پەتای كۆرۆنا و شوێنكەوتە خراپەكانیشی، كاریگەریی خۆیانیان خستە سەر ملیۆنان كەس، نەك تەنها هەر لەسەر ئاستی تەندروستی و نەخۆشكەوتن، بەڵكو لەسەر ئاستی كار و پیشە و داهاتی خێزانەكانیش، چونكە بەهۆی ئەو داڕمانە ئابورییەوە، كە لە پەتاكەوە پەیدابوو، چەندان ملیۆن كەس بێكار كەوتن و بە ناچاری كەوتنە ماڵەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی كەناڵی (سی ئێن بی سی) ی ئەمریكی، ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە، كە تیایدا باسی خانمێكی نوسەر دەكات ناوی (شانۆن سمیس)ە، كە ئەویش وەك ملیۆنان كەسی تری ئەمریكی، بە هۆی پەتای كۆرۆناوە بێكار كەوتووە.
شانۆن سەرەتا لە ناو چێشتخانەیەكدا كاری دەكرد و كرێكارێكی ئاسایی بوو، پاش ئەوەی كە كەوتە ماڵەوە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە وەك ڕاهێنەری لەشجوانی كەوتە كاركردن، بەم هۆیەوە دەبوو ڕۆژانەو هەر ڕۆژێكیش ماوەی ١٠ سەعاتی بەردەوام كار بكات. ئەوكاتە كە خەریكی ئەم كارەی دەبوو لە مانگێكدا بڕی هەزار بۆ دووهەزار دۆلارێك داهاتی دەبوو، بەڵام لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١ دا هەوڵیدا شتێكی نوێی تر تاقی بكاتەوە، لەبەرئەوە سودی لە ئەكاونتەكانی خۆی لەسەر تیك تۆك و ئینستاگرام بینی، لەڕێگەی ئەمانەوە كەوتە بازاڕكردن، دەیەویست لێرەوە سەرمایە و داهاتێك بۆ خۆی دروست بكات.
شانۆن خۆی باسی ئەوە دەكات، كە توانیویەتی گەشە بە هەردوو ئەكاونتەكەی خۆی بدات و لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢١ دا ژمارەی تەماشاكارەكانی پەیجەكەی تیك تۆكی گەیشتوون بە ٤٠ هەزار كەس و لە ئەو كاتەشەوە تا ئێستە دەتوانێت مانگانە نزیكەی ٨٠٠٠ دۆلار داهاتی هەبێت، هەندێك بڵاوكراوە لەسەر ئەو ئەكاونتانەی خۆی دادەنێت و دەفرۆشرێن و داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە. كە هەندێكیان چەند مانگێكە دایناون و تا ئێستەش لێیان دەفرۆشرێت و وانەی فێركاری و مەشق پێكردنیشیان لەسەر بابەتەكانی لەشجوانی تێدایە، بۆ درێژەدان بە ئەم كارەی پێویستی بەوە هەیە، كە ڕۆژانە دوو سەعات خەریكی دانانو دابەزاندنی ئەو بابەتانەی خۆی بێت لەسەر تیك تۆكەكەی.
بۆیە شانۆن دەڵێت، زۆرجار ژنان لێم دەپرسن، كە چۆن بتوانن ئەكاونتێكی وەها دروست بكەن، كە داهاتێكی جێگیریان بۆ پەیدا بكات، وەڵامەكەی ئەمیش ئەوەیە، كە دەبێت ئەو كەسانە بزانن، كە دەبێت لەسەرەتاوە خۆیان هەوڵی خۆیان بدەن، پاش ئەوەش ئەگەر بێتاقەت نەبن بەرهەمی كاركردنەكەیان بۆیان دەبێت بە داهات.
