لەساڵیادی یوبیلی زیوینی تەمەنی ڕۆژنامەی ژیانەوەی زمانحاڵی یەكێتی ژنانی كوردستان، بەشێك لەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشووتر پەیامنێری ژیانەوە بوون لە گەرمیان، بوونی ژیانەوە بەگرنگ دەزانن بۆ خزمەتكردنی ژنان و پێگەیاندنی قەڵەمی ژن وەك مینبەرێك بۆ دەرخستنی توانای ژنان و دەرچەیەك بۆ باسكردنی كێشە و گرفتەكانی ژنان، هەروەها پیرۆزبایی لەساڵیادی ژیانەوە دەكەن.
جیهان محەمەد، پەیامنێری پێشووی ژیانەوە لەگەرمیان بۆ ژیانەوە وتی:”لە ساڵیادی ڕۆژنامەی ژیانەوەدا، پیرۆزبایی لەو قەڵەمانە دەكەم، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ژیانەوەیان پڕ نووسین كرد لە راپۆرت و هەواڵ و ڕێپۆرتاژ و ئازار و خەم و مەینەتی و سەركەوتنەكانی ژنان”.
ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت: “شانازیی دەكەم كە لە رابردوودا لەو دەزگایە كارمكردووە، ئەو ڕۆژنامەیە منی بە زۆر خەڵك ناساند و توانی ببێتە فێرگەیەك بۆ پێگەیاندنی من و چەندین رۆژنامەنووسی دیكە كە ئێستا هەریەكەمان لە بوارە جیاجیاكاندا كاردەكەین”.
وتیشی: دەستخۆشی لەو ژنانە دەكەم كە قەڵەمەكانیان بۆ ژیانەوە بەكارهێناوە و خزمەت و پاڵپشتی ژنیان كرد، ژیانەوە ژیان دەدات بە ژنان، دەرچەیەكە خەم و ئازارەكانی هەموو ژنی لەخۆگرتووە و شەن و كەوی كێشەكانی ژنان دەكات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە و ئومێدی بەردەوامی بۆ ژیانەوە دەخوازم بۆ ئەوەی ژیانێكی باشتر پێشكەش بە ژنان بكەن.
سەباح عەلی جاف، پەیامنێرێكی دیكەی ڕۆژنامەی ژیانەوەیە لەگەرمیان كە پێنج ساڵ لەو رۆژنامەیەدا كاری كردووە پیرۆزبایی ٢٥ ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەكە دەكاتو دەڵێت: “یوبیلی زیوینی دەرچوونی رۆژنامەی ژیانەوە پیرۆز بێت، كاركردنی من لەو دەزگایەدا لەو كاتەدا سەردەمێكی پڕ لە كێشە بوو بۆ پرسەكانی ژنان بەتایبەت لە سنوری گەرمیان، كاركردن لە ڕۆژنامەیەكی تایبەتمەند ئاسان نەبوو تووشی چەند ئاستەنگ دەبووینەوە، بەڵام گرنگی كاری ڕۆژنامەنوسی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان وایكردبوو كە هەست بە ماندوو بوون نەكەین”.
سەباح عەلی دەشڵێت: “لەو ماوەیەی من لە ژیانەوە كارم كرد، ڕۆژنامەكە لە گەرمیان خوێنەری خۆی هەبوو، تەنانەت بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان بابەتیان بۆ ڕۆژنامەكە دەنوسی و ڕۆژنامەكە بوو بووە سەكۆیەك بۆ ژنان و ڕۆژنامەنوسانی سنورەكە، بە هیوام ڕۆژنامەكە ببێتە سەكۆیەكی جدی بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ژنان دوور لە هەر بارگرژییەك، دووبارە پیرۆزە بە هیوام ژیانەوە یادی یۆبێلی زێڕینیش بكاتەوە لە داهاتوودا”.
نیگار عومەر، كچە ڕۆژنامەنووسێكی گەرمیانە لەسەر گرنگی دەرچوونی ڕۆژنامەی ژیانەوە، بۆ ژیانەوە وتی: “هەرچەندە لە ئێستادا دەرچوونی ڕۆژنامە كەمبووەتەوە سۆشیال میدیا هەموو بوارەكانی ژیانی گرتووەتەوە، بەڵام رۆژنامە هەر گرنگی خۆی هەیە، هۆكارەكانی ڕاگەیاندن ناتوانن پەیام و داخوازی و خەم و داواكارییەكانی ژنان بگەیەنن، بەڵام لەهەبوونی دەزگایەك یان ڕۆژنامەیەكی كاراو بێلایەن دەتوانێت زۆرێك لە داواكارییەكانی ژنان بگەیەنێت، بەوپێیەی كە تەواوی ستاف و كارەكانی لەخزمەتی دۆزی ژناندا بێت بۆ ئەمڕۆی كوردستان بەپێویست و گرنگی دەزانم”.
نیگار عومەر باسی لەوەشكرد: ڕاگەیاندن پشكی شێری بەردەكەوێ لەگەیاندنی پرسەكانی ژنان بە كۆمەڵگە كە بەداخەوە تا ئێستا وەك پێویست نەتوانراوە پرسەكانی ژنان بەكۆمەڵگە بگەیەنرێت و جێی تموحی ژنان نییە، هەر بۆیە گرنگە ژنان خۆیان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیە بدەن كە بتوانن لەو ڕێگەیەوە خزمەت بەم پرسە بكەن و هەوڵی دامەزراندنی میدیایەكی تایبەتمەند بدەن بۆ باسكردن لە كێشە و پرسەكانی ژنان”.
هاوڕێ كرێكار، گەرمیان