وەرن با پێكەوە بیر لە دنیایەكی بەجیهانیكراو بكەینەوە، كە تیایدا هەموو مرۆڤەكان پرۆگرام كراون و مەحكومن بەوەی كە بەڕێوەببرێن و خۆشیان ئامادەن چارەنووسی بەكۆیلەبوونی خۆیان قبووڵ بكەن. جیهانێك كە پڕپڕبێت لە چەواشەكاری و تەزویركردنی بەرفراوان و (٢+ ٢) بكاتە پێنج و نەكاتە (٤) كە لەوێدا ئیتر ئازادی و ئازادبوون لە وەهمێك بەولاوە هیجی تر نەبێت. سەیركەن، واقعی جیهانی ئەمڕۆ وردەوردە دەچێتەوە سەر خەیاڵەكانی دوێنێ!
كەناڵی ئەلجەزیرەی بەڵگەنامەیی فیلمێكی دۆكیومێنتەریی پیشانی بینەرەكانی خۆی داوە، ناوی (جیهانەكەی ئۆروێڵ یان جیهانی هیكسڵی؟)یە. ئەم فیلمە ڕوانینێكی ڕۆچو و قووڵی تێدابووە لەسەر ئەوەی كە چۆن دوو ڕۆمانی دیستۆپیا (ڕۆمانی شاری پڕ لە گەندەڵی) بوون بە واقعی ناو ژیانی گوزەرێندراوی ئێستە! لەڕێگەی ئەم فیلمەوە ئەو پرسیارە وروژێندراوە، كە چۆن واقعەكەی ژیانی ئەمڕۆ هەر لە ناوەڕۆكی دوو ڕۆمانی بەناوبانگی سەدەی بیستەم دەچێت!
نزیكەی حەفتا ساڵێك پێش ئێستە دوو نوسەری ئینگلیزی زمان زەنگی مەترسییان لێداوە و ئەو مەترسییەی ئەوان باسیان كردوە، وا ئێشتە هاتۆتەدی، ئەوانیش ئەلدۆس هیكسلی، كە ڕۆمانی (جیهانێكی بوێری نوێ) ی نوسیوە و (جۆرج ئۆرویڵ) كە ڕۆمانی (١٩٨٤) ی نوسیوە.
هیكسلی لە ڕۆمانی (جیهانێكی بوێری نوێ) دا وێنەیەكی ئایندەیی ناو شاری لەندەنمان پێشكەش دەكات و دەڵێت ئەو شوێنە شارستانیەتێكە، كە ڕابواردن و بێهودەیی و چێژ حوكمی دەكەن و كەوتۆتە ناو چنگی تەكنەلۆژیاوە. لە بەری ئەوبەری ڕوباری تایمزیشەوە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی (١٩٨٤) دا باسی كۆمەڵێك هاونیشتمانیمان بۆ دەكات، كە هەموویان كرێكارن و بێبەرین لە ئازادی و (برا گەورە)یەك بە توندی چاودێرییان دەكات.
بۆیە لە سایەی ئەم بارودۆخەی ئێستەی دنیادا، كە تەكنەلۆژیای زیندەگانی و ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان گەیشتون بە ئەوپەڕی سنوری فراوانی خۆیان، دەبێت چارەنوسی ئێمەی مرۆڤایەتی بكەوێتە كام بەری تایمزەوە، بەری لای ئۆروێڵ، یان بەری لای هیكسڵی؟
لەلایەك، ئەلدۆس هیكسڵی پیاوێكی دەستەڵاتدار و ڕۆشنبیر و پلەبەرز بوو، لەلاكەی تریشەوە (جۆرج ئۆروێڵ) كەسێكی مرۆڤدۆست و سروشت دۆست بو، كە حەزی لە دابڕان و تەنهایی بوو، هەردووكیان دوو كەسی ئینگلیزیی خاوەن هەڵسوكەوتی جیاواز بوون.
