کنێر عەبدوڵا
سەردانی شێڵتەرێکی ئەڵمانیی لە بەرلین
لەمیانەی چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ رێکخراوێکی ئەڵمانی تایبەت بە شێڵتەر بۆ داڵدەدانی ژنان بەناوی (فراون هاوس) ،چاوم بە سێ ژنە ئەڵمانی کەوت کە لە شێڵتەرەکەدا کاریان دەکرد ،هەریەکەیان لە بوارێکدا ،بەڵام هەموو ئەوانەی لەوێ کارئەکەن پێویستە بواری پەروەردەیی وتوێژەر بن ،ماوەی چاوپێکەوتنەکەمان زیاد لە چوار کاژێری خایاند، بینای شێڵتەریان لەبەرئەوەی شوێنێکی نهێنی وشارراوەیە ،چاوپێکەوتنەکەمان لە نێو پارکێکدا بوو. بەڕێزان ئەڤین دزەیی هاوڕێم و خاتوو پەروین رەسول ئەرکیان کێشا ووەرگێڕانیان بۆکردم .
ئەوەی جێی سەرنجم بوو ئەوە بوو هەرسێ ژنە ئەڵمانییەکە کۆکبوون لەسەر ئەوەی ژنانی ئەڵمانیش دووچاری جۆرەکانی توندوتیژی دەبنەوە لە لایەن پیاوانی ئەڵمانەوە ، هەرسێکیان چیرۆکی خۆیان باس کرد کە چۆن لە قۆناغەکانی ژیانیاندا دووچاری دەستدرێژی سێکسی بونەتەوە و پێیان وابوو “توندوتیژی لە لایەن پیاوانەوە سنوری ئاین، ئایدۆلۆجی، کلتورو دابونەریت وعەقڵیەتی پیاوسالاری و یاسا و تەنانەت جلوبەرگیش دەبەزێنێت” ؛ ئەمە لەکاتێکدا من باسم لەوە کرد کە زۆرجار هۆکارەکان لە کۆمەڵی خۆماندا دەگەڕێنینەوە بۆ ئەوانە ؛ بۆیە پێم سەیر بوو لەکاتێکدا ووڵاتێکی ؛وەک ئەڵمانیا خاوەن سستمێکی مەدەنی و جێگیرە ویاساش سەروەرە ، بۆ دەبێت توندوتیژی وجیاکارییەکان هەبن ؟ لە وەڵامیاندا کۆکبون لەسەر ئەوەی “پیاو ؛وەک رەگەز هەست بە بوونی دەسەڵات و هێز دەکات و بەردەوام ئەیەوێت بڵێت من پیاوم و ئەتوانم”. ئەوان پێیان وابوو دەبێت ژنان بێدەنگ نەبن لەکاتی روبەروبونەوەیان بە دەستدرێژی سێکسی کە لەهەر کات و شوێنێکدا ئەگەری رودانی هەیە، یەکێکیان باسی لەوە کرد ؛کاتێک کورێک دەستی بۆ بردوە دەستبەجێ هەڵوێستی دەربڕیوە وبەهەردوو دەستی پەنای بۆ مل وقوڕگی بردوە و سکاڵای لێکردوە. بێگومان باسکردنیان لە جیاوازیکردن لە رووی مووچەی ژن و پیاوەوە بەوەی زوربەی پیشە هەن کە ژن لە هەمان کاری پیاودا کەمتری پێدەدرێت و لە هەمان کاتدا لەکاتی پێشکەشکردنیان بۆ کارو وەزیفەیەک ئەولەویەت بە پیاوەکە دەدرێت وەک لە ژنەکە . هۆکاری ئەوەیشیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ژنان دووچاری سکپڕی و منداڵبوون و مۆڵەت و بەخێوکردنی منداڵ دەبنەوە؛ بۆیە چانسی پیاوەکە زیاتر ئەبێت وەک لە ژنەکە، ئیدی عەقڵیەتی سەرمایەداری گرنگ لای زیادکردنی پارە و بازرگانیکردن و کارەکەیە زیاتر لە لایەنی مرۆیی و بابەتی دیکە.