كاركردن و تەكنیك
شانۆنی نوسەر دەڵێت بۆئەوەی كە داهاتێكی جێگیرت دەست بكەوێت، پێویستە سەرەتا بتوانیت سیستمەكەت دروست بكەیت، چونكە دوایی ئەو سیستمە كە كەوتە كاركردن، ئیتر هەمو ئەركە سەرەكییەكان خۆبەخۆ ئەنجام دەدرێن، سەرەتا شانۆن لەسەر ئینتەرنێت وەك ڕاهێنەری شەخسی دەناسرا، بەڵام دوایی تێگەشت، كە ئەم شێوە كاركردنە پێویستی بەوە دەبێت بڕێكی زۆر كات ببەخشێت بە هەر تاكە كەسێك كە ئەم وەك مامۆستای مەشق پێكردنی خۆی هەڵبژێرێت. ئەمەش داهاتی كەمی دەبێت، بۆیە بۆئەوەی بتوانێت داهاتەكەی زیاد بكات پێویستی بەوە هەیە ئیشەكەی خۆی وا بخاتە بەردەست، كە پێویستی بەوە نەبێت خودی خۆی زۆر پێیەوە خەریك بێت، بۆیە هات هەندێك شتیشی دانا بۆ فرۆشتن، كە بەرهەمی خۆی نەبوون و ماركەی بازرگانیی تر بوون، بەڵام پەیوەندییان بەئیشەكەی خۆیەوە هەبوو، ئەمەش وایلێكرد، كە ئاستی داهاتەكەی بەرز بۆوە، بۆیە ئێستە كار لەسەر ئەوە دەكات، كە بەرهەمێكی هەبێتو ماوەیەكی زۆر لێی بفرۆشێت، لەڕێگەی كردنەوەی خولی ئینتەرنێتی و ئیدارەدانی هاوبەشەكانی ئینتەرنێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی، كە حەزیان لە بابەتەكانی مەشقەكانی ئەم هەیە.
شانۆن پرۆسەیەكی هەیە ناوی لێناوە خولگەی فرۆشتن، كە بریتیە لەوەی كڕیارەكان بانگەشەی بابەتەكانی بازاڕكردنەكە دەبینن، دێن بەشداری دەكەن لە لیستی ئیمەیلە ئەلیكترۆنییەكاندا، ئیتر لە ڕێگەی ئیمەیلەكانی خۆیانەوە بانگەشەی بابەتە بازرگانییەكانیان پێدەگات و هان دەدرێن بۆ كڕین.
بازاڕكردن حەوت یاسای جێگیری هەیە، كە زۆر دێرینن، دكتۆر جێفری لانت، زانایەكە هاتوە بەپێی هەلومەرجی نوێی ژیانی ئێستە لێكۆڵینەوەیەكی تری لەسەر ئەو حەوت یاسا دێرینە كردوە و گەشتوە بە ئەو ئەنجامەی، كە دەڵێت بۆئەوەی بتوانیت كەسێك لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە قایل بكەیت، كە بڕیار بدات ئەو شتەت لێ بكڕێت، كە دەیفرۆشیت، دەبێت تۆ لە ماوەی هەژدە مانگدا حەوت جار ئەو كەرەستەیەت پیشانی ئەو دابێت، كە دەیفرۆشیت.
بەڵام شانۆن دەڵێت ئێستە بانگەشەكانی ئینتەرنێت زۆر زۆرن، بۆیە تۆش بۆئەوەی بتوانیت كەرەستەكەی خۆت بفرۆشیت بە كەسێك لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، دەبێت چەندان جار پەیوەندی بە كڕیارەكانتەوە بكەیت، بۆیە ئەمیش ئەپڵیكەیشنی ئوبەر بەكاردهێنێت و لە ڕێگەی ئەم ئەپەوە پەیامی چەند جارە بۆ كڕیارە گریمانكراوەكانی خۆی دەنێرێت. لەم ڕوەوە دەڵێت زۆر كەس هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕۆشنایی بخەنە سەر كارەكانی خۆیانو مشتەری ڕابكێشن، بەڵام شانۆن كاتێك كە ژمارەی تەماشاكەرانی لەسەر تیك تۆك گەیشتوون بە ١٠٩ هەزار كەس، لەوە تێگەشتوە، كە كلیلی بڵاوبونەوەی خێرا و زۆركردنی ژمارەی هەواداران، ئەوەیە كە بابەتەكانت ئەسڵی و ڕەسەن بن، بەشێوەیەكیش لەسەریان بنوسیت كە بەدڵی خەڵك بێت. ئەگەر ئەم سیاسەتانەت بەكارهێناو بەباشی بانگەشەكانی خۆتت داڕشت، بابەتەكانی فرۆشتنەكەت باش و ڕەسەن بوون، بەزوویی وەڵامی پلار وپرسیاری خەڵكت دایەوە، ئیتر دەزانیت كە كارەكەت ڕوو لە باشبوون دەكات.