لەسەرەتاوە هیكسلی مامۆستای ئۆرویڵ بوو، دووایی هەریەكەیان ملی ڕێگەی خۆیی گرت، بەڵام وا ئێستە لە باسی ڕۆمانەكانیانەوە لەلای ئێمە پێكەوە كۆ دەبنەوە. ئەوان هیچ ڕێكەوتنێكی پێش وەختەیان لەسەر ئەوە نەبووە، كە ڕۆمانەكانیان ڕوانینی ڕەشبینانەیان تێدابێت بۆ ئایندە، بەڵكو هەریەكەیان ڕوانینی خۆی تایبەت بووە بە خۆی. بۆ نوسینی ئەم شاكارە گەورانە ئۆروێل لە كۆمەڵگە دابڕاوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ چوە لە دورگەیەكی سكۆتلەندیی پڕ لە باران و ڕەشەبا خەریكی نوسین بووە، بەڵام هیكسلی بۆ هەمان كار چوە بۆ ناو خۆشی و ئارامیی هاوینەهەوارێكی سەر دەریای سپیی ناوەڕاست. لە مانگی مایسی ساڵی ١٩٣١ دا هیكسلی چوەتە ئەو دورگەیە و لەوێ ماوەی چوار مانگ لە نوسینگەیەكدا ماوەتەوە، بیری لە جیهانێك كردۆتەوە كە تیایدا زانست ببێت بە ئامرازێك بۆ كۆنترۆڵكردن و بەكۆیلەكردنی خەڵك، گوایە ئارامی و ئاسوودەییان بۆ دەهێنن. ئەو رۆژگارەی، كە ئەم خەریكی نوسینی ئەم ڕۆمانەی بوو (سییەكانی سەدەی ڕابوردوو) قسەوباس و ڕەوشێكی زانستی لەناو كۆمەڵگەدا باوبوو، گوایە بە پشتبەستن بە تەكنەلۆژیای جینی كار لەسەر چاككردنی وەچەی مرۆڤایەتی دەكەن بۆ ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە و یەكسان كردنەوەی مرۆڤەكان. چونكە لە ئەو سەردەمەدا هەندێك زانای ئەمریكی و بریتانی كاریان لەسەر ئەوە دەكرد، كە كەسە كەم ئەندامەكان لە ناو بەرن، بۆئەوەی كێشە بۆ كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دروست نەكەن. بۆیە هیكسلی پێیوایە كە ئێمە خەریكین ڕوو لە كۆمەڵگەیەك دەكەین، كە كەسانێكی تر بە چێژبینینو چێژپێدان خەریكە كۆنترۆڵمان دەكەن، ئەگەر مرۆڤیش بە چێژبینین كۆنترۆڵ بكرێت خۆی نایەوێت دەربازی ببێت. هیكسلی لە ئەو ڕۆمانەیدا دەڵێت: جیهان ئێستە ئارامە، خەڵكیش ئاسودەن، چییان بوێت بەدەستی دەهێنن، حەزیان لە هەرچییەكیش نەبوو، ئیتر نایانەوێت بەدەستی بهێنن، هەموویان خۆشحاڵ و ئارامن، هەرگیز نەخۆش ناكەون، ترسی مەرگیان نییە، كۆنترۆڵ كراون.
ئەو كۆمەڵگەیەی هیكسلی باسی دەكات كۆمەڵگەیەكی نایەكسانە، بەسەر چینەكاندا دابەش بوە، چینی سەردەست و چینی ژێر دەست هەن، بۆیە كە لە ساڵی ١٩٣٢ دا ئەم ڕۆمانە بڵاوبۆوە ڕەخنەگران زۆر سەرسام بوون پێی، بەڵام زۆر وڵاتیش گوتیان ئەم دەقە هانی گەندەڵكردنی كۆمەڵگە دەدات و داوایان كرد، كە كتێبەكانی كۆ بكرێنەوە و بسوتێندرێن.
جۆرج ئۆروێڵیش ڕۆژنامەنوسێك بوو، كە كەوتبوە بەر نەشتەریی ڕۆژگار، بە ناو كۆڵانە هەژارنشینەكانی لەندەندا دەگەڕا و كاتەكانی خۆیی لەگەڵ بێلانە و نەدارەكاندا بەسەر دەبرد، چیرۆكی ژیانی ئەوانی دەنوسییەوە، بەڵام نوسینەكانی ئەو داهاتەیان بۆ دروست نەدەكرد، كە بتوانێت پێی بژی. ناچار دەبوو كاری تر بكات.
ناونیشانی ڕۆمانەكەی (١٩٨٤) باسی وێرانكارییەكان دەكات، بە سێینەیەك بڵاو كرایەوە، بەرگی یەكەمیان ناوی (١٩٨٤) ەو، دووەمیان (مەزرای ئاژەڵان) و سێیەمیشیان ناوی (دووایین پیاو)ە.
هۆكاری ڕاكردنی ئۆروێڵ بۆ دورگە سكۆتلەندییەكە بریتی بوو لە خراپیی هەلومەرجی ناو لەندەن، بە ئامێرێكی چاپی دەستی و جگەرەكانییەوە بە بەلەمێكی نیمچە شكاو پەڕییەوە بۆ دورگەی (گۆرا) بۆئەوەی لەوێ بژین، هەر لە ئەو دورگە دابڕاوەدا ژنە گەنجەكەی مرد، منداڵێكی تەمەن سێ ساڵی لەگەڵیدا بەجێهێشت، كە هیی هیچیان نەبوو، بەڵكو هەڵیان گرتبۆوە، كە ناوی ڕیچارد بوو.
