆتۆ ٥١”ی لێنرا، بە بەكارهێنانی تەكنیكێك كە ئەوەی وردتر كردبووەوە: چاودێریكردنی مۆلیكولەكان بە بەكارهێنانی پەرشوبڵاوی تیشكی ئێكس.
دەگوترێت (ویلكینز) كە هاوكارێكی دووركەوتووەوەی رۆزاڵین بووە، بەبێ مۆڵەتی ئەو وێنەیەی پیشانی ڕكابەرەكانی رۆزالین كە واتسۆن و كریك بوون داوەو بەهۆی ئەو كارەیەوە بۆ هەمیشە ناوی ئەوانی بەو بیردۆزە بەستەوە كە هەرگیز هی ئەوان نەبووە.
9- هێدی لامار Hedy Lamarr
دۆزەرەوەی Wifi
لە ٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٤ لەدایكبووە، خانمە ئەكتەرو داهێنەرێكی نەمساییە و لە ئەمریكا ژیاوە، هێدی لامار ئەكتەریێكی سینەمایە، بەڵام بە داهێنەری تەكنەلۆژیای وایفای كە ئەمڕۆ زۆر بەكاری دەهێنین دادەنرێت.
لە ماوەی یەكەم هاوسەرگیریدا، هێدی لامار زیاتر حەزی لە زانستە كارپێكراوەكان بوو و بەهۆی ئەوەی لە كاری نواندن بێزار بوو، وەك داهێنەرێك داهێنانی بەرهەمهێنا لەسەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا زۆر بە تامەزرۆییەوە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بوو لە جەنگەكەدا، هەر بۆیە هێدی لامار لەگەڵ ئاوازدانەرو داهێنەر جۆرج ئەنتێیل، سپێكتریمی بڵاوبوونەوەی فرێكوێنسی بازدانیان داهێنا بۆ ئەوەی بتوانرێت سپێكتری بڵاوبوونەوە لە تۆرپیدۆی ڕێنمایی ڕادیۆیی بەكاربهێنرێت و ئەوكاتەش بەهۆی ئەم كارەیانەوە لە ئەمریكا خەڵاتی داهێنانیان وەرگرت، هێزی دەریایی ئەمریكا تا ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو ئەم تەكنەلۆژیایەی وەرنەگرت، بەڵام ئەمڕۆ بنەماكانی كاركردنی ئەم تەكنەلۆژیایە لە تەكنەلۆژیاكانی وای فای و سی دی ئێم ئەی و بلوتوسدا جێگیركراون.
هەروەها هێدی لامار خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا بەهۆی داهێنانەكانیەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە هۆڵی داهێنەرانی نیشتمانی بەناوبانگ لە ئەسكەندەریە لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریكا.
10- ستیفانی كوولێك Stephanie Kwolek
كیڤلار
ئەم داهێنانە لەلایەن كیمیاكاری ئەمریكی ستیفانی كوولێكەوە لە ساڵی ١٩٦٥دا ڕووداوێكی خۆش بوو كە پێشكەش بە مرۆڤایەتی كرا ، چونكە دۆزینەوەكەی بووە هۆی ڕێگریكردن لەڕووداوی بێشومارو زیانبەخشی دیكە، داهێنانەكەش دۆزینەوەی كیڤلار بوو كە ماددەیەكە پێنج هێندەی پۆڵا بەهێزترە، لە تایەی پاسكیل و كەشتی پێشبڕكێو زرێپۆشی جەستەو تاوەو ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئامێرەكانی موزیك و دروستكردنی بینا بەكاردەهێنرێت. ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ بەكارهێنان بۆ كیڤلار بوونیان هەیە.
ئەوانە وەك پێشتریش ئاماژەم پێدان بەشێكی كەمن لە داهێنانەكانی ژنان.
ئەگەر لە سەدەكانی رابردوودا بەهۆی رێگری كردنی ژنان لە خوێندن و سنورداركردن و قۆرخكردن و شاردنەوە و دزینی بیرۆكەكانی ژنانەوە لەلایەن پیاوانەوە نەتوانرا بێ وەكو پێویست ژن وەك بەشێكی داهێنەرانەی جیهان ببینرێت ئەوا ئێستا خۆشبەختانە ژنان رۆژانە بەردەوامن لە پەرەپێدانی تواناكانیان و رۆژبە ڕۆژ ژنی زیاتر دێنەپێشەوە و داهێنان و پەرەسەندنی زیاتر پێشكەش دەكەن.
لەكۆتاییدا دەبێت بڵێین ئەگەر ئێوە بێئاگان لە داهێنانەكانی ژن بەهەر هۆكارێك بێ ئەوە مانای ئەوە نییە كە ژنی داهێنەر بوونی نیە، بەڵكو ئەوە تۆی كە پێتوایە زیرەكی، و پرسیارێكی لەو شێوەیە دەكەیت، چونكە ئێستا هەر زانیارییەك كە لە جیهاندا بوونی هەیە بە ئەندازەی كلیكێك لێتەوە دوورە بۆیە جاری داهاتوو پێش ئەوەی خۆت وەكو زانایەك پیشان بدەی و پرسیارەكەت بكەی بیرت بێ شتێك بەناوی ئینتەرنێت بوونی هەیە كە بە یەك ریسێرچ وەڵامی پرسیارە بێ بنەمایەكەت وەردەگری.
بیریشت نەچێ داهێنان هەر دۆزینەوەی ئامێرێك نییە كە ژیانی خەڵكی ئاسان بكات، بەڵكو پێگەیاندنی منداڵێك بە پەروەردەیەكی مرۆڤانە یەكێكە لە باشترین داهێنانەكان كە خزمەت بەمرۆڤایەتی و جیهان دەكات و پەروەردەكردنی منداڵیش لەئەستۆی ژناندایە و پیاوان خۆیانی لێبەدوور دەگرن.
ژێوار خدر
سەرچاوە:
1- https://www.one.org/international/blog/10-female-inventors-you-should-definitely-know-about/
2- https://onedio.com/haber/avrupa-sinemasinda-ilk-soyunan-wi-fi-teknolojisinin-mucidi-olan-kadin-hedy-lamarr-971815