کنێر عەبدوڵا
لە برۆکسلەوە بۆ شاری لۆزان
رۆژی ٢٣/٧ لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیانی کەنەکە و چەند کەسایەتییەک بەڕێکەوتین بۆ شاری لۆزان، ئامانج لە سەردانەکە بەشداریکردن بوو لە کۆنفرانسێک کە لەلایەن کەنەکەوە رێکخرابوو ؛بەمەبەستی خۆئامادەکردن و راوێژکردن بۆ یادی ١٠٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر پەیماننامەی لۆزان کە جگە لە مەینەتی و پارچە پارچە بوون وپەرتەوازەیی بۆ کورد هیچی تر نەبوو ، رۆژی ٢٤/ ٧ هاوکات بوو لەگەڵ ٩٩ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مۆرکردنی پەیمانننامەکە لە هەمان هۆڵدا، بەدرێژایی چونمان بەرەو بۆنەکە کە ماوەی ١٠ کاژێر بەرێگەوە بووین ؛ وەک خەونێک وا بوو ، هەستی خۆشی و ناخۆشی ئاوێزانی یەکتر بوون لە ناخمدا ؛ بۆیە بەگشتی وەک رۆژێکی مێژوویی ناوزەندمان دەکرد.
تاکە رێکخراوی ژنان گەیشتە شاری لۆزان
رۆژی ٢٤/٧/٢٠٢٢ کات ٩:٣٠ بەیانی گەیشتینە بەردەم هۆڵەکە، ئەو هۆڵەی تیایدا گفتوگۆو بڕیار لە چارەنوسی گەلی کورد وکوردستان درا ،بێ ئامادەگیی خۆی و بێ ئیرادەی خۆی پارچە پارچە کرا، بەشداری زیاد لە ٢٠٠ کەس لە کەسایەتی ورۆشنبیرو حزب ورێکخراوی جیاجیای کوردستان بەگشتی کە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد ؛جێی سەرسامیی وتێڕامان بوو لە هەمان هۆڵ و شاردا، بەشداربونیشم بە خوێندنەوەی وتاری رێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا رۆژێکی مێژوویی وجێی دڵخۆشی وشانازی بوو کە ؛وەک یەکەم رێکخراوی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەشداربوین..