ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لەمیانەی گەشتێکی ٢٥ رۆژیمدا بۆ ئەوروپا

کنێر عەبدوڵا

بەشی یەکەم

یەکێک لەو بیرکردنەوە وقورساییانەی دێتە رێگەی هەر هاوڵاتییەکی کورد یان زیاتر بڵێم تاکێکی خاوەن هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی ؛وەرگرتنی فیزەیە بۆ ئەو ووڵاتەی گەشتی بۆ دەکەی، ئیدی  هەر لە وەرگرتنی رۆژێک بۆ چاوپێکەوتن لە قونسلێیەتی ئەو ووڵاتەی بۆی دەچیت تا ئامادەکردن ووەرگێڕانی هەر بەڵگەنامە و نامەیەکی پێویست کە بەپێی مەرجەکان لێت داوادەکرێت هەمووی  کات وماندوبونە، تا ئێرەش گەر ئاسایی ببینرێت، بەڵام  گرفت ئەوەیە پاش ئەو هەموو ماندوبونە  ئەنجامەکەی بە نەرێنی بێتەوە و پێت بڵێن فیزەیان نەداویتەتێ ، یان بۆ هەفتەیەک یاخود ١٠ رۆژ فیزەت بدەنێ پاش ئەو هەموو ماندوبون و تێچوونە داراییە. ئەمە یەکێک بوو لەو ناخۆشییانەی لەسەرەتای گەشتەکەمدا بەدیمکرد و وایکرد بەتەنها لە سلێمانییەوە بۆ فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت گەشتەکەم دەستپێبکەم  ،بەهۆی ئەوەی  زوربەی بانگێشتکراوەکان فیزەکانیان بە نەرێنی هاتەوە یان بۆ یەک هەفتەو یاخود دە رۆژێک بوو! بۆیە هیوادارم رۆژێک بێت پاسپۆرتی هاوڵاتییەکی کوردیش هاوشێوەی پاسپۆرتی زوربەی ووڵاتانی جیهان بەها و سەنگێکی تری نێودەوڵەتی هەبێت ، هەم لە رووی مامەڵەکردن و هەم لە رووی ئەوەی هەر هاوڵاتییەکی کورد بتوانێت بە ئاسانی دەرفەتی ئەوەی هەبێت بە ئاسایی و سروشتی سەردانی هەر ووڵاتێک بکات کە خوازیارێتی ؛نەک وەک ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت. تا ئێستا کە لە سەدەی بیستویەکدا دەژین زۆرێک لە مرۆڤەکان هەن خەون بەوەوە دەبینن کە نەک تەنها گەشتێک بکەن بۆ ووڵاتان ؛بەڵکو بتوانن فڕۆکەخانە  ببینن و سواری فڕۆکە بن، کە بەهۆی قورسی فیزە ودۆخ و پاسپۆرتی عێراقییەوە تەنانەت لە فڕۆکەخانەکانیش ؛کاتێک گەشت دەکەی درک بەوە دەکەیت کە زۆرت ماوە وەک ووڵاتانی تر مامەڵە لەگەڵ پاسپۆرتەکەت بکەن، یان هەست بە هاوڵاتیبونی خۆت بکەیت وەک ئەوانیتر!! بە نموونە لە کاتی چێکینی پاسپۆرتەکان ،هەر جیاکردنەوەو ئاسانکاریی ریزبەندییەکەی ئەو هاوڵاتیانەی هەڵگری پاسپۆرتی ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا وهتد دیمەنێک بوو هەستت دەکرد کە تۆ وەک دەوڵەت (عێراق- هەرێمی کوردستان) لە کوێیت و زۆرت ماوە؟! بۆیە یەکێک لەو پرسیارانەی مێشکت داگیر دەکات لەبینیینی هەموو ئەو جیاوازییانەدا ئەوەیە کە دەڵێیت بۆ دەبێت من وەک هاوڵاتی جیاواز بم لەوانیتر؟ بۆ دەبێت جیاوازی لە نێوان ووڵاتەکاندا بەو ئەندازەیە بێت؟ بۆ دەبێت سنورەکان هێندە بەربەست بن لەبەردەم خواستی هەندێ لە مرۆڤەکان تەنانەت بۆ گەشتکردنیش بێت؟

ئایا سەرکردە و پارتەسیاسییەکان وحوکمرانان دەبێت چی بەخۆیان بڵێن و چۆن ئاوڕ لە مێژووییان دەدەنەوە ؛کاتێک پاسپۆرتی هاوڵاتییەکانیان هێندە بە چاوێکی جیاواز سەیر دەکرێن؟ !( ئەو دیمەنەم لە فڕؤکەخانەی ئەمستردام بینی لە کاتی گەڕانەوەمدا).

