کنێر عەبدوڵا
لە بەرلینەوە بۆ کۆلن
رۆژی ١٥/٧ گەیشتمە شاری کۆلن ، یەکەم کەس کە چاوم پێکەوت هاورێی سەردەمی ناوەندیم بوو هاورێیەک بەتامی مرۆڤ و ژن، نەرمونیانی و هێمنی و ئاسانکردنی ژیان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و ماندووبون چەند خەسەڵەتێکی کەمیی زریان عمری هاوڕێم بوو، کە خاوەنی دووکچ وکورێکی سەرکەوتوون، یەکێک لەو دڵخۆشییانەی هەستم پێکرد بوونی ئەو نەوە نوێیەی منداڵەکانمانە لەوێ، کە بایەخیان زیاتر بە خوێندن و بروانامە و زانست و فێربوونە ، لەپالێدا کارکردنیش ،هەروەها شارەزایی و تێکەڵبوون و تێگەیشتنیشیانە بە کلتورو یاسا وژیانکردنی ئەو ووڵاتەی تیایدا دەژین، لە هەمانکاتدا قسەکردنیان بە کوردییەکی باش وهەوڵدانیان بۆ فێربوونی زیاترو شانازیکردنیشیان بە رەچەڵەک و کوردبونی خۆیانەوە کە هەمیشە دەیانەوێت زیاتر بزانن و زۆرتر ببینن لەو بارەیەوە ؛ بۆیە پێیان خۆشە بێنەوە بۆ کوردستان و لەنزیکەوە تێکەڵیی و واقعەکە ببینن.
سمینارێکم لە شاری کۆلن
١٦/٧/٢٠٢٢ دووەم سمینارم لە شاری کۆلن ئەنجامدا ، ماوەی سمینارەکە دوو کاژێری خایاند ٥-٧ بەکاتی ئەوروپا، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری ژنان وپیاوان ،سمینارەکە لە لایەن رێکخراوی ئامێزەوە رێکخرابوو، خاتوو خەندە بەرپرسی رێکخراوەکە وهاورێکانی ئەرکێکی زۆریان کێشا بوو بۆ ئامادەسازی سمینارەکە؛ بۆیە سوپاس و رێزم بۆیان هەیە ، جگە لە سوپاسی زۆرم بۆ بەرێز جەمال حاجی کە ئەرکی کێشا سمینارەکەی بەڕێوە برد، لەژێر ناوی “دیدارێک لەگەڵ نوسەر کنێر عەبدوڵا” ، گفتوگۆو ئاڵۆگۆری ئەزمونەکان گۆرانەوە و زۆربەی راکان پێیان وابوو “کێشەی ژنان جیهانییە و گرفتی ژنانی پەنابەریش بەجیاواز لە ژنانی ئەڵمانیا ؛بریتییە لە پێکدادان و جیاوازی کلتوری ؛ بەشێوەیەک هەندێ پیاو ناتوانێ تێگەیشتنی بۆ گۆڕانکاری و واقعی سستمی ئەڵمانیا هەبێت و هەروەک چۆن هەندێک لە ژنانیش کاتێک دەبنە خاوەن دارایی سەربەخۆ و سستمێک کە ژن تیایدا ئەولەویەتی پێدەدرێت وکاتێک هۆشیاری لەگەڵدا نەبێت بێگومان کاردانەوەکان قورس و نەرێنی دەکەوێتەوە”. لە سمینارەکەدا ئاشنابووم بە کەسایەتی جیاوازو هەمەڕەنگ کە بەهاتن وبەشداربونیان بێگومان باسەکەیان دەوڵەمەندتر و فروانتر و بەسوودتر کرد. پاش سمینارەکە لە لایەن رێکخراوەکەوە خەڵاتکرام و منیش توانیم هەندێ لە کتێبەکانم لەرێی خاتوو خەندەوە پێشکەش بە رێکخراوەکەیان بکەم.
