کنێر عەبدوڵا
لە ئۆڵدنبۆرگەوە بۆ بەرلین
هەمان رۆژ واتە ١٠/٧/٢٠٢٢ لە ئۆڵدنبۆرگەوە کات ٧ ی بەیانی بە پاس بەڕێکەوتم بۆ شاری بەرلین ماوەی ٦ کاژێر بەڕێوەبووم ؛ ئەگەرچی لە هەمان رۆژدا کات ٥ ی ئێوارە سمینارم هەبوو لە شاری بەرلین.
پاسەکە ؛بەشێوەیەک بوو خەتی ئەنتەرنێت و خزمەتگوازری تێدا بوو؛ شوێنی دانیشتنەکەم بەشێوەیەک فراوان بوو کە کردبومە ئۆفیس وبەدرێژایی رێگەکە بەشێکی کاتەکەم بۆ خوێندنەوەو کاری کۆمپیوتەر بەکارهێنا و بەشێکی تری بۆ سەیرکردنی دیمەنەکانی دەرەوە، ژینگەیەکی پاک، کەشێکی سەوزایی و جوان و لە هەموویشی گرنگتر شێوەی ئاسانیی و رێکوپێکی شەقامەکان بوو ؛کە بەشێوەیەک بوو هیچ تاسەو بەرزونزمی و قورسایی و جەنجاڵییەک نەدەهاتە رێ، هەندێک جار پاسەکە بەژێر هەندێک تونێلدا دەرۆشت کە ئارەزووت ئەکرد کات بەپەلە تێنەپەڕێت ؛ بۆیە لە زوربەی ئەو کاتانەدا هەستت دەکرد راستە حکومەتی ئەو ووڵاتانە بەشێکی زۆری داهاتیان لە باج وەرگرتن لە خەڵکەوە کۆدەبێتەوە وبگرە بەئەندازەیەکە کە خەڵکەکە حکومەت بەڕێوە دەبات ، بەڵام بەدیوێکی تردا چ حکومەت ئەیزانێ پارەی خەڵک چۆن خەرج دەکاتەوە بۆ خزمەت و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییەکانی و چ هاوڵاتیش کاتێک بە ماندوێتی خۆی باج بە حکومەت دەدات دەزانێت کە بەهەدەر ناچێت و چۆن خەرج دەکرێت، کە ئەمە بۆخۆی سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەیە کە گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم شێوە راستە کاری بۆ بکات ؛ نەک باج وەربگیرێت وخزمەتگوازرییەکانیش لەهەموو روویەکەوە کەموکورتی هەبێت؛ ئەگەرچی ئەوەی جێی باس و گرفت و بگرە ناخۆشیشە چیرۆکی جیاوازی ئەو پەنابەرانەن کە ساڵەهای ساڵە لەو ووڵاتانەدا ئەژین ، بەڵام بەداخەوە هیچ کارێک ناکەن و بگرە لەسەر پارەی سوشیال ئەژین ؛واتە لەسەر باجی ئەو کەسانە ژیان بەرێوە دەبەن کە کار دەکەن و ماندوون، ئەمە جێی نەنگی و ناخۆشی و بگرە بەکەم سەیرکردنی ئەوانەیشە کە قبوڵی مشەخۆری یان ژیانی ؛وەک دەوترێت کولەمەرگی و” مەمرە ومەژی” ژیان ئەکەن ؛لەکاتێکدا دەتوانن وەک ئەوانیتر کاربکەن و بە ماندوێتی خۆیان ژیانێکی شایستەی پر لە کەرامەت و شکۆ و مرۆڤانە بژین.
ئەوەی گرنگ بوو ،پێش دەستپێکی کاتی سمینارەکە بە دوو کاژێر گەیشتمە هۆتێل و پێش کاتی دەستپێکی سمینارەکەش بە ١٥ خولەک لە هۆڵی سمینارەکە لە پێشوازی ئامادەبواندا بووم ،چونکە بەدرێژایی کاتەکە لەخەمی ئەوەدا بووم لەکاتی دیاریکراودا بگەم و دوانەکەوم ولەوەش گرنگتر لەکاتی دیاریکراودا دەستپێبکەم ، چونکە پابەندبوون بە کات و ژووانەوە بەشێکە لەرێزگرتن لە خۆت و ئەوانیتر.
یەکەم جارم بوو سەردانی بەرلین بکەم ، ماوەی ٦ رۆژ مامەوە، بەڵام رۆژانێکی پڕ و کاتێکی بەسوودم بردە سەر، یەکێک لە دڵخۆشکەرییەکانم لە یەکەم کارورۆژمدا لە بەرلینەوە دەستیپێکرد ، ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو وخەڵکی جۆری لە سمینارەکە وایکرد بابەتەکە گەرموگوڕی بەخۆوەببینێت وگفتوگۆکانیش ئەنجامەکەی دەوڵەمەندتر بکەن.
“ژنانی کورد لە نێوان کلتورەکاندا” ناونیشانی بابەتەکەم بوو ، بانگێشتەکەم لەلایەن سێنترومی کوردییەوە کرابوو ، ماوەی سمینارەکە کاژێرونیوێکی خایاند، ئەوەی دڵخۆشی کردم فیدباکی لایەنی بانگێشتکراو بوو، جگە لە راوبۆچونەکانی ئامادەبووان،و هەروەها بینینی هاوڕێیەکی ئازیزودێرینم ئەڤین دزەیی لە سمینارەکەدا ، لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی بەرێزان د. سەروەرعەبدولرحمان و ئیبراهیم ئۆکودجو بکەم کە لە بانگێشتکردنم و گەیشتن و سازکردنی سمینارەکە لە بەرلین ماندووبوون و ئەرکیان کێشا، هەروەها سوپاسی خاتوو پەروین رەسول ئەکەم کە سمینارەکەی بەرێوەبرد. لەگفتوگۆی ئامادەبووانەوە ئەوە دەرکەوت کە پرسی ژن مەسەلەیەکی جیهانییەو ژنان لە هەموو شوێنێک توندوتیژی و جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت لە لایەن پیاوەوە؛ تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، بەڵام هۆکارو شێوازەکانی لە شوێنێک بۆ ئەویتر جیاوازی بەخۆوە دەبینێت ؛ ئەگەرچی جێبەجێکردنی یاسا لە شاری بەرلین و ووڵاتانی تری ئەوروپا یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم مرۆڤەکان و بەهۆیەوە کۆی کێشەکان بەریلێدەگیرێت یان بۆتە هۆی کەمکردنەوەی سەرپێچیکردنەکان بەگشتی و لەهەمان کاتدا پەیڕەوکردنی سستمێکی جێگیری بێ جیاوازی لایەنێکی تری سەرکەوتنی ئەو ووڵاتانەیە ، کە بەراوورد بە کۆمەڵی خۆمان هەردووکی جیاوازی بەخۆوە دەبینێت و ئەرکی هەمەلایەنە کاری بۆ بکرێت ، چونکە هەر کۆمەڵ و ووڵاتیک بێ چەسپاندنی یاسا بێ جیاوازی و بێ بوونی سستمێکی تۆکمەی جێگیر لە حوکمڕانیدا هیچ جومگە و کایەیەکی تری کۆمەڵ ناتوانێت پێشکەوتن و گەشەکردن بەخۆوە ببینێت، لە نێوەندی هەموویاندا مەسەلەی ژنان کە پرسێکی گشتگیرو فرەڕەهەند و فرەلایەنە.