زۆر کەس ئەو پرسیارەی لێکردم گەشتەکەت باش یان سەرکەوتوو بوو؟ لە راستیدا وەڵامدانەوەی ئەمجۆرە پرسیارانە ناکرێت هەڕەمەکی وەڵامبدرێتەوە. من بۆخۆم بەر لە گەشتەکەم  لە هەوڵی ئەوەدا بووم ودەمویست ؛ بۆیە پلان و بەرنامەم بەشێوەیەک رێکخستبوو کە کاتەکانم دابەش بکەم بەسەر چەند بوارێکدا بە نموونە ٦٠٪ بۆ کارەکانم و ٢٥٪ بۆ فێربوون و ١٥٪ بۆ لایەنی خۆشی وگەڕان لەگەڵ هاورێیانمدا ، لەو روانگەیەوە لە ئێستادا دەتوانم لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بڵێم ،بە بڕوای خۆم توانیم ٩٥٪ جێبەجێبکەم ؛ ئەمەش گرنگ بوو؛ بێگومان بەهەوڵ وهاوکاری کەسانی خەمخۆر وهاورێیانی دڵسۆزم لێرەو لەوێ، چونکە ئەوەش گرنگە مرۆڤ بزانێت ئامانج و پلانی چییە و چۆن دەتوانێت لەپاڵ ئەو کارەی بۆی دەچێت سوود لەو دەرفەت وواقعە وەربگرێت ؛ لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی تردا ؛لەو روانگەیەی دەرفەتی سەفەرکردن هەمیشە واڵا و ئاسان نابێت بۆ هەمووان.

لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ فرانکفۆرت

گەشتەکەم رۆژی ٦/٧/٢٠٢٢ لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ ئەڵمانیا / فراکفۆرت دەستیپێکرد ؛وەک ئەوترێت سەرەتای گەشتەکەم باش دەستیپێنەکرد ،چونکە دەبوو کاژێر ٣ ی بەیانی فڕۆکەکە بفڕێت، بەڵام ٦:٣٠ی بەیانی فڕی، ئەوەی ناخۆش بوو چاوەڕوانییەک بوو کە نەتدەزانی هۆکار چییە و بۆ؟ لەهەر کەس پرسیارێکت دەکرد هۆکاری دواکەوتنمان چییە دەرئەنجام وەڵامت وەرنەدەگرت، ئەوەش بووە هۆی دواکەوتن ونەگەیشتنم بۆ فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت لەکاتی خۆیدا و دڵەڕاوکێ وماندوبوون و بەفیڕۆچوونی کاتیش بۆ ئەو کەسەی لە فڕۆکەخانە لە چاوەڕوانیمدا بوو ، بەڵام بە دیوێکی تریشدا لە ئێستادا بەگشتی دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپاش بەدەر نییە لە دواکەوتنی فڕۆکە وئاڵوگۆڕی کات یان هەندێ جاریش دواخستنی گەشتەکە بۆ کاتێکی تر بەدوور لە خواست و ویستی گەشتیاران بەتایبەت لە دوای دۆخی کۆرۆناوە کەزوربەی فڕۆکەخانەکان کارمەندیان کەمبۆتەوەولەپاش کۆرۆناوەش کارمەندەکان بەهەمان نرخی پێشوتریان نایەنەوە ،پاش ئەوەی دۆخی داراییش بەگشتی بەبەراوورد لەگەڵ پێش جەنگی روسیا و ئۆکرانیا جیاوازەو گرانیی باڵی کێشاوە بەسەر کۆی ووڵاتاندا.

هاوشێوە

ڤیدیۆ