یەکێک لەو لایەنە ئەرێنییانەی لەو ووڵاتانەدا بەگشتی بوونی هەیە جێبەجێکردنی یاسایە بێ جیاوازی؛ بەو واتایەی یاسا بۆ هەموو تاکێک وەکیەکە وهەموو کەسێکیش لەبەرامبەر هەڵەکەی وەکیەک سزادەدرێت ؛ بۆیە کاتێک باسی کەیسەکانی ناو شێڵتەرەکەیان دەکرد دەیانگوت :” بەپێی یاسا کەسی تاوانبار یان سکاڵالێکراو کە پیاوەکەیە ناتوانێت نزیک بکەوێتەوە لە شیڵتەرکە یان ماڵی ژنەکە ،بە دووری ٥٠ م”، وە یەکێک لە جیاوازییەکانی شێڵتەرەکە لەوێ ،حکومەت تەواوی خەرجییەکانی شێڵتەر دابین دەکات و ئەوانەی لەوێش کاردەکەن فەرمانبەری حکومین و پسپۆرن لە بواری پەروەردە، توێژەری کۆمەڵایەتی ودەرونین، هەروەها ئەوانەی کەیسەکانن خۆیان خاوەن موچەن یان حکومەت مووچەیان دەداتێ، بێگومان منداڵەکانیشیان بەشێکی پەیوەندیدارن بە بابەتەکەوە کە دانەبڕاون لە خوێندن و ژیانی ئاساییان ، ئەوەی جیاوازیشە ژنەکان بەپێی یاسا ژیانیان پارێزراوە ؛ بۆیە دەتوانن بێ هیچ چاودێرێک خۆیان بچنە دەرەوەی شێڵتەرەکە و کاری خۆیان بکەن ، چونکە بەزۆری ئەم شیڵتەرانە بۆ ئەوانەیە کە رووبەڕووی توندوتیژی بونەتەوە ، یان دووچاری هەڕەشەی کوشتن بونەتەوە، لە دەرئەنجامدا کۆکبون لەسەر ئەوەی پەروەردە سەرچاوەی سەرەکیی و گرنگە بۆ بونیادی مرۆڤ و گۆڕانکاری باشتر، بوونی واقعی شێڵتەر لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەسەرەتای نەوەدەکانەوە کە یەکەم دامەزراندنی شێڵتەر لانەی ئارام بوو رێک پێچەوانەی نموونەی ووڵاتانە لە رووی کارگێریی و داراییەوە ، کە هیچ پشتیوانییەکی لەو رووانەوە نییە لە حکومەتەوە و بەرپرسیارێتییەکانی رێکخراو لەئەستۆی دەگرێت، تا ئێستاش زۆرێک لەو واقعە وەک خۆی ماوەتەوە، وێڕای بوونی بەرێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی کە لە لایەن حکومەتەوە دامەزران کە کاتی هاتووە بە ووردی دیراسە بکرێن و تواناکان یەکبخرێن و کارەکان بەشێوەیەکی شایستەتر بەڕێوە بچن.
