ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنە یاریزانێكی هەڵەبجەیی سەرپەرشتی خولی تۆپی بالەی كوران دەكات

ژنانی هەڵەبجە جگە لە كایە ئیدارییەكان، لە بواری وەرزشیشدا پێشەنگن، لە نوێترین دەستكەوتیشدا ژنێك وەك سەرۆكی تیپی بالەی هەڵەبجە دەستبەكاربووە و لە ئێستادا سەرپەرشتیاری خولێكی تیپی بالەی كورانە.
ژنە وەرزشكار پەیمان زەینەدین جەمیل كۆلێجی وەرزشی زانكۆی هەڵەبجەی تەواو كردووە ‌و ماوەی ١٩ ساڵە یاریزانی بالەیە، چەندین خولی ڕاهێنەرایەتی بینیوە، ئەو وەزشوانە لە ئێستادا سكرتێری یانەی سیروانی هەڵەبجەیە و وەك سەرۆكی تیپی بالەی هەڵەبجەش دەستبەكاربووە. تیپی بالەی كچانی سیروانی هەڵەبجە كە ماوەی مانگ و نیوێكە دروستبووە و بیرۆكەی دروستبوونی ئەم تیپە لەلایەن (پەیمان زەینەدین)ەوە بووە وەك سكرتێری یانەی سیروانی هەڵەبجە.
وەرزشكار پەیمان زەینەدین لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ تۆڕی میدیای تەوار باسی لەوەكرد، خۆبەخشانە كۆمەڵێك یاریزانی تازە پێگەشیتوویان لە یاری بالەدا پێشخستووە، كە سەرجەمیان خۆبەخشن. هەروەها دەشڵێت” ئامانجمان ئەوەیە وەرزشی ژنان لە هەڵبجەدا بەرە و نەمان نەچێت و هەوڵ بۆ پێگەیاندیانی یاریزانی نوێ‌ دەدەین تا لە داهاتوودا بتوانن زیاتر خزمەت بە وەرزشی شارەكە بكەن و لە خول و پاڵەوانیەتییەكاندا بەشداری بكەن”.
خاتوو پەیمان باسی لەوەكرد كە ماوەی ١٢ ساڵ یاریزانی یانەی سیروانی هەڵەبجە بووە، لە كۆتا یاری ساڵی ٢٠٢١ لە خولی عێراق لەگەڵ هەندێك لە هاوڕێكانی وازیان لە وەرزش هێناوە، بەڵام كاتێك هەڵبژاردنی یانەی سیروان دەستیپێكرد داوایان لێكردووەكە خۆی كاندید بكات بۆ دەستەی كارگێری یانەكە.
هەروەها پەیمان خان ووتی” لەبەرئەوەی زۆر حەزم لە یاری و وەرزش بوو وەبیرم دەكردەوە ئەم یانەیە تاكە شوێنە تێدا بتوانم تیپێكی باش بۆ كچانی وەرزشكار دروستبكەم و توانیشم دروستی بكەم و لەگەڵ یاریزانە دێرنەكانی هاورێم دەستمان كرد بە كۆكردنەوە و پاڵپشتی ژنانی یاریزانی هەڵەبجە و بۆمان دەركەوت كە كچانی هەڵەبجە تەنها پاڵپشتییەكی بچوكیان دەوێت. بۆیە بڕیارماندا بە ‌زووترین كات تیپەكە دروستبكەین و وەك سەرۆكی تیپەكە دەستبەكار بووم”.
دەربارەی گرفتەكانی كچانی وەرزشكاری هەڵەبجە پەیمان ووتی” گرفتی سەرەكی ئێمە نەبوونی یاریگا یان هۆڵی داخراوە بۆ كاتی ڕاهێنان. هەروەها نەبوونی سپۆنسەر وایكردووە یاریزان خۆیان كاڵە و پێداویستی وەرزشی بۆ خۆیان بكڕن، لە كاتێكدا یانەكانی دەوروبەری سلێمانی و هەولێر هەموویان یارمەتی دەدرێن و پاڵپشتی ماددی دەكرێن”. پەیمان خان هیوای دەخوازێت هاوكاری و پاڵپشتی كچانی وەرزشكاری هەڵبجە بكرێت.
ئەم خانمە وەرزشكارە بەهۆی باوەربوونی بەوەرزش و تواناكانی خۆی ماوەی هەفتەیەكیشە سەرپەرشتیاری خولێكی بالەی كوران دەكات و خۆی بەخۆشحال دەزانێ كە توانیویەتی بۆشاییەك لە بواری وەرزش پربكاتەوە.
میهری / هەڵەبجە

هاوشێوە

ڤیدیۆ