ڕۆمانی (١٩٨٤) هەموو جیهان دابەش دەكات و دەیانكات بە سێ دەوڵەت، ئەم سێ دەوڵەتە بە بەردەوامی شەڕی یەكتری دەكەن. بۆیە خەڵك بەگشتی بە هەژاری و لەژێر چاودێریكردندا دەژین، هەمیشە لەژێر هەڕەشەی (برا گەورە)دان، كە براگەورەش لەلای ئۆرویڵ ڕەمز و ناوی دەستەڵاتێكی بێرۆكراتیی سەركوتكاری گشتگیری ڕەهایە. دووایی لەلایەن خوێنەرانەوە(كە چەرچڵ ی سەرەكوەزیرانیش یەكیان بوو) ناوی براگەورە بڕا بەسەر ئەو حكومەتە ڕەها تۆتالیتارییانەدا، كە جڵەوی تەواوی كۆمەڵگە دەكەن و تواناشیان هەیە، كە خۆیان چییان ویست ئەوە بكەن.
هیكسلی لە ڕۆمانی (جیهانێكی بوێری نوێ) دا باسی كارگەیەكمان بۆ دەكات، كە كاری (منداڵ دروست كردن) دەكات، كە بەشێكی تایبەتە بە دروست كردنی منداڵی سەر بە چینی دەستەڵاتدار، ئەوانەی لەوێدا دروست دەكرێن دەستەبژێرن، لەڕووی لەش و فكر و سیاسەتكردنەوە لە پێشەوەن، ئەوانی تریش كە لە بەشەكەی تر دروست دەكرێن هەر كۆپی خەڵكە هەژار و نەدارەكان دروست دەكەنەوە، كە بۆئەوە پەیدا دەبن ، لە نەهامەتیدا بژین.
لە ئەمڕۆدا لە ئەمریكا ئایدیۆلۆژیایەكی پسپۆریی هەیە كار لەسەر چاك كردنی وەچەكان دەكات، هەندێك پزیشكی پسپۆریش هەن لەوە فراوانتر بۆ مەسەلەكە دەچن دەیانەوێت بەپێی داخوازیی خەڵك منداڵیان بۆ دروست بكەن. لە پەیمانگەی پیتاندنی كالیفۆرنیا پزیشكێكی پسپۆر هەیە ناوی (ئاستان بێرگ)ە، كار لەسەر دروستكردنی منداڵی جۆری یەكەم دەكات و دەڵێت تا ئێستە نزیكەی حەوت هەزار جینی نایابیان لایە، كە كۆگایان كردوون بەكاریان بهێنن. هەر دایك و باوكێك (بیست هەزار دۆلار- دوو دەفتەر) بدەن دەتوانن ئەو منداڵە بۆ خۆیان دروست بكەن، كە خەونی پێوە دەبینن. ئەم دكتۆرە دەڵێت خەڵك وەهان كە حەزیان لە ئەو شتانەیە كە خۆیان نییانە، بۆیە داواكاری لەسەر ئیشەكەی ئەوانیش زۆرە، بۆیە ئێستە كاركردن لە ئەم بازاڕەدا گەرمە و لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بایی بڕی ٢٠ ملیار دۆلار كاری تیادا كراوە.
نوسەرانی تری خەیاڵی زانستییش هەن دەڵێن كە دەكرێت لە ئایندەدا چەندان جۆری جیاوازی مرۆڤ ببینین.
ئۆرویڵ ڕوانینی سۆشیالیستیانەی هەبوە، بۆیە لە ساڵی ١٩٣٦ دا چوەتە بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بۆئەوەی لەگەڵ شۆڕشگێڕە سۆشیالیستەكاندا خەبات لە دژی حكومەتەكەی فرانكۆ بكات. ئەو تێزی (برا گەورە)یەش كە ئەو دایهێناوە، خەڵكێكی زۆر پێیان وایە، كە ئەوە باسێكی ڕوونی كەسایەتی (دۆنەڵد ترامپ)ە. قسەیەكی ترامپ هەیە دەڵێت: (لەیادتان نەچێت، ئەوەی كە دەیبینن یان دەیخوێننەوە، ئەوە نییە، كە لە ناو واقعدا ڕوودەدات، چونكە ئێوە ناتوانن متمانە بە شتەكانی دەرەوە بكەن، ئێوە تەنها دەتوانن متمانە بە من بكەن، چونكە من برا گەورەم، من تاكە هاوڕێتانم).
(فیلین مەكماهۆن) بەڕێوەبەری ناوەندی مافەكانی مرۆڤە لە بێركڵی، لەبارەی ڕۆمانی (١٩٨٤) ەوە دەڵێت: ئۆرویڵ لە ئەو كەسانە دەترسا، كە مافی شت زانینمان لێ زەوت دەكەن، بەڵام هیكسلی لەوانە دەترسێت، كە زانیاریی زۆرمان پێ دەدەن بۆئەوەی ڕاستیی ڕوداوەكانمان لێ بشارنەوە. بۆیە گوتاری كەسە سیاسییەكانی ئەمڕۆش لە ئەم دوو جۆرە هەردووكیانی تێدایە.
نوسینی: محەمەد عەلی
و: تۆڕی میدیایی تەوار