سەردانی رێکخراوی یەک ماڵ لە بەرلین
لەمیانەی سەردانەکانمدا لەگەڵ هاورێی ئازیزم ئەڤین دزەیی چاوم کەوت بە رێکخراوی یەک ماڵ ،بەرپرسی رێکخراوەکە ناوی گونای داریچی بوو ، رێکخراوێکی کوردییە وکار بۆ خێزانی پەنابەران دەکات و چەندین پرۆژەو کاری جیاوازیان هەیە بۆ خزمەتی خێزانە کوردەکان، بێ جیاوازی بۆ ئەوەی بتوانن لە یاسا وسستمی ووڵاتی ئەڵمـانیا تێبگەن، لەو روانگەییەی خێزانەکان بەهاتنیان بۆ ئەڵمانیا دووچاری کێشەی جۆربەجۆر دەبنەوە بەهۆی جیاوازی ژیانکردنیان لە پێش وپاش گەیشتنیان بەم ووڵاتە، ئەوەی جێی باسکردنە ئەوەیە کە لایەنی دارایی رێکخراوەکە لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت ؛ لەرێی ئەو پرۆژە جیاوازانەی پێشکەشی دەکەن نزیکەی ٨٣ کارمەند کار لەم رێکخراوەدا دەکەن ،وهەندێکی تریان بەپێی گرێبەست یان بۆ کاتێکی دیاریکراو دەمێننەوە، بواری کاری دەستی، هۆشیارکردنەوی خێزانەکان ، کردنەوەی خولی جۆراوجۆر و کردنەوەی دایەنگەو چاوپێکەوتنی منداڵ لەکاتی پرۆسەی جیابونەوە وکارکردن لەسەر بواری توندوتیژییەکانی رووبەروویان دەبێتەوە دەچێتە چوارچێوەی کارەکانیان، ئیدی گروپی ژنان، منداڵان و تەنانەت پیاوانیش بەجیا گروپی تایبەتیان هەیە و لەنێو خۆیاندا کۆدەبنەوە و ژینگەیەکیان بۆ فەراهەم ئەکرێت کە گفتوگۆ بکەن وزیاتر هۆشیارییان هەبێت لەرووی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنەکانیان و بەرێوەبردنی خێزان و تێپەڕینی ئەو گرژی و کێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە بەهۆی گۆڕینی سستم وکلتورەوە، کە زوربەیان دووچاری شۆکی کلتوریی دەبنەوە ؛ ئەمە جگە لەوەی هەر گوێگرتنیان بۆ یەکتری دەبێتە جێی کرانەوەیان بەرووی زۆرێک لەو واقعەی هەیە، بەدەر لەوەی رێکخراوەکە یارمەتیدەریان دەبێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن وزانیارییان لەبارەی یاسا و رێنمایی و واقعی کلتوری ئەو ووڵاتەی تیایدا دەژین ،چونکە یەکێک لە ئەولەویەتی هۆکارەکانی جیابونەوەی خێزانەکانی هەن کە رێژەیەکی زۆری لەخۆگرتوە ،بریتییە لە شۆکی کلتوری ؛واتە ترس لە تێکەڵبوون و نامۆبوون بەو سستم وکلتورەی تیایدا دەژین وجیاوازی دوو کلتوریی وژینگەی جیاواز کە دەشێت لایەکیان تێگەیشتنی بۆ واقعەکە هەبێت ،ئەویتر بە پێچەوانەوە، ئیدی تێڕوانینی جیاواز بۆ تیکەڵبوون بە سستم و واقعی ئەو ووڵاتانە ورێگریکردن لە ژنان بۆ چوونە دەرەوەو کارکردن و نەزانینی زمان و سنوردانان و رێگریکردن لە منداڵەکانیان یان قبوڵنەکردن و ترسی پیاوان لە تێکەڵبونی خۆیان وهاوسەرەکانیان بە سستمەکە ،هەموو ئەوانە وا دەکات کێشەکان زۆر وئاڵۆز بن و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان زیاتر بن.
بە بروای من کاتێک کەسێک یان خێزانێک رێ بەخۆی و منداڵەکانی دەدات لە یەكێک لەو ووڵاتانەدا بژین، ئیدی فێربوونی زمان، کارکردن و تێکەڵبوون بە سستم و واقعی کۆمەڵەکە و تێگەیشتن لە یاساو رێسا و ژیانکردن دەبێتە شتێکی حەتمی و واقعی و هیچ کات بەربەست و سنوردانان و رێگریکردن نابێتە چارەسەر، بە نموونە پیاوێکی خەڵکی سوریا ووتی :” زیاد لە ٢٠ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم ، بەڵام نایەڵم ژنەکەم بێتە دەرەوەو تێكەڵ بێت وکاربکات”، تەنانەت ووتی:” جارێکیان ژنی هاورێیەکم ،ژنەکەمی بینیوە و پێی وتوە لێرە ئازادی هەیە و هانیداوە بێتە دەرەوە لە چوارچێوەی ماڵ و فێری زمان ببێت، لە ئەنجامدا بە هاورێکەی ووتوە : “بە ژنەکەت بڵێ جارێکی تر بەهیچ شێوەیەک لە ماڵی من و ژنی من نزیک نەبێتەوە و نامەوێت هیچ باسێکی مافی ژن و ئازادی و واقعی ئێرەی بۆ بکات”، ئەمەش یەکێکە لە مۆدێلەکانی هەن ، جا ئیتر ئەوە لەهەر شوێن و ووڵاتێک بژی چ جیاوازییەکی هەیە .
بە پێچەوانەوە لەو ووڵاتانەدا راستە ئازادی هەیە، ئازادی ژن وتاک هەیە، شەفافیەت و زانیارییەکان هەن و بە ئاسانی بە نموونە لە خوێندنگەکاندا باسکردن لە هۆشیاری سێکسی و فرە ئاینی و یەکترقبوڵکردن و خۆناسینی جەستە یەکێکە لە باسەکان و دەخوێندرێت ؛وەک ئەوەی زانیاریت پێدەدات کە چۆن خۆت ئەپارێزیت لە رووی تەندروستی وچۆن رۆشنبیری بەرامبەر جەستەی خۆت وئەویترت پێدەدات هەروەها چۆن لەگەڵیدا رێگە ئەرێنی و نەرێنییەکانت دەخاتە روو ؛بەو واتایەی خوێندن لەوێ پرۆسەیەکی مەعرفی و پەروەردەیی ورۆشنبیرییە ، بەڵام لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتیشە ؛واتە هەر تاکێک کردەوەکانی خۆی کە دەیکات بەرپرسیارێتیشی هەڵدەگرێت، هەروەها تێگەیشتن لە ئازادی زۆر قوڵترە ؛وەک لەوەی لای زۆرێک لە کۆمەڵی ئێمە بە بێسنوری و بەرەڵایی ناوزەندی دەکەن، نەخێر خۆی لەخۆیدا خودی بەکارهێنانی ئازادییەکە بەرپرسیارێتیی خودی تاکەکانە کە هەموو ئەوانە ؛ لەڕێی سستمی پەروەردەوە فێردەکرێن؛ بە ڕاستی لەو ووڵاتانەدا سستمی پەروەردە چۆتە نێو ماڵی هەموو خێزانێکەوە، و مرۆڤایەتی ومەعریفە و تواناکان بەرهەم دەهێنێت ولەڕێی سستمی پەروەردەوە تاک فێری بەها و متمانە ومرۆڤدۆستی و هتد دەبێت و کەسایەتی دروست دەبێت، بگرە هەر لە منداڵییەوە قۆناغ بە قۆناغ درک بە ئەرک و مافی خۆی دەکات ؛ئەوە فەلسەفەو سیاسەتی پەروەردەی ئەو ووڵاتانەیە کە دواجار سستمی پەروەردەیە تاک یان هاوڵاتییەکی دروست بونیادئەنێت ،سستمی پەروەردەیە منداڵ و خێزانەکان و دایک و باوکیش دەکات بە بەشێکی دانەبڕاو وتەواوکەر بۆ بونیادی مرۆڤەکان وەکیەک ؛بۆیە دەبینیت منداڵێکە هیشتا نەچۆتە قوتابخانە تەنها لەرێی دایەنگەکانەوە فێری سستم دەبێت، فێر دەکرێت کە پاکوخاوێنی رابگرێت ، ئینتمای بۆ بەها مرۆییەکان هەبێت، مرۆڤە جیاوازەکان بە هەموو شێوەیەکیانەوە قبوڵ بکات ؛ئیدی هەریەک بەپێی قۆناغی خۆی و دواتر کە گەورە دەبێت خاوەن کیانی سەربەخۆ و ئیرادەی بەهێز وکەسایەتییەکی بڕیاردەر ئەبێت. راستگۆ وشەفاف ئەبێت وئینتمای بۆ بەها ونیشتمان وپێشخستنی کۆمەڵەکەی ئەبێتە شتێکی حەتمی.