.رۆژی ١٧/٧ لە ستۆدیۆیەکی تایبەت بە ستێرک تیڤی لە شاری کۆلن بەرنامەیەکی دووکاژێریمان تۆمار کرد کە بەرێز جمال حاجی ئەرک و ماندبونی زۆریان کێشا بۆ سازکردنی بەرنامەکە کە تایبەت بوو بە “مێژووی کارکردنی ژنان لە باشوری کوردستان” هەروەها باسکردنی کاری رێکخراوەکانی ژنان و رؤڵی یەکێتی ژنانی کوردستان وهەروەها تیشکخستنەسەر بەشێک لە ناوەڕۆکی کتێبەکانم. جێی ئاماژەپێکردنە کە شاری کۆلن بە چوارەم شاری ئەڵمانیا دادەنرێت ،ویەکێکە لە جوانترین ناوچەی گەشتیاری کە دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری بۆن و دوسلدۆرفەوە.
گەشتێک نزیک پردی عاشقان
گەشتێکی ناو ئاو بە یەخت لایەنێکی تری گەشتەکەم بوو کە پێکەوە لەگەڵ هاوڕێی ئازیزم زریان عمر لەناکاو بریارمان لێدا وجێبەجێمان کرد ؛ کاتێک پیاسەمان دەکرد بەنێو شەقامەکانی کۆلن و باسکردن لە مێژوی ئەو ووڵاتە ،و رۆشتنمان بەرەو دەریا کە تا چاو بڕی دەکرد ئاوێکی بێگەردو شینباوی جوان و شەپۆلی ئەدا ،لە بەشێکی دیمەنەکەدا چاومان کەوت بە پردی ناوبراو بە قفڵەکانی خۆشەویستی Hohenzollern Bridge وبە پردی هوهنزولرن ناویلێنراوە پردێک کە بەدەگمەن شوێن مابێتەوە بۆ قفڵی تر گەر بتەوێت داینێیت، چونکە پراوپرە لەو قفڵە هەڵواسراوانەی کە لەلایەن هاوسەر و خۆشەویستانەوە دانراون ؛وەک گوزارشتکردنێک بە پابەندبونیان بەو رێکەوتنەی لە نێوانیاندا بوە بەشێوەیەک ناو ومێژووکەیان لەسەری هەڵئەکۆڵرێت وپاشان بە سیاجی پردەکە هەڵئەواسرێت و پاش ئەوەش کلیلەکەی فڕی دەدرێتەوە ناو روبارەکەوە ؛ ئەوەش وەک یادکردنەوەیەک گوزارشتی لێدەکرێت لە شوێنەدا، بیرۆکەی قفڵەکە لەوەوە هاتووە ، کە کاتێک دوو خۆشەویست یان دوو عاشق بەڵێن بە یەکتری دەدەن تا ئەبەد یەکتریان خۆشبوێت وبە قفڵەکانی دڵیان و فڕێدانی کلیلەکەی بۆ ناو دەریاکە ،باوەڕیان وایە خۆشەویستی هەتاهەتاییان بۆ یەکتری دەبێت وبەو شێوەیە دەمێننەوە، هەر لەمیانەی گەشتەکەماندا چاوم کەوت بە مۆزەخانەیەکی تایبەت بەناوی شوکولاتە Inhofe chocolate museum کە لە شێوەی بەلەمێکی شوشەیی دروستکراوە ، لەسەر روباری راین و دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای ئەڵمانیاوە، ئەم مۆزەخانەیە ساڵی ١٩٩٣ کراوەتەوە ویەکێکە لە گەورەترین دە مۆزەخانەکانی کە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکات ؛ بەتایبەت ئەوانەی عاشقی شوکولاتەن، چونکە هەموو بەشێکی باس لە مێژووی جۆرەکان و چۆنێتی دروستکردنی شوکولاتە جۆربەجۆرەکان دەکات کە دەتوانیت تامی هەریەکەیان بکەیت.، بەداخەوە کە نەمانتوانی لە ناوەوە بیبینین.
بەداخەوە ئەو کاتەی دامنابوو لە کۆڵن بمێنمەوە نەمتوانی؛ چونکە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە بانگێشتکرام تا لە برۆکسلەوە بڕۆین بۆ سویسرا/ شاری لۆزان، بۆیە زووتر لەوێ بەڕێکەوتم بۆ ووڵاتی بەلجیکا/ شاری برۆکسل.