بۆیە شانۆن وادەزانێت، كە بڵاوكراوەكانی سەر ئینستاگرام و تیك تۆك كاریگەرن، دەتوانن ببنە مایەی سەرنجی جەماوەرەكەت، خۆشت دەبێت بزانیت چۆن سود لە ئەو جەماوەرە وەردەگریت بۆ مەسەلەی بازاڕكردن.
شانۆن بوونی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردا بۆ ئەم جۆرە كاركردنە زۆر بە گرنگ دەزانێت، چونكە كاتێك كە خەڵك زانییان تۆ كێیت و چی دەكەیت ئیتر متمانەت پێ دەكەن، متمانە بە خۆت و بە ئەو شتانەش كە تۆ دەیانفرۆشیت. بە دیوەكەی تریشدا، ئەم زۆربونی متمانەیەی ئەوان وادەكات، كە فرۆشتنی تۆ بەرزتر ببێتەوە.
شانۆن دەڵێت: من پەیوەندی و كارلێكی ڕاستەوخۆم لەگەڵ جەماوەرەكەمدا هەیە، وەڵامی نامە و پلارەكانیان دەدەمەوە، یان پەخشی ڕاستەوخۆ دەكەمەوە لەسەر ئەپڵیكەیشنی ئینستگرام و تیك تۆك، ئەمەش هەلی ئەوە بۆ من دروست دەكات، كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆم لەگەڵ جەماوەرەكەمدا هەبێت. چونكە قسەیان لەگەڵدا دەكەم. ئەمەش بەرپرسیاریی ئەوە بۆ من دروست دەكات، كە ئەوشتانەی دایاندەنێم بۆ فرۆشتن دەبێت لە جۆری باش و متمانە پێكراوبن، چونكە ئەو خەڵكەش پارەی خۆیان خەرج دەكەن بۆ كڕینی ئەو بابەتانەی كە دەخرێنە پێش چاویان. بۆیە پێویستە كاڵا نماییشكراوەكان سەرنج ڕاكێش بن، هەروەها دەبێت ئاستی گەڕاندنەوشیان نزم و كەم بێت، واتە ئەگەر ژمارەی ئەو كڕیارانە زۆر بوو، كە كاڵاكەت بۆ دەگەڕێننەوە و بەدڵیان نیە، كەواتە تۆ كاڵای باشت نەفرۆشتوە، بۆیە ئەوانیش لێی ڕازی نەبوون، متمانەی ئەو جەماوەرەت كەم دەبێتەوە، كە كۆكردنەوەیان ئاسان نەبوە. بەڵام ئەگەر كەسێك هاوبەشیی پەیجەكەتی كرد و دواییش هاوبەشیەكەی خۆیی نوێ كردەوە، كەواتە ئەو كەسە متمانەی بە تۆ پەیدا كردوە، بۆیە ئەوە ئەركی خۆتە كە بتوانیت ئەو متمانەیە بپارێزیت.
ئەم خاڵانەی كە شانۆن ئامژەیان پێ دەدات، نهێنیی سەركەوتنی كارە شەخسییەكانن، واتە ئەو كارانەی كە لەلایەن یەك كەسەوە دادەنرێن و هەر بە یەك كەسیش ئیدارە دەدرێن، بۆیە ڕەنگە ئەزمونەكانی ئەو، بۆ كەسانی تریش سودیان